رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.0 پلەی رێختەر هەرێمی تبتی هەژاند؛ میدیای وڵاتەکە دەڵێت: لانیکەم 16 کەس گیانیان لەدەستداوە، 54 کەس بریندار بوون و سەدان ماڵیش لە شاری (ناگچۆ) لە باکووری هەرێمەکە داڕماون.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای رووپێویی جیۆلۆجیی ئەمریکا، بوومەلەرزەکە کاژێر 10:33 خولەکی شەوی پێنجشەممە بە کاتی ناوخۆ روویداوە؛ چەقی بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 18 کیلۆمەتر بووە و کەوتووەتە دووریی 191 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری ناگچۆ کە ناوچەیەکی شاخاوییە و ژمارەی دانیشتووانەکەی کەمە.
دوای بوومەلەرزە سەرەکییەکەش، لانیکەم حەوت پاشلەرزەی دیکە بە گوڕی 4.3 تاوەکو 5.2 پلە و لە قووڵایی 10 کیلۆمەتردا تۆمار کراون.
زیانەکان و هەوڵەکانی فریاگوزاری
نووسینگەی راگەیاندنی شاری ناگچۆ لە زاری بەرپرسانی حکومییەوە بڵاویکردەوە کە لانیکەم 339 ماڵ و 20 شوێنی ئاژەڵداری بە تەواوی داڕماون و تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنیش بەردەوامن لە کارەکانیان.
بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان، زیاتر لە هەزار و 600 کەس لە دانیشتووانی ناوچەکە خۆبەخشانە چوونەتە پاڵ پرۆسەی رزگارکردن. هاوکات بڕێکی زۆر لە هاوکاریی فریاگوزاری گەیشتووەتە ناوچەکە.
ئاژانسی فەرمیی (شینخوا)ی چینی رۆژی هەینی بڵاویکردەوە کە پەیوەندییەکان لە بەشێک لە ناوچەکان پچڕاون. دەسەڵاتدارانی هێڵی ئاسنیش بڕیاری بەپەلەیان دەرکردووە بۆ راگرتنی سەرجەم ئەو شەمەندەفەرانەی بە ناوچەکەدا تێپەڕ دەبن.
بۆ پاراستنی ئاسایش و خێراکردنی فریاگوزاری، زیاتر لە 300 پۆلیس و نزیکەی 350 کارمەندی تیمی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن رەوانەی ناوچەکە کراون. بەهۆی داڕمانی بەردیشەوە، دەسەڵاتداران بەشێک لە رێگەی خێرای نیشتمانیی (317)ـیان داخستووە و تەنیا رێگە بە ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و حکومی دەدەن پێیدا تێپەڕ بن تاوەکو رێگەکە پاکدەکرێتەوە.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین فەرمانی کردووە کە تەواوی هەوڵەکان بۆ پرۆسەی رزگارکردن و فریاگوزاریی پزیشکی بخرێنەگەڕ.
شاری ناگچۆ زیاتر لە 300 کیلۆمەتر لە باکووری لاسای پایتەختی تبتەوە دوورە و ئەم بوومەلەرزەیەش بە گەورەترین بوومەلەرزەی پێنج ساڵی رابردووی ناوچەکە دادەنرێت.
روودانی بوومەلەرزە لە چین دیاردەیەکی باوە؛ لە کانوونی دووەمی 2025ـدا بوومەلەرزەیەک لە شارۆچکەی تینگری لە تبت بووە هۆی گیان لەدەستدانی لانیکەم 126 کەس، لە کانوونی یەکەمی 2023ـیشدا بوومەلەرزەیەک لە پارێزگای گانسو 134 کەسی کوشت کە خوێناویترین بوومەلەرزە بوو لە دوای ساڵی 2014ـەوە. گەورەترین کارەساتی سرووشتیش لەم وڵاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2008 لە پارێزگای سیچوان، کە بەهۆیەوە 90 هەزار کەس کوژران و بێسەروشوێن بوون، لەنێویاندا نزیکەی 5 هەزار منداڵی قوتابخانە هەبوون.



