تەندروستیی جیهانی: بەهۆی "ئێل نینیۆ"وە ساڵی داهاتوو گەرمتر دەبێت

06-07-2023
تاڵیب حشمەت @Talib_Aldalaui
بەشێک لە رووباری گان لە پارێزگای جیانگشیی چین وشکبووە. وێنە: REUTERS/Thomas Peter
بەشێک لە رووباری گان لە پارێزگای جیانگشیی چین وشکبووە. وێنە: REUTERS/Thomas Peter
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەندێک شوێنی هیندستان گەرما 43 پلەی سلیزیی تێپەڕاندووە، لە بەشێکی مەکسیکیش پلەی گەرما گەیشتووەتە 50 پلەی سیلیزی، گەرمای ئەمساڵیش تاقەتپڕووکێنە. تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات و دەڵێت، بەهۆی "ئێل نینیۆ"وە ساڵی داهاتوو گەرمتر دەبێت.
 
ناوەندی نەتەوەیی ئەمریکا بۆ پێشبینیی ژینگەیی رایگەیاند، دووشەممەی ئەم هەفتەیە گەرمترین رۆژی 170 ساڵی رابردوو بووە. پلەی گەرمیی زەوی بە تێکڕا گەیشتووەتە 17.01 پلەی سلیزی.
 
زانایان دیاریدەی "ئێل نینیۆ" و زیادبوونی گازی دوانۆکسیدی کاربۆن لە هەوادا بە هۆکاری سەرەکیی ئەوە دەزانن.
 
کریس بێرلی، پڕۆفیسۆری گۆڕانی کەشوهەوا لە زانکۆی لەندەن دەڵێت، "پێشبینی دەکەین زەوی گەرمتر ببێت کاتێک ئێل نینیۆ روودەدات. ئەو ساڵەی ئێل نینیۆ روودەدات ساڵی داهاتوو گەرمتر دەبێت. وا دەردەکەوێت ئێل نینیۆکەی ئەمساڵ زۆر بەهێز بێت و ساڵی داهاتوو لە ئەمساڵ گەرمتر بێت."
 
دوو رووداوی سەرەکی دەبنە هۆی گەرمی و ساردیی زەوی؛ هەردوو رووداوەکە پەیوەستن بە پلەی گەرمیی زەریای هێمنەوە کە 162 ملیۆن و 200 هەزار کیلۆمەتر دووجایە و ئەگەر گەرم بێت دیاردەی "ئێل نینیۆ" روودەدات، کە بە واتای زۆربوونی شەپۆلی زەریاکان، زۆریی باران و دەرکەوتنی هەوری سوپەر سێڵ دێت. ئەگەریش سارد بێت، دیاردەی "لانینیا" روودەدات، کە بە واتای وشکەساڵی، سەرما، دواکەوتنی پەڵە دێت.
 
ئێل نینیۆ بریتییە لە گەرمبوون و چالاکبوونی زەریای هێمن. ئەمە لەنێوان کیشوەری ئەمریکا و ئاسیادا روودەدات. بای بازرگانی، ئاوی گەرمی کەناراوی ئەمریکا بەرەو رۆژهەڵاتی ئاسیا پاڵدەنێت و ئاوی سارد شوێنی دەگرێتەوە. ئەمەش پەستانی هەوا لە رۆژهەڵاتی ئاسیا بەرز دەکاتەوە. ئەمە کەشوهەوای زەوی دەگۆڕێت و کاریگەریی لەسەر هەموو شوێنەکانی زەوی دەبێت. لە شوێنێک لافاو دروست دەبێت و لە شوێنکی دیکەش وشکەساڵی.
 
دکتۆر هانس هێنری، بەرپرسی هەرێمیی تەندروستیی جیهانی بۆ ئەوروپا دەڵێت، "لە ئەوروپا، 1.4 ملیۆن کەس بە هۆکارە ژینگەییەکانەوە دەمرن، نیوەی ئەوە بەهۆی پیسبوونی هەواوەیەوە. گۆڕانی کەشوهەوا سێیەم کوشندەترینە لە ئەوروپا."
 
رێکخراوی کەشوهەوای جیهانی باس لەوە دەکات، لە 50 ساڵی رابردوودا 148 هەزار کەس لە ئەوروپا بەهۆی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلبانیا دەڵێت، تیکتۆک دەبێتە هۆی تووندوتیژی لە وڵاتەکەی. وێنە: Reuters

حکومەتی ئەلبانیا بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک رادەگرێت

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.