رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان پایتەختی ویلایەتی هیراتی کۆنترۆڵکرد، فەرماندە ئیسماعیل خان، فەرماندەی پێشووی ئەفغانستانی و کەسایەتیی دیاری ویلایەتی هیرات، ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ ژمارەیەک لە چەکدارانی دەستگیرکران.
فەرماندە ئیسماعیل خان، کە لە ئەفغانستان بە "شێرەکەی هیرات" ناسرابوو، مانگێک زیاتر بوو لەگەڵ هێزەکەی بەناوی "شێرەکانی هیرات"، شەڕی تاڵیبانی دەکرد و بەرگری لە هیرات دەکرد.
بزووتنەوەی تاڵیبان هەواڵی خۆڕادەستکردنی ئیسماعیل خانی بە چەکدارانی بزووتنەوەکە پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند خان، "سەلامەتە و دەگەڕێندرێتەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی".
ئیسماعیل خان، یەکێک بوو لەو سەرکردە دیارە سەربازییانەی ئەفغانستان کە لە نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە بەشداری چەندین جەنگی دژ بە تاڵیبان کردووە. لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو لە شەڕی ناوخۆ دژ بە تاڵیبان شەڕی کرد، لە 2001 هێزەکەی خان هێزێکی کاریگەر بوون، کە هاوکاری ئەمریکیان کرد دژ بە تاڵیبان
ماوەی مانگێکیشە لەگەڵ چەکدارەکانیدا بەرگری لە هیرات دەکات، بەڵام ئێوارەی پێنجشەممە شارەکەیان بەجێهێشت و تاڵیبانیش ئەو ویلایەتەی کۆنترۆڵکرد. چەند سەرچاوەیەک دەڵێن، ئیسماعیل خان خۆی رادەستکردووە، بەو پێیەی تاڵیبان بەڵێنی داوە سزای ئەو کەسانە نەدات کە خۆیان رادەست دەکەن.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش ڤیدیۆیەک بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا رۆژنامەڤانێک قسە لەگەڵ خان دەکات لەوکاتەی خۆی رادەست کردووە، ئەویش دەڵێت: "هیوادارم دوای ئەم قۆناخە ئەفغانستان ئاسایشی بۆ بگەڕێتەوە".
هێزەکەی ئیسماعیل خان مانگێک زیاترە شەڕ دەکەن، بەهۆی گرتنی رێگەکانەوە لەلایەن تاڵیبانەوە حکومەتی ئەفغانستان و سوپا نەیاندەتوانی هێزی پشتیوانی بۆ شارەکە بنێرن.
خان لە سەرەتاکانی نەوەدەکانیشدا بەشداری لە شەڕی ناوخۆی ئەفغانستان کردووە و لەو هێزانە بووە کە دژی تاڵیبان شەڕیان دەکرد. کەسێکی نزیک بووە لە سەرکردەکانی پێشووی ئەفغانستان وەک ئەحمەد شا مەسعود و بوڕهانەددین رەبانی.
دواتر لە ساڵی 1995 ناچار بووە لەگەڵ 8000 سەرباز بەرەو ئێران هەڵبێت، ساڵی 1997 دووبارە گەڕایەوە ئەفغانستان و هەوڵ راپەڕینی دژ بە تاڵیبان دا، بەڵام ئەوکاتە لەلایەن تاڵیبانەوە دەستگیرکرا و خرایە زیندانەوە.. دوای دوو ساڵ لە زیندان هەڵات و تاوەکو ساڵی 2001 خۆی شاردبووەوە..
لە ساڵی 2011 کاتێک ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئەفغانستان.. ئیسماعیل خان جارێکی دیکە هێزەکانی کۆکردەوە و بووە یەکێک لەو هێزە کاریگەرانەی هاوکاریی ئەمریکای کرد لە لێدانی چەکدارانی تاڵیبان و قاعیدە.
هەر دوای جەنگیش، بووە پارێزگاری شاری هیرات و دواتریش لە حکومەتەکەی حامید کارزای لە ساڵی 2004 بووە وەزیری وزە و ئاوی ئەفغانستان و تاوەکو 2013 لە پۆستەکەی مایەوە.
لە چەند مانگی رابردووشدا جارێکی دیکە هەزاران چەکداری کۆکردەوە و چوونە بەرەی جەنگی دژ بە تاڵیبانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ