رووداو دیجیتاڵ
هەموو ساڵێک لە شەوی 31ـی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر)، شەقام و ماڵەکانی بەشێکی زۆری جیهان بە رووناکیی کوولەکەی هەڵکۆڵراو و دەمامکی ترسناک دەڕازێنرێنەوە؛ منداڵان و گەورەکان بە جلوبەرگی تارمایی، جادووگەر و کەسایەتییە سەیرەکان دێنە سەر شەقام. هەرچەندە ئەمڕۆ وەک کەرنەڤاڵێکی بازرگانی و خۆشی سەیر دەکرێت، بەڵام هاڵۆوین ریشەیەکی مێژوویی قووڵی هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و لە باوەڕی پەیوەندیی نێوان "جیهانی زیندووان و مردووان"ـەوە سەرچاوەی گرتووە.
ناوەکەی لە چییەوە هاتووە؟
وشەی هاڵۆوین کورتکراوەی دەستەواژەی ئۆڵ هاڵۆوس ئیڤـە (All Hallows' Eve)، واتە "ئێوارەی هەموو قەشەکان."
لە زمانی ئینگلیزی هاڵۆو وشەیەکی کۆنە بۆ (قەشە).
لە سەدەی هەشتەمی زایینیدا، کەنیسەی کاسۆلیکی رۆژی یەکی تشرینی دووەمی وەک "رۆژی هەموو قەشەکان "(All Saints' Day) دیاریکرد بۆ رێزگرتن لە کەسانی پیرۆزی ئایینی کریستیانی.
شەوی پێش ئەو رۆژەش، کە دەکاتە 31ـی ئۆکتۆبەر، بە شەوێکی پیرۆز ناسرا و دواتر ناوەکەی لە All Hallows' Eveـەوە کورتکرایەوە بۆ هاڵۆوین، مەبەستی سەرەکیی کەنیسە ئەوە بوو ئەم جەژنە ئایینییە جێگەی نەریتە بتپەرستی و کۆنەکانی پێش خۆی بگرێتەوە.
چیرۆکی راستەقینەی هاڵۆوین بۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، بۆ نێو گەلانی سێڵت (کە باپیرانی دانیشتووانی ئێستای ئێرلەندا، سکۆتلەندا و بەشێکی بەریتانیا بوون). سێڵتییەکان لە شەوی 31ـی تشرینی یەکەمدا یادی فێستیڤاڵێکیان دەکردەوە بە ناوی سامهەین.
لە رۆژژمێری سێڵتییەکاندا، 31ـی ئۆکتۆبەر کۆتایی وەرزی هاوین و دروێنە بوو، سەرەتای زستان و تاریکی بوو، کە لای ئەوان وەرزی سەرما بە مەرگەوە گرێدرابوو.
باوەڕیان وابوو لەو شەوەدا سنووری نێوان جیهانی زیندووان و جیهانی مردووان نامێنێت و دەبێتە تەنکترین ئاست، بەجۆرێک رۆحی مردووان، جنۆکە و تارماییەکان دەگەڕێنەوە سەر زەوی، ئاگری کێڵگەکان دەکوژێننەوە و زیان بە بەروبووم دەگەیێنن.
بۆچی جلی ترسناک و دەمامک دەپۆشن؟
سێڵتییە کۆنەکان لەو باوەڕەدابوون کە کاتێک لە شەوی سامهەیندا لە ماڵەکانیان دەچنە دەرەوە، رەنگە رووبەڕووی ئەو رۆح و تارماییە خراپانە ببنەوە کە بە شەقامەکاندا دەسووڕێنەوە.
بۆ ئەوەی رۆحەکان نەیانناسنەوە و زیانیان پێ نەگەیێنن، خەڵکی پێستی ئاژەڵ و دەمامکی سەیر و ترسناکیان دەپۆشی تاوەکو خۆیان وەک رۆح پێشان بدەن و تارماییەکان وا بزانن ئەوانیش لە تاقمی مردووانن و بەجێیانبهێڵن.
هاوکات، لەو شەوەدا ئاگری گەورەیان لەسەر گردەکان دەکردەوە بۆ ترساندنی رۆحە شەڕەنگێزەکان و هەروەها قوربانییان پێشکەش دەکرد تاوەکو لە وەرزی سەختی زستاندا لە دەستی هێزە تاریکەکان پارێزراو بن.
لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، ئەم نەریتە گۆڕا بۆ پۆشینی جلی ترسناک وەک جادووگەر، مۆمیا، تارمایی و دواتریش کەسایەتییە ناودارەکانی نێو فیلمە سینەماییەکان.
چیرۆکی کوولەکەی داگیرساو (Jack-o'-lantern)
یەکێک لە دیارترین هێماکانی هاڵۆوین، هەڵکۆڵینی کوولەکەیە [کودیی حاجی] بە شێوازی دەموچاوێکی ترسناک و دانانی مۆمێک لە نێویدا. بنەچەی ئەم نەریتەش ئەفسانەیەکی کۆنی ئێرلەندییە بە ناوی چیرۆکی (جاکی چاوچنۆک.)
بەپێی ئەفسانەکە، پیاوێکی فێڵباز هەبوو بە ناوی جاک کە چەندین جار فێڵی لە شەیتان کردبوو؛ کاتێک جاک مرد، بەهۆی خراپەکارییەکانیەوە نە لە بەهەشت وەرگیرا و نە شەیتانیش رێگەی پێدا بچێتە دۆزەخ.
لەبری ئەوە، شەیتان پارچە خەڵووزێکی داگیرساوی پێدا تاوەکو لە تاریکیدا رێگەی پێ بدۆزێتەوە. جاکیش خەڵووزەکەی خستە نێو شێلمێکی هەڵکۆڵراو تاوەکو نەکوژێتەوە و لەو کاتەوە بە نێو جیهاندا بە سەرگەردانی دەسووڕێتەوە.
کاتێک ئێرلەندییەکان لە سەدەی نۆزدەیەمدا بە لێشاو کۆچیان کرد بەرەو ئەمریکا، بۆیان دەرکەوت لە ئەمریکای باکوور کوولەکە زۆر زیاترە و هەڵکۆڵینیشی زۆر لە شێلم ئاسانترە، هەر بۆیە کوولەکەیان کردە جێگرەوەی شێلم و ناویاننا (جاک ئۆلانتێرن) تاوەکو بە دانانی لە بەردەم دەرگەکاندا رۆحە خراپەکان دووربخەنەوە.
شیرینی کۆکردنەوە
نەریتی دەرگە لێدانی منداڵان و داواکردنی شیرینی بە رستەی "شیرینیم پێبدەن دەنا فێڵتان لێدەکەم،" لە نەریتێکی سەدەکانی نێوەڕاستەوە سەریهەڵداوە.
لەو سەردەمەدا کەسانی هەژار لە رۆژی هەموو قەشەکاندا دەچوونە بەردەم دەرگەی ماڵە دەوڵەمەندەکان و لە بەرامبەر وەرگرتنی کێک و خواردندا، نزا و دوعایان بۆ رۆحی مردووانی ئەو ماڵە دەکرد تاوەکو لە جیهانی دیکە ئارام بگرن.

