دیاکورد پەیماننامەی لۆزان دەباتە دادگە

06-07-2023
A+ A-

رووداو - هەولێر

کۆنفدراسیۆنی کوردانی دیاسپۆرا (دیاکورد) رایگەیاند، بەبۆنەی تێپەڕبوونی یەک سەدە بەسەر پەیماننامەی لۆزانەوە، "لەپێناو جێبەجێکردنی مافی پێشێڵکراوی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد" پەنا دەباتە بەر رێگەی یاسایی نێودەوڵەتی. 
 
دیاکورد، کە خۆی بە "بێلایەن لە رووی ئێتیکی، سیاسی، ئایینی و مەزهەبی" هەروەها "پارێزەری دیموکراسی، ئاشتی، ئازادی، یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی" ناودەبات، ئاماژە بەوە دەکات، دوای ئەوەی کە لە لایەن سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاوە وەڵامیان نەدراوەتەوە، پەنایان بردووەتە بەر دادگەیەکی نێودەوڵەتی. 
 
لە سەدەمین ساڵیادی پەیماننامەی لۆزاندا، دیاکورد، 2ـی ئایاری ئەمساڵ لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە "بۆ جێبەجێکردنی مافی پێشێڵکراوی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد"، هەوڵیداوە لە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیاوە پڕۆسەیەکی یاسایی دەستپێبکات. 
 
پێشتر دیاکورد روونیکردبووەوە ئەگەر لەو پڕۆسەیەدا وەڵامێکی ئەرێنی وەرنەگرن، ئەوا پەنا دەبەنە بەر رێگەی یاسایی نێودەوڵەتیی دیکە. 
 
لەسەر ئەم بابەتە، پارێزەر هشیار ئۆزلاپ بە رووداوی گوت، سەرۆکایەتیی کوماری تورکیا لە چوارچێوەی پڕۆسەی یاساییدا وەڵامی ئەوانیان نەداوەتەوە و داواکارییەکانیانی رەتکردوونەتەوە، بۆیە دیاکورد بڕیاریداوە دۆسیەکە بباتە دادگە. 
 
دیاکورد لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "پێویستە بەباشی بزانرێت کە 100 ساڵە پەیماننامەی لۆزان جگە لە ئازار، نکوڵیکردن و مەرگ، هیچی بە گەلی کورد نەداوە. ئەم دۆخە نەک تەنیا لە لایەن رێکخراوەکەمان دیاکورد، بەڵکو لە لایەن تەواوی گەلی کوردەوە قبووڵ ناکرێت. گەلی کورد پەیماننامەی لۆزان رەتدەکاتەوە و دەیەوێت مافی چارەی خۆنووسین بەکاربێنێت، بۆیە ئەم دۆسیە، دۆسیەیێکی مێژووییە. نەک تەنیا دیاکورد، بەڵام هەموو گەلی کورد خاوەنی ئەم دۆسیەیە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هەڵبەت ئێمە وەک دیاکورد، چاوەڕێی ئەوە ناکەین دادگەریی تورکیا لە بەرژەوەندیی ئێمەدا بڕیاربدات، بەڵام ئێمە داوا لە رای گشتیی نێودەوڵەتی دەکەین کە لە پاڵ تۆمارکردنی ئەم کارە ناڕەوا و نایاساییە، پشتگیریی لە داواکارییە رەواکانی گەلی کورد بکەن. دوای قۆناخی دادبینیی دادگەی باڵای دەوڵەت، ئێمە لە قۆناخی دادگەی دەستووریشدا پارێزگاری لە مافە رەواکانی گەلی کورد دەکەین. ئێمە پێشوەخت رایدەگەیێنین کە دوای ئەوەی رێوشوێنەکان لە نێوخۆی تورکیا تەواو دەکەین، دۆسیەکەمان دەگەیێنینە کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان."
 
دیاکورد لە راگەیێندراوەکەیدا بانگەواز لە هەموو پارتە سیاسییەکان، رێکخراوە سڤیل و وڵاتپارێزە سەربەخۆکان دەکات کە پشتیوانیی ئەم پرسە بکەن. 
 
پارێزەر هشیار ئۆزلاپ گوتی: "دوای دادگەی باڵا، ئێمە لە رێگەی دادگەی دەستوورییەوە، پارێزگاری لە مافە رەواکانی گەلی کورد دەکەین. وەک پێشتریش روونمانکردبووەوە، دوای تەواوبوونی رێکارە نێوخۆییەکان، دۆسیەکە دەگەیێنینە کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە