رووداو دیجیتاڵ
سەدان هەزار کەس لە سەرانسەری فەرەنسا لە دژی گرانیی بژێوی، نایەکسانی و تووندوتیژیی پۆلیس رژانە سەر شەقامەکان؛ وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەستگیرکردنی زیاتر لە 290 کەسی راگەیاند دوای ئەوەی لە پاریس و چەند شارێکی دیکە گرژی و پێکدادان لە نێوان هێزە ئەمنییەکان و بەشێک لە خۆپێشاندەران دروستبوو.
بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا، لە سێیەمین شەممەی ناڕەزایەتییەکاندا 31-10-2026، نزیکەی 320 هەزار کەس لە سەرانسەری وڵاتەکە بەشدارییان لە رێپێوانەکاندا کرد کە 70 هەزاریان لە پاریسی پایتەخت بوون.
لە بەرامبەردا، رێکخراوەکانی لاوان و سەندیکاکانی خوێندکاران رایانگەیاند، ژمارەی بەشداربووان گەیشتووەتە نزیکەی نیو ملیۆن کەس، لەنێویاندا 200 هەزار کەس تەنیا لە پاریس هاتوونەتە سەر شەقام. ئەم ژمارانە بەراورد بە شەممەی رابردوو کە تێیدا 410 هەزار کەس لە سەرانسەری وڵات خۆپێشاندانیان کردبوو، کەمبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
لە پاریس، لە کاتی گەیشتنی رێپێوانەکە بە وێستگەی کۆتایی، پێکدادانی تووند لە نێوان پۆلیس و ژمارەیەک خۆپێشاندەری دەمامکدار سەریهەڵدا؛ بەشێک لە خۆپێشاندەران بە چەکوش بەردی شەقامەکانیان دەردەهێنا و لەگەڵ بوتڵی مۆلۆتۆڤ و تەقەمەنیدا ئاراستەی پۆلیسیان دەکرد، هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ و لێدانی دار وەڵامیان دانەوە و ئۆتۆمبێلی ئاوپڕژێنیشیان لە ناوچەکە جێگیر کرد.
وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کردووە، زۆربەی رێپێوانەکان بە شێوەیەکی هێمنانە بەڕێوەچوون، بەڵام "کەسانی تووندڕۆ" لە شارەکانی بۆردۆ، تۆلۆز و مارسیلیا هەوڵیانداوە بچنە نێوەندی شارەکان بە مەبەستی تێکدان و تاڵانکاری.
لەلایەکی دیکەشەوە، دەسەڵاتدارانی خۆجێیی دەستگیرکردنی پێنج چالاکوانی راستڕۆی تووندڕۆی بەریتانییان لە نزیک بەندەری دانکێرک راگەیاند، کە لە پەخشی راستەوخۆی ئینتەرنێتدا هەڕەشەیان لە کۆچبەران دەکرد.
ئەم خۆپێشاندانانە کە بزووتنەوەی ئێلەگ زەردەکان، سەندیکاکانی کرێکاران و خوێندکاران لەخۆدەگرێت، لە رۆژانی داهاتوودا فراوانتر دەبێت؛ سەندیکاکانی خوێندکاران داوایان لە خوێندکاران کردووە رۆژانی سێشەممە و پێنجشەممە بایکۆتی خوێندن بکەن و دەرگەی زانکۆ و قوتابخانەکان دابخەن، تاوەکو لە 05-11-2026 بەشداری لە خۆپێشاندانی گەورەی کرێکاران و سەندیکاکاندا بکەن بە مەبەستی چاکسازی لە سیستمی خوێندن و باشترکردنی باری داراییان.

