رووداو- هەولێر
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای بەسەر چوار کەسایەتیی عێراقی سەپاند کە بەگوتەی خۆی، مافەکانی مرۆڤیان پێشێلکردووە و گەندەڵییان ئەنجامداوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا هاتووە، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهل حەق، پاڵپشتیکراو لە لایەن ئێرانەوە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019دا چەکدارە میلیشیاکانی لە چەندین شاری عێراق تەقەیان لە خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان کرد.
لەیس خەزعەلی برای قەیس خەزعەلی، بەرپرس لە عەسائیب ئەهل حەق و ئەندامی لیژنەیەکی سەر بە فەیلەقی قودس سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بووە کە تووندوتیژیی کوشندەیان دژی خەڵک ئەنجامداوە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو خەڵکدا.
حوسێن فالح، بەرپرسی دەزگای ئەمنیی حەشدی شەعبی، لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیدەکرێت و بەرپرس لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی 2019ی عێراق و ئەندامی لیژنەی سەر بە سوپای پاسداران کە تووندوتیژیی کووشندەیان دژی خەڵک ئەنجامداوە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو خەڵکدا. هەروەها فەرمانی کوشتن و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی لە بەغدا دەرکردووە، بەرپرس بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ.
خەمیس خەنجەر، سەرۆکی میحوەری نیشتمانی و بازرگانێكی ملیۆنێرە، بەهۆی سامانەکەیەوە دەسەڵاتێكی زۆری هەبووە و بەرتیلی داوەتەوە بەرپرسانی حکومەتی عێراق و گەندەڵیی کردووە و سامانەکەیشی بۆ بەرژەوەندیی کەسی بەکارهێناوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە: دەرکردنی ئەو سزایانە لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیی تایبەت بە لێپێچینەوە لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەرکراون و مەبەست لێی پاراستنی سیستمی دارایی ئەمریکایە لە هەڕەشەی ئەو جۆرە کەسایەتییانە.


