لووتکەی ناتۆ لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

09-07-2024
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لووتکەی ناتۆ ئەمڕۆ (سێشەممە) لە واشنتن دی سی، پایتەختی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
هەر 32 ئەندامەکەی ناتۆ لە لووتکەکە بەشدار دەبن. لووتکەکە هاوکاتە لەگەڵ 75ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی ناتۆ لە 4ـی نیسانی 1949.
 
لە لووتکەی رێکخراوی پەیماننامەی باکووری ئاتلانتیک ناسراو بە ناتۆ، سەرکردەی وڵاتانی ئەندام گفتوگۆ لە بارەی چەند مژاری گەرم و ئاڵنگاریی جیهانی دەکەن، کە رووبەڕووی رێکخراوەکە بوونەتەوە و تاوتوێی توانای وەڵامدانەوەیان دەکرێت.
 
لە ماڵپەڕی ناتۆدا ئاماژە بەو بابەتانە کراوە کە وڵاتانی ئەندام گەنگەشەیان دەکەن؛ ئەوانیش بریتین لە:
 
بەرپەرچدانەوە و بەرگری
 
یەکێك لە بابەتە سەرەکییەکانی لووتکەکە، توانای ناتۆیە لە بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان و بەرگری لە وڵاتانی ئەندام، ئەوەش لەسەر بنەمای بڕگەی 5ـی رێکخراوەکە کە بە بڕبڕەی پشتی ناتۆ دادەنرێت و تێیدا هاتووە، هەڕەشەکردن لە ئەندامێکی ناتۆ، هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو رێکخراوەکە؛ هەر ئەندامێکی ناتۆ ببێتە قوربانی هێرشێکی چەکداری وەک هێرشکردنە سەر هەموو رێكخراوەکە تەماشا دەکرێ و دەبێت هەمووان بەرگری لێ بکەن، ئەوەش لەسەر بنەمای پرەنسیپی "یەک بۆ هەمووان و هەمووان بۆ یەک." 
 
ناتۆ لە بەرەی رۆژهەڵاتی وڵاتانی ئەندام
 
ناتۆ لە 32 ئەندام پێکهاتووە؛ تەنیا ئەمریکا و کەنەدا لە کیشوەری ئەمریکان، 30 ئەندامەکەی دیکە لە ئەورووپان، بە ئەندامبوونی فینلاند لە نیسانی 2023 کۆی سنووری هاوبەشی وڵاتانی ناتۆی لەگەڵ رووسیا بۆ 2600 کیلۆمەتر زیادکرد.
 
ئامادەیی سەربازیی ناتۆ لە بەرەی رۆژهەڵاتی ئەورووپا بەتایبەتی لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی ئۆکراینا لە شوباتی 2022، یەکێكە لە بنەما سەرەکییەکانی ناتۆ، کە بەردەوام لە هەموو لووتکەیەکدا جەختی لێدەکاتەوە.
 
لە دوای هێرشکردنە سەر ئۆکراینا، وڵاتانی ناتۆ بە گومان و نیگەرانییەوە لە هەڵوێستی رووسیا دەڕوانن و ترسیان لە دووبارەبوونەوەی هەمان سیناریۆی ئۆکراینا بۆ سەر یەکێک لە  وڵاتانی دراوسێی رووسیا هەیە.
 
لە ساڵانی رابردوودا و زیاتر لە دوای 2022ـوەوە، ناتۆ هێزی زەوینی فرەنەتەوە و کەرەستەی سەربازی پێشکەوتووی لە 8 وڵاتی بەرەی رۆژهەڵاتی رێکخراوەکە چڕکردووەتەوە، ئەوانیش بولگاریا، هەنگاریا، لاتیڤیا، لیتوانیا، پۆڵەندا، رۆمانیا، سلۆڤاکیا و لە 2023ـشەوە فینلاند.
 
هەروەها فڕۆکە و کەشتیی سەربازی لە دەریای رەش، باکوور و باشووری دەریای باڵتیک جێگیرکردووە.
 
پارەدارکردنی ناتۆ
 
ناتۆ ساڵانە سێ بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت؛ بودجەی سەربازی، بودجەی سیڤیل و بودجەی تایبەت بە "بەرنامەی وەبەرهێنانی ئەمنی"؛ کۆی ئەو سێ بودجەیە پێکەوە نزیکەی 3.6 ملیار دۆلارە، کە نزیکەی 0.3٪ لە خەرجی سەربازیی ساڵانەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ پێکدەهێنێت.
 
لە 2٪ـی بودجەی هەر ئەندامێكی ناتۆ
 
لە 2006ـدا وەزیرانی بەرگریی ناتۆ رێککەوتن لەسەر ئەوەی هەموو ئەندامێکی ناتۆ بڕی 2٪ لە کۆی بەرهەمی نیشتمانی وڵات ساڵانە بداتە رێکخراوەکە.
 
هەموو وڵاتانی ناتۆ پابەندی ئەو رێژەیە نین، بەڵکو لە 32 وڵاتەکە تاوەکو ئێستا تەنیا 11 وڵات پابەندن.
 
بە گوێرەی نوێترین خشتە کە لە شوباتی 2024ـدا بڵاوکراوەتەوە، ئەو 11 وڵاتانە بریتین لە: پۆڵەندا 3.9٪، ئەمریکا 3.5٪، یۆنان 3٪، ئێستۆنیا 2.7٪، لێتوانیا 2.5٪، فینلاند 2.5٪، رۆمانیا 2.4٪، هەنگاریا 2.4٪، لاتیڤیا 2.3٪، بەریتانیا 2.1٪ و سلۆڤاکیا 2٪.
 
21 وڵاتەکەی دیکە کەمتر لە 2٪ دەدەن، بە فەرەنسا دەستپێدەکات 1.9٪ دەدات و بە لۆکسیمبۆرگ کۆتایی دێت کە 0.7٪ـی کۆی بەرهەمی نەتەوەیی دەداتە ناتۆ.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.