رووداو دیجیتاڵ
پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئوسترالیا دژی وەرگرتنەوەی ئەو ئوسترالیانەن کە چەند ساڵێکە لە کەمپی هۆلن. چەند لایەنێکی دیکەش داوا لە حکومەتی ئوسترالیا دەکەن وردەکاریی زیاتر لەبارەی بەرنامەی وەرگرتنەوەی ئەو ئوسترالیانە لە سووریا ئاشکرا بکات.
رۆژی یەکشەممە 9ی تشرینی یەکەم پیتەر دەتن، سەرۆکی پارتی ئازادیخوازی ئوسترالیا، کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ئوسترالیایە، بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "هێشتا حکومەتی ئوسترالیا هیچ دڵنیاییەکی نەداوەتە ئوسترالییەکان، کە بە گەڕاندنەوەی کەسوکارانی چەکدارانی داعش مەترسی بۆسەر ئاسایشی ئوسترالیا دروست نابێت."
هەروەها ئەو سەرکردە ئۆپۆزیسیۆنە ئوسترالییە ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەوەی بۆ من روونە و ئەو زانیاریانەی دەیزانم و بەدەستم گەیشتووە، ئێمە [حکومەتی ئوسترالی]، ناتوانین دڵنیاییەکی ئەوتۆ بدەینە ئوسترالییەکان."
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی پارتی ئازادیخوازی ئوسترالی ئاشکرای کردووە، گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانە لە سووریاوە، مەترسی بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست دەکات.
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2022 میدیای ئوسترالیا ئاشکرای کرد، ئێستا حکومەتی ئوسترالیا سەرقاڵی دانانی نەخشەڕێگەیەکە بۆ گەڕاندنەوەی 58 هاووڵاتیی ئوسترالی کە لەنێو کەمپی هۆل و کەمپی رۆژن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا.
بەڵام وەزارەتی ناوخۆی ئوسترالیا هەر زوو وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆکی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئوسترالیای دایەوە و رایگەیاند، ئەوان لەمێژە پلانیان بۆ وەرگرتنەوەی هاووڵاتیانیان لە سووریا داڕشتووە و بەگوێرەی "هەڵسەنگاندنە ئەمنییەکانیش" ئەو بڕیارەیان داوە.
بەگوێرەی پلانەکەی حکومەتی ئوسترالیا، 16 ئافرەت و 42 منداڵی ئوسترالی لەو دوو کەمپەن و بەنیازن لە هەڵمەتێکی تایبەتدا کەسوکاری چەکدارانی داعش بگەڕێننەوە بۆ ئەو وڵاتە.
میدیای ئوسترالی باس لەوە دەکات، حکومەتی ئوسترالی گڵۆپی سەوزی بۆ وەرگرتنەوەی کەسوکاری چەکدارانی داعش هەڵکردووە، پاش ئەوەی مانگی رابردوو تیمێکی دەزگای هەواڵگریی ئاسایشی ئوسترالیا سەردانی کەمپی رۆژی کردووە کە کەوتووەتە سەر سنووری عێراق. پاشان هەڵسەنگاندن بۆ هەموو ئەو ئافرەتانە کراوە کە باکگراوند و خزم و کەسوکاریان لە ئوسترالیا كێیە.
بەرپرسانی باڵای ئۆپۆزیسیۆنی ئوسترالیا وەکو دان تێهان و سوسان لای کە سەر بە پارتی ئازادیخوازن، داوایان لە حکومەتی ئوسترالی کردووە وردەکاریی زیاتر لەبارەی پرۆسەی وەرگرتنەوەی کەسوکارانی داعش بڵاوبکەنەوە تاوەکو ئەوانیش بتوانن بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو پرۆسەیە بدەن.



