رووداو دیجیتاڵ
رکابەری نێوان ئەمریکا و چین لە کەرتی تەکنۆلۆژیا گەیشتە وڵاتی میسر.
ئەوەش دوای ئەوەی کۆمپانیای هواوی چین پێشنیازێکی پێشکەش بە حکومەتی میسر کردووە بۆ
بونیاتنانی سەنتەری داتاکانی تایبەت بە ژیریی دەستکرد.
بەگوێرەی پێشنیازەکەی هواوی کە لە 26ی ئابی 2026 پێشکەشکراوە، کۆمپانیاکە
ئامادەیی نیشانداوە 2,008 چیپی ژیریی دەستکرد لە جۆری (Ascend) بۆ میسر دابین بکات، کە 1,408 دانەیان
لە نوێترین جۆری (Ascend 950)ـن و بۆ راهێنانی
ژیریی دەستکرد بەکاردێن، لەگەڵ 600 چیپی دیکە کە لە بوارەکانی دیکەی ژیری دەستکرد
بەکاردێن.
هواوی رایگەیاندووە دەتوانێت لە ماوەی 12 مانگدا پڕۆژەکە جێبەجێ بکات،
کە بوارەکانی حکومی، سەربازی و سیستمی چاودێری دەگرێتەوە.
لە بەرامبەردا و دوای ئاشکرابوونی ئەم هەنگاوەی چین، وەزارەتی دەرەوەی
ئەمریکا پەیوەندی بە کۆمپانیاکانی (ئینڤیدیا، ئەی ئێم دی و مایکرۆسۆفت)ـەوە کردووە
بۆ ئەوەی پێشنیازێکی رکابەرانەی ئەمریکی بۆ میسر ئامادە بکەن.
ئەم پەرەسەندنە تەنیا چەند رۆژێک پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی شی جینپینگ،
سەرۆکی چین بۆ قاهیرە دێت، کە بڕیارە رۆژی 8ی ئەیلوول دەستپێبکات و سێ رۆژ بخایەنێت؛
ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆکی چینە بۆ میسر لە دوای ساڵی 2016ـەوە.
کاتی پێشکەشکردنی ئەم پێشنیازانە، میسری کردووەتە چەقێکی نوێی کێبڕکێی
جیهانی لە بواری ژیریی دەستکرددا. قاهیرە هەوڵدەدات سوود لە رکابەریی نێوان واشنتن
و پەکین وەربگرێت بۆ ئەوەی ژێرخانی تەکنەلۆژی و تواناکانی لە بواری ژیریی دەستکرددا
پەرەپێبدات.



