رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەریتانیا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دوای بڵاوبوونەوەی "ماددەیەکی نەناسراو" لە گەورەترین هۆڵی داخراوی وڵاتەکە، هەزاران بەشداربوو کۆنسێرتێکیان چۆڵکرد.
شەوی یەکشەممە نزیکەی 12,000 کەس لە هۆڵی (کۆ-ئۆپ لایڤ) لە شاری مانچستەر لە باکووری رۆژئاوای بەریتانیا، ئامادەی کۆنسێرتەکەی دۆن تۆلیڤەر، راپەری ئەمریکی بوون.
پۆلیسی مانچستەر رایگەیاند: "بە گشتی 89 کەس نیشانەکانیان تێدا دەرکەوتووە کە پێدەچێت پەیوەندییان بە بەرکەوتن بەو ماددەیەوە هەبێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە ژنێک بۆ وەرگرتنی چارەسەر گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
تۆم هاردینگ، یاریدەدەری بەڕێوەبەری پۆلیس لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردنی سرووشتی ماددەکە، سەرچاوەکەی و هەر مەترسییەک کە پەیوەست بێت پێیەوە."
دۆن تۆلیڤەر رایگەیاند، دوای ئەو رووداوەی کە بووە هۆی گواستنەوەی کەسێک بۆ نەخۆشخانە، کۆنسێرتەکەی شەوی دووشەممەی لە لەندەنی دواخستووە.
پۆلیسی مانچستەر ئاماژەی بەوە کرد، دوای گەیشتنی "راپۆرت سەبارەت بەوەی چەند کەسێک لە نێو ئامادەبوواندا بەهۆی ماددەیەکی نەناسراوەوە تووشی کاریگەریی نەرێنی بوون"، تیمەکانی فریاگوزاری بانگهێشت کراون و لە شوێنی رووداوەکە باری "رووداوی گەورە"ی راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی هۆڵەکە کە خۆی وەک گەورەترین هۆڵی ئاهەنگ لە وڵاتەکەدا دەناسێنێت، رایگەیاند لەگەڵ پۆلیس کاردەکەن بۆ "دەستنیشانکردنی هۆکاری رووداوەکە".
خزمەتگوزاریی فریاکەوتنی تەندروستیی ناوچەکە رایگەیاند، پشکنین و هەڵسەنگاندنیان بۆ زیاتر لە 50 کەس کردووە، کە هەندێکیان باسیان لە "نیشانەکانی چاو و کۆئەندامی هەناسە" کردووە.
تۆلیڤەر کە هەفتەی رابردوو بۆ پێنج خەڵاتی گرامی بەربژێر کرا، ئێستا لە قۆناخی دووەمی گەشتە هونەرییە جیهانییەکەیدایە بە ناوی نایترەس.
تۆلیڤەر ، بەهۆی رووداوەکەی شەوی رابردووی مانچستەرەوە، کاتی کۆنسێرتەکەی لە هۆڵی (ئۆ توو) لە لەندەن دەگۆڕێت.
تۆلیڤەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام نووسیویەتی: "دڵ و نزاکانم لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەیە کە شەوی رابردوو بریندار بوون"، بەبێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.
بەشداربووانی کۆنسێرتەکە بە تۆڕی هەواڵیی بی بی سییان راگەیاندووە، خەڵکەکە "دەخنکان" و دەکۆکین، هەروەها باسیان لە "دیمەنی دڵتەزێنی" ئەو کەسانە کردووە کە بە شڵەژاوی و ترسەوە هۆڵەکەیان جێدەهێشت.
هەندێک لە ئامادەبووان رەخنەیان لە کەمیی پشکنینە ئەمنییەکانی نێو هۆڵەکە گرت، بەتایبەتی لە شارێکدا کە هێشتا برینی تەقینەوەکەی ساڵی 2017ـی هۆڵی (مانچستەر ئارینا)ـی لەسەر ماوە، کە تێیدا لە کاتی کۆنسێرتێکی ئاریانا گراندێ 22 کەس کوژران.



