رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ کیلۆیەک پەتاتە لە بازاڕەکاندا بە 1500 دینار دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان. هەروەها کیلۆیەک شووتی بەرز بووەتەوە بۆ 1000 دینار. بەرپرسانی عەلوەکان دەڵێن، کەمبوونەوەی بەرهەمی نێوخۆ و قەدەخەی هاوردەکردن هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخە.
رەجەب حاجی عەزیز، سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 22-09-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی شووتی بەرز بووەتەوە، لە عەلوە بە کۆ کیلۆی 650 دینارە، لە کاتێکدا مانگێک پێش ئێستا 300 دینار بوو".
لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی شووتی بە کۆ لە عەلوەکان، ئەمڕۆ لە بازاڕەکاندا کیلۆی بەرز بووەتەوە بۆ 1000 دینار.
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر گوتی: "شووتی نێوخۆ کەم بووەتەوە و ئەوەی هەیە شووتی شارەزوورە، چونکە هاوردەکردنیشی قەدەخە کراوە نرخی بەرز بووەتەوە".
رەجەب حاجی عەزیز ئاماژەی بە نرخی پەتاتە کرد و گوتی: "ئەمڕۆ کیلۆیەک پەتاتە بە کۆ بە هەزار دینارە، ئەوەشی هەیە لە کۆگەکان هەڵگیراوە و بەرهەمی نێوخۆ نەماوە و هاوردەکردنیشی قەدەخەیە، ئەوەش هۆکاری بەرزبوونەوەیەتی".
مانگێک لەمەوبەر کیلۆیەک پەتاتە لە عەلوەکان بە 250 بۆ 300 دینار بوو، لە بازاڕەکانیشدا 500 دینار، ئەمڕۆ کیلۆیەکی بە هەزار و 500 دینار دەگاتە هاووڵاتییان.
سەروەر عەلی، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کیلۆیەک شووتی بەرز بووەتەوە بۆ 650 دینار و پەتاتە 900 دینارە، بەڵام پەتاتە زیاتریش بەرز دەبێتەوە".
سەروەر عەلی گوتیشی: "پەتاتە جگە لەوەی هەرێمی کوردستان قەدەخەی خستووەتە سەر هاوردەکردنی، ئێران خۆیشی هەناردەی قەدەخە کردووە".
لە هەرێمی کوردستان دوو وەزری کۆکردنەوەی پەتاتە هەیە، ئەویش سەرەتای وەرزی هاوین و کۆتاییەکانی وەرزی پایز، لە کاتی پێگەیشتنی پەتاتەدا، هاوردەکردنی قەدەخە دەکرێت.



.jpg&w=3840&q=75)