رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشی تووندی کردە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایگەیاند، تاران هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا، هاوکات ئێرانی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەواڵی ساختە لەبارەی لێدانی کەشتییەکان بڵاودەکاتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکدا لە ترووس سۆشیال رایگەیاند: "ئێران هەموو کارێک دەکات بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا. ئەوان تەنانەت هەواڵی ساختە لەبارەی لێدانی کەشتییەکان، مینڕێژکردن و هەموو شتێکی دیکە دادەتاشن، چونکە ئێستا نەوتێکی زۆر زیاتر بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕدەبێت بەراورد بە تەنانەت پێش دەستپێکردنی جەنگەکە."
ئەو گوتانەی سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدان بە گوێرەی میدیای وڵاتەکە، لە هەڵبژاردنەکانی 3ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵدا دیموکراتەکان دەتوانن نیوە زیاتری ئەندامانی کۆنگرێس ببەنەوە و پارتی کۆماری (پارتەکەی ترەمپ) شکستپێبهێنن.
سەرۆکی ئەمریکا باسی دۆخی مافەکانی مرۆڤ کرد لە ئێران و گوتی: "ئەوان بەردەوامن لە کوشتنی خۆپێشاندەران و هەر کەسێکی دیکە کە بێتە سەر رێگەیان. تەنیا دەتوانم هیوا بخوازم کە هاووڵاتییانی ئەمریکا و جیهان تێبگەن ئەوان چەندە شەڕەنگێزن؛ لە کەمتر لە حەوت مانگدا 75 هەزار خۆپێشاندەر کوژراون."
ترەمپ رەخنەی تووندی لە پارتی دیموکرات و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش گرت بەرامبەر بێدەنگبوونیان لە ئاست پێشێلکارییەکان و گوتی: "شۆکهێنەرە کە چۆن جیهان و پارتی دیموکرات وا پێشاندەدەن کە گرنگی بەم بابەتە نادەن."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دا لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران و بە شێوازێکی یەکلاکەرەوە گوتی: "ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و، هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
رۆژی 28ی شوبات، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی و ئیسرائیل وەڵامیدانەوە. لە 2ی ئاداریشەوە، تاران تەنگەی هورمزی داخست و ئەمەش بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا. رۆژێک پێش دەستپێکی جەنگ بەرمیلێک نەوت بە 72 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بە 108 دۆلاری ئەمریکییە.


