رووداو - هەولێر
ئەو گەنجە سپیپێستەی تۆمەتی کوشتنی زڕخوشکێکی و هێرشکردنە سەر مزگەوتێکی ئاراستەکراوە، لەلایەن پۆلیسەوە برایە بەردەم دادگا لە ئۆسلۆ.
فلیپ مانشاوسی تەمەن 21 ساڵ بە تۆمەتەکانی کوشتن، تیرۆر و هەوڵدان بۆ کوشتن دادگایی دەکرێت.
ئەو تۆمەتبارە بە رووخسارێکی رووشاو و شینهەڵگەڕاوەوە لەبەردەم دادوەر دەرکەوت و لە وێنەکانیشدا پێدەکەنێت.
یەکێک لەو تۆمەتانەی ئاراستەی فلیپ کراوە تەقەکردنە لە سەنتەر و مزگەوتی نووری ئیسلامی لە بایرۆمی رۆژئاوای ئۆسلۆ لە رۆژی شەممە 10-8-2019ـەدا.
کەمێک دوای تەقەکردن لەو سەنتەرە، تەرمی زڕخوشکە تەمەن 17 ساڵانەکەی فلیپ لە ماڵەکەیاندا دۆزرایەوە.
لەو کاتەی فلیپ هێرشیکردووەتە سەر ئەو مزگەوت و سەنتەرە ئیسلامییە سێ کەس لەوێ بوون. بەگوتەی ئەوان فلیپ چەندین چەکی پێبووە و بە هەڕەمەکی تەقەی کردووە.
پیاوێکی تەمەن 65 ساڵ بەناوی محەممەد رەفیق، کە خەڵکی پاکستانە و سەربازی خانەنیشینە بەبێ چەک فلیپ قۆڵبەست دەکات و چەکەکانی لێدەستێنێت، بۆ ئەوەش لە نەرویج وەک قارەمان ناودەبرێت.

لە یەکەم دەرکەوتنی لە دادگا، داواکاری گشتی داوایکردووە چوار هەفتەی دیکەی دەستبەسەرکردنی فلیپ درێژبکرێتەوە و رێگەش نەدرێ کەس سەردانی بکات و میدیاکانیش قسەی لەگەڵ بکەن.
بەگوتەی پۆلیسی ئۆسلۆ، فلیپ کەسێکی دژە کۆچبەرانە و راستڕەوێکی تووندڕەوە.



