رووداو دیجیتاڵ
ئەمین ناسر، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعودی، هەڵسەنگاندنێکی وردی بۆ دۆخی ئێستای کەرتی وزەی جیهان خستەڕوو و رایگەیاند، قەیرانی ئێستا لە رووی کاریگەرییەوە لەسەر بازاڕەکانی نەوت و گازی شلەوە بە تەواوی "بێ وێنەیە" و ئاشکرای کرد، لە دەستپێکی ئەم قەیرانەوە تاوەکو ئێستا بازاڕەکانی جیهان نزیکەی سێ ملیار بەرمیل نەوتیان لەدەستداوە.
رۆژی پێنجشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2026، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتی: "ناوچەی کەنداو نزیکەی 20%ـی پێداویستیی نەوتی جیهان دابین دەکات، هەمان شتیش بۆ گازی شل راستە، بۆیە کاریگەریی هەر گرژی و قەیرانێک لەم ناوچەیەدا زۆر گەورە و سەختە"؛ ئاماژەی بەوەش کرد، پێش دەستپێکی جەنگی ئێرانیش، یەدەگی نەوتی جیهانی لە ئاستی پێویستدا نەبوو و بەراورد بە پێنج ساڵی رابردوو کەمتر بوو.
رۆژی 28ی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی و ئیسرائیل وەڵامیدانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخست.
بۆچی نرخی نەوت نەگەیشتە 200 دۆلار؟
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئارامکۆ ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای توندیی قەیرانەکە، دەرفەت هەبوو نرخی نەوتی خاو بگاتە 200 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک یان زیاتر وەکو چۆن نرخی سووتەمەنییەکانی وەک گازوایل لە 200 دۆلار تێپەڕیون و تاوەکو ئێستاش لەو ئاستەدا ماونەتەوە بەڵام سێ هۆکاری سەرەکی رێگرییان لەو تەقینەوە گەورەیە کرد:
خستنەڕووی یەدەگی نێودەوڵەتی: بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، نزیکەی 420 ملیۆن بەرمیل نەوت لە یەدەگە ستراتیژییەکان دەرهێنران و خرانە نێو بازاڕەکانەوە.
کەمکردنەوەی هاوردەی چین: پەکین رۆڵێکی ئەرێنیی بینی کاتێک لە مانگی حوزەیراندا هاوردەکردنی نەوتی دەریایی خۆی بە نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کەمکردەوە و لە 11 ملیۆن بەرمیلەوە بۆ نزیکەی پێنج تاوەکو شەش ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزاند.
هێڵی بۆریی رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوای سعودیە: سیستەمی هێڵی بۆریی ئارامکۆ رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە هێورکردنەوەی بازاڕدا گێڕا لە رێگەی گواستنەوەی رۆژانە حەوت ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەوە بۆ رۆژئاوا بەبێ ئەوەی پێویست بە دەروازە ئاوییەکان بکات.
لێکەوتەکان لەسەر ئابووری و ئاسۆی داهاتووی بازاڕ
ئەمین ناسر هۆشداریی دا لەوەی کە ئەم قەیرانە لێکەوتەی مەترسیداری لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتووەتەوە؛ چونکە ژمارەیەک وڵات تەنیا یەدەگی چەند رۆژێکیان هەبوو و بە سەختی زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و فشار لەسەر گەشەی ئابووریی سەدان ملیۆن کەس، بەتایبەت لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا.
سەبارەت بە داهاتووی بازاڕیش لە دوای کۆتاییهاتنی قەیرانەکە، سەرۆکی ئارامکۆ پێشبینی دەکات بەرهەمهێنانی نەوت لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد بکات؛ روونیکردەوە کە پێویستیی وڵاتان بە پڕکردنەوەی کۆگا و یەدەگە بەتاڵبووەکانیان، رۆژانە پێویستی بە یەک ملیۆن بەرمیلی دیکە دەبێت؛ هەربۆیە کاتێک دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات، خواستی رۆژانەی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە بڕی سێ ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاددەکات تاوەکو بتوانرێت هاوسەنگی بۆ بازاڕ و یەدەگە ستراتیژییەکان بگەڕێندرێتەوە.



