ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا: چوار ملیۆن هاووڵاتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا سوود لە سیستمی پاراستنی کاتی وەردەگرن

10-06-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، نزیکەی 4 ملیۆن هاووڵاتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کە زۆربەیان هاووڵاتی ئۆکراینین ئێستا سوود لە سیستمی "پاراستنی کاتیی" یەکێتیی ئەوروپا وەردەگرن.
 
سیستمی "پاراستنی کاتی" لە ساڵی 2001 لە لایەن ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا دانرا و مەبەست لێی رێکخستنی چوونی بەلێشاوی کۆچبەران بوو بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشارەکانی سەر دامەزراوەکانی تایبەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ پەناخوازاندا. 
 
سوودەکانی ئەو سیستمە بریتین لە گەشتکردنی ئازادانە بە وڵاتانی زۆنی شینگن، رێگەدان بە کارکردن و دامەزراندنی کۆمپانیا، درێژکردنەوەی مۆڵەتی مانەوە بۆ 90 رۆژ و چەندین تایبەتمەندی دیکە.
 
ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، نزیکەی 4 ملیۆن هاووڵاتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کە بەشی زۆریان ئۆکراینین لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپادان و سوود لە سیستمی پاراستنی کاتی وەردەگرن.
 
بە گوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکان، ژمارەی ئەو کەسانە بەراورد بە ئاداری ئەمساڵ، 51 هەزار کەس زیادیکردووە.
 
پشکە گەورەکە بەر ئەڵمانیا دەکەوێت کە لە مانگی نیساندا نزیکەی 22 هەزار و 500 کەسی زیاتر چوونەتە سەر سیستمەکە و سوودیان لێ بینیوە؛ سوێد لە پلەی دووەم دێت بە نزیکەی 9 هەزار کەسی زیاتر و چیک نزیکەی 7 هەزار کەس.
 
لە بەرامبەردا، چوار وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا هەن کە تێیاندا ژمارەی هاووڵاتییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا کە سوودیان لەو سیستمە وەرگرتووە، داکشاوە. پۆڵەندا لە پلەی یەکەم دێت کە نزیکەی 5 هەزار هاووڵاتی لەو سیستمە دەرچوون، پورتوگال نزیکەی 2 هەزار و 600 کەس، ئێستۆنیا نزیکەی 2 هەزار کەس و فەرەنسا نزیکەی هەزار کەس؛ هۆکاری نەمانیان لەو سیستمە بۆ چوونە دەرەوە لەو وڵاتانە بەرەو وڵاتانی دیکەی یەکێتییەکە یان گەڕانەوەیان بۆ وڵاتی خۆیان یان نیشتەجێبوون لە وڵاتێکی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەگەڕێتەوە. 
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکو کۆتایی نیسانی ئەمساڵ، هاووڵاتییانی ئۆکراینی لە 98٪ی کۆی ئەوانەیان پێکهێناوە کە سوودیان لەو سیستمە بینیوە؛ لە 47٪یان ژنانی تەمەن 35 تاوەکو 64 ساڵانن، لە 35٪ی منداڵن و پیاوانیش لە 18٪ی سوودوەرگرانی سیستمی "پاراستی کاتیی"یان پێکهێناوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.