رووداو دیجیتاڵ
وێنەگرێکی کورد بە تۆمارکردنی دیمەنێکی ناوازەی ئۆتۆمبێلێک لە کوێستانەکانی باڵەکایەتی لە سنووری قەزای چۆمان، بووە براوەی خەڵاتی “باشترین وێنە” لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی مۆتۆر فیلم ئەواردز (Motor Film Awards) لە شاری لۆس ئەنجلسی ئەمریکا، بەوەش ناوی خۆی وەک یەکەم فۆتۆگرافەری کورد لە مێژووی ئەو پێشبڕکێیە نێودەوڵەتییەدا تۆمار کرد.
مستەفا حەکیم، فۆتۆگرافەری خەڵاتکراو، لە بەشی "دیمەنی شەوانە و وێنەی ئەبستراکت" (Nightscapes & Abstract) بەشدار بوو و توانی لەنێو بەشداربووانی 15 وڵاتی جیهان لەوانە بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک، بە وێنەکەی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی جیهان بەدەستبهێنێت.
شەونخوونی لە گۆمی کانی رەش
مستەفا حەکیم رۆژی 22ی تشرینی دووەمی 2026، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، وردەکاریی چۆنیەتیی تۆمارکردنی وێنەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، دیمەنەکە لە گۆمی کانی رەش لە بناری چیاکانی حەساری سەکران و بەرامبەر دۆڵی پڕژێ لە دەڤەری باڵەکایەتی گیراوە.
ئەو فۆتۆگرافەرە گوتی: “وێنەکە لە 27ـی تەممووز و لە کاتژمێر 02:00ـی شەودا گیراوە. بە تەنیا و بە هەموو کەلوپەلەکانمەوە چوومە ئەو ناوچە سەختە؛ بەهۆی تاریکیی تەواوی ناوچەکە و سەختیی کەشوهەواوە، نزیکەی چوار بۆ پێنج کاژێرم پێچوو تاوەکو توانیم بە تەکنیکی فلاش فۆتۆگرافی دیمەنەکە وەربگرم”.

دەرخستنی رێگەی کاکێشان بەبێ ژیریی دەستکرد
لەبارەی بیرۆکەی وێنەکەوە، حەکیم روونیکردەوە کە چەندین شەو لە چاوەڕوانیدا بووە تاوەکو کەشوهەوا لەوپەڕی ساماڵدا بێت، چونکە بە گوتەی ئەو، دەرکەوتنی رێگەی کاکێشان لە ئاسماندا تەنیا لە چەند شەوێکی کەم و دیاریکراوی ساڵدا بە روونی دەبینرێت و پێویستی بە دوورکەوتنەوەیە لە هەموو جۆرە رووناکییەکی دەستکرد.
مستەفا حەکیم جەختی کردەوە، کە دادوەرانی فیستیڤاڵەکە مەرجی سەرەکییان رەسەنایەتیی وێنەکە بووە و گوتی: "هیچ جۆرە ژیرییەکی دەستکردم (AI) بەکارنەهێناوە. هەموو ئەستێرەکان، رێگای کاکێشان و ئۆتۆمبێلەکە 100% راستەقینەن و تەنیا لە رووی رەنگەوە دەستکاریم کردووە؛ ئەگەر ژیریی دەستکردی تێدا بووایە، لەلایەن لێژنەی دادوەرانەوە رەتدەکرایەوە".
"ئامانجم ناساندنی سرووشتی کوردستانە بە جیهان"
سەبارەت بە پاڵنەری پشت ئەم هەوڵە، ئەو وێنەگرە ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی لە کێشانی ئەم تابلۆیە ئەوە بووە کە "وەک کوردێک بەرهەمەکەم بگاتە ئاستی جیهانی، هاوکات لە رێگەی تێکەڵکردنی ئۆتۆمبێل و شاخەکانی کوردستانەوە، جوانیی ئاسمان و سرووشتی نیشتمان بە دنیا بناسێنم".
مستەفا حەکیم کە خاوەنی ئەرشیفێکی فراوانی زیاتر لە 10 هەزار وێنەیە، باسی لەوە کرد کە ئاواتی گەورەی کردنەوەی پێشانگەیەکی تایبەتە لە کوردستان و دەرەوەی وڵات. لەبارەی پڕۆژەی داهاتووشییەوە گوتی: "دەمەوێت جارێکی دیکەش بە شەو لە سرووشتدا کار بکەم، بەڵام ئەمجارەیان بە بیرۆکەیەکی جیاوازتر؛ بە شێوەیەک ئۆتۆمبێلێکی کلاسیکی کۆن و کەسایەتییەک بە جلی کوردییەوە پێکەوە وێنە بگرم، بۆ ئەوەی مۆرکێکی رەسەنی کوردەواری بە روونی بە وێنەکەوە دیار بێت".



