رووداو- واشنتن
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا راپۆرتی هەڵسەنگاندنی ساڵانەی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و جەیمس کلاپەر بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند "هەڵسەنگاندنمان بۆ هەڕەشەکانی ساڵی 2016 کردووە، ماوەی پەنجا ساڵە لە دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا کاردەم هەرگیز جیهانم بەمشێوە پڕ راسان و قەیرانی هەمەجۆرە نەبینیوە".
بەرێوەبەری دەزگای هەواڵگری ئەمریکا لە بەردەم لیژنەی کاروباری سەربازی و لیژنەی هەواڵگری کلابەر رایگەیاند، کە "هەڕەشەی تیرۆر گەورەترین هەڕەشەیە لە سەر جیهان و لەسەر ئەمریکا و لەسەر دەسەڵاتی باراک ئۆبامایش".
جەیمس کلاپەر ئاماژەی بە هەڕەشەکانی سەر ئەمریکا کرد و گوتی: "هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بۆ ئاستی نێوخۆ و ئاستی دەرەوە پۆلێنکراون، لە ئاستی نێوخۆدا هەوڵی شانە نووستووەکانی گرووپە تووندڕەوەکان گەورەترین هەڕەشەیە لەسەر ئەمریکا".

جەیمس کلاپەر
کلاپەر رایگەیاند، کە هێرشەکانی پاریس لە فەرەنسا و سان برنادینو لە ویلایەتی کالیفۆڕنیای ئەمریکا دەبێتە هۆی هاندانی کەسانی تووندڕەو وەکو گورگە تەنیاکان تاوەکو هێرش لە ناو دڵی ئەمریکا ئەنجامبدەن.
فینستن ستوارت، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگری سەربازی ئەمریکا رایگەیاند، کە لە ساڵی 2016 هێرشی زیاتر دەکرێتە سەر ئەوروپا و ئەمریکا.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "وێڕای ئەوەی کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا خاڵێکی بەهێزە، بەڵام رەنگە کاریگەری لەسەر ژێرخانی ئەمریکا هەبێت هەروەها بەهۆی هێرشی ئەلیکترۆنییەوە بەردەوام دامەزراوەکانی ئەمریکا لە بەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدان، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا داعش و رووسیا و کۆریای باکوور بە گەورەترین هەڕەشەی سەر ئەمریکا دادەنرێن".
دەربارەی داعش کلاپەر ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆربەی گرووپە تووندڕەوەکان بە تایبەتی داعش، ئەمریکا وەکو دووژمنی سەرەکی دەبینن، هەڕەشەیەکی جددیشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا .
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "داعش هەڕەشەیەکی گەورەیە، چونکە جوگرافیایەکی فراوانی لە عێراق و سووریا کۆنترۆڵکردووە، هەروەها توانایەکی بەهێز و بێپێشینەی لە بواری ئینتەرنێتدا هەیە".
سەرکردەکانی داعش پلانیان داڕشتووە بۆ خۆشاردنەوە لە ریزی کۆچبەران، بۆ ئەم مەبەستە دەیان دۆکیۆمێنتیان ساختەکردووە، تاوەکو ئەندامانی داعش لە ئەوروپاش نەناسرێنەوە.
جگە لە داعش رێکخراوی ئەلقاعیدە هەڕەشەیەکی دیکەیە لە سەر ئەمریکا، بەپێی راپۆرتەکە ریکخراوی قاعیدە لە یەمەن لە هەموو لقەکانی دیکە بە هێزترە رەوشی یەمەن لەبارە بۆ ئەوەی کە گرووپەکە بەهێزتر بێت و گەشەی خێرا بکات.
لە ئاستی وڵاتاندا دەزگای هەواڵگری ئەمریکا تەنیا رووسیا و کۆریای باکوور بە هەڕەشەی مەترسیدار لەسەر ئەمریکا دادەنێت، بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو ئێران وەکو هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا پۆلێن نەکراوە.


