رووداو دیجیتاڵ
فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا 39 هەزار و 646 کەس بۆ یەکەمجار داوای مافی پەنابەرییان کردووە، لەو ژمارەیەش 24 هەزار و 308 کەسیان هیچ بەڵگەنامەیەکییان پێ نەبووە.
گوتەبێژێکی فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا نوێترین ئاماری پەناخوازانی بۆ کەهی مەحموود، ئێدیتۆری دێسکی نێودەوڵەتیی لە بەشی ئینتەیکی تۆڕی میدیایی رووداو ناردووە. ئەو فەرمانگەیە رایگەیاندووە، هەرچەندە هێشتا ئامارە نوێیەکانی ئەم ساڵ بە فەرمی بڵاونەکراونەتەوە، بەڵام ئەم زانیارییانەیان بە تایبەت بۆ رووداو ناردووە.
فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو پەناخوازانەی لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دەگەن، هەندێک جار پشکنینی زمانەوانییان بۆ دەکرێ، بەڵام دیاریکردنی ئەوەی کامیان کوردە کارێکی "زۆر ئەستەمە".
بەپێی ئامارەکانی ئەو فەرمانگەیە، لەنێوان کانوونی دووەم و حوزەیرانی 2026ـدا 39 هەزار و 646 کەس بۆ یەکەمجار داوای مافی پەنابەرییان کردووە. لەو ژمارەیە تەنیا 15 هەزار و 338 کەسیان ناسنامەی فەرمییان پێ بووە و 24 هەزار و 308 کەسیش بێ بەڵگەنامە بوون.
فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەرانی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کردووە، نەبوونی بەڵگەنامە کاریگەری لەسەر مافی پەنابەری نابێت و دەڵێ: "دەکرێ نەبوونی بەڵگەنامەی نووسراو بەهۆی چەندین هۆکارەوە بێت. لە بنەڕەتیشدا ئەمە هیچ شتێک لەبارەی مافی کەسەکە بۆ پاراستن دەرناخات."
سەبارەت بە هۆکاری نەبوونی ناسنامە، گوتەبێژی فەرمانگەکە روونی کردەوە، چەندین هۆکار هەن و یەکێک لەوانە ئەوەیە کە پەناخواز لە رێگەی کۆچدا ونی کردووە.
فەرمانگەی فیدراڵیی کۆچ و پەنابەران روونی دەکاتەوە، هەمیشە ئەو چیرۆکەی پەناخوازەکە بۆ هۆکاری هاتنی بۆ ئەڵمانیا دەیگێڕێتەوە، دەبێتە بنەمای هەڵسەنگاندن؛ هەروەها هەموو پەناخوازانیش دەبێ بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەکەیان هاوکار بن.
ئەو فەرمانگەیەی ئەڵمانیا رایگەیاند، بە چەند رێکارێکی تەکنیکی دەتوانن ناسنامەی ئەو پەناخوازانە دیاری بکەن و گوتی، "بۆ ئاشکراکردنی ناسنامە و رەچەڵەکی پەناخوازانی بێ بەڵگەنامە، پشت بە پشکنینی زمانەوانی دەبەستین."



