سوێد بۆ بەئەندامبوون لە ناتۆ چاوەڕێی 10ی ئەم مانگەیە

08-07-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
ئاڵای سوێد و ناتۆ
ئاڵای سوێد و ناتۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

شاندی سوێد و تورکیا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ، لە بارەگای هاوپەیمانێتییەکە لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا کۆبوونەوە. ئامانجەکە تێگەیشتنێکی بەرایی بوو لە خواستی تورکیا لە رێگەدانی سوێد بۆ چوونە نێو ناتۆ؛ ئەوەش پێش لوتکەی 10ی ئەم مانگەی سەرۆکانی ناتۆ لە لیتوانیا.

سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی ئەو خواستەوە گوتی، ئەوان بڕیارێک دەدەن لە بەرژەوەندیی تورکیادا بێت. رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "رۆژی سێشەممە لە لوتکەی سەرۆکان لە ڤیلنیوس، هەموو نیگەرانییەکانمان دەخەینە بەرچاوی هاوپەیمانانمان لە هاوپەیمانێتییەکە. بە ویستی خودا، باشترین بڕیار بۆ وڵات، نەتەوە و ئاسایشمان دەردەکرێت."
 
بەربەستی بەردەم بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ، ئەو کوردانەن کە چالاکیی پەیوەندیدار بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە سوێد دەکەن و هاریکاریی داراییان بۆ کۆدەکەنەوە. ساڵێک زیاترە ئەنقەرە داوا لە ستۆکهۆڵم دەکات، رێگەیان لێبگرێت. وەک سوێدیش باسی دەکات، گوێڕایەڵ بوون.
 
تۆبیاس بیڵسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد گوتی، "پێموایە وەڵامی ئەرێنیی تورکیا لەبارەی پەسندکردنی سوێد لە ناتۆ، بەدڵنیاییەوە ئەگەری هەیە، پێش لووتکەی ڤیلنووس. پێش هەموو شتێک ئێمە پابەندییەکانمان لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی مەدرید، بەجیدی وەردەگرین و بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگەش مێژوویی بوو، لەبەرئەوەی ئەندامێکی پەکەکە بەهۆی چالاکییەکانییەوە سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا و ئەمەش بەو واتایەی ئەو کەسە چوار ساڵ و نیو زیندانی دەکرێت و دواتریش لە سوێد دەردەکرێت، ئەوە پیشانی دەدات کە ئێمە ئاسایشی ئەوانە بە جیدی وەردەگرین، کە بەرامبەر چالاکییەکانی پەکەکە نیگەرانن".
 
بەرپرسانی تورکیا دەڵێن، هەرچەندە سوێد یاسای دژ بە پەکەکە و فەتۆ و گرووپەکانی نزیکیانی دەرکردووە، بەڵام تەنیا بە جێبەجێکردنی کردارییان، نیگەرانییەکانیان دەڕەوێتەوە، بۆیە دیار نییە ئەردۆغان لەگەڵ خۆیدا مژدەی بەئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ دەباتە لیتوانیا یان کۆمەڵێک مەرج و بەربەستی دیکە لەبەردەم خەونەکەی ستۆکهۆڵم دادەنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.