رووداو- هەولێر
سەرکردەکانی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی هاریکاریی شانگهای داوا دەکەن مامەڵە بازرگانییەکانیان بە دراوی نیشتمانی بێت و دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی دۆلار.
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، "ئەوەی کە بووەتە هۆکار بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی رۆژئاوا، سەپاندنی دۆلار بووە. لەبەر ئەوە هەر چەشنە هەوڵدانێک بۆ دروستکردنی سیستمێکی دادوەرانەی نێودەوڵەتی، پێویستی بە لادانی ئەو ئامرازەی خۆسەپاندنە هەیە".
رێکخراوی هاریکاریی شانگهای لە رووی جوگرافییەوە گەورەترین رێخکراوی ناوچەیی جیهانە. 40٪ی دانیشتووانی جیهان و 20٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆی جیهان پێکدەهێنن. هاوچەشنی ئێران، رووسیا و چین رایانگەیاندووە لە مامەڵە بازرگانییەکانیاندا کار بە دراوی نیشتمانیی خۆیان، رووبڵ و یوان دەکەن.
رێکخراوی هاریکاریی شانگهای لە ساڵی 2001 کاتێك دامەزرا، قەبارەی بازرگانیی نێوان ئەندامانی 667 ملیار دۆلار بوو، بەڵام ئێستا بەرزبووەتەوە بۆ 6 تریلیۆن دۆلار.
ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا گوتی، "مەترسیی سەرهەڵدانی قەیرانی جیهانی، ئابووری و دارایی لەبەر کۆنترۆڵنەکردنی قەبارەی قەرزی وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان و زیادبوونی هەژاری و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی زیاد بووە."
لە ساڵی 2022دا بەبڕی 25.3 تریلیۆن دۆلار بازرگانی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا.90٪ی کۆی بازرگانی جیهان بە دۆلار و یۆرۆ بووە.


