رووداو دیجیتاڵ
فڕێدانی زبڵ و خاشاک بۆ نێو ژینگە هەڕەشە لە ئاو، هەوا، خاک و تەواوی سیستمی ژینگەیی زەوی دەکات. پلاستیک پێکهێنەرێکی سەرەکیی زۆربەی ئەو خاشاکەیە کە لەسەرانسەری جیهان فڕێدەدرێت.
60 ساڵ لەمەوبەر، بەرهەمهێنانی ئەو کەرەستەیە بۆ دروستکردنی چەندین کەلوپەلی جۆراوجۆر دەستیپێکرد. بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵگەی جوگرافیی نیشتمانیی بەریتانیا، لەو کاتەوە زیاتر لە 9 ملیار تۆن پلاستیک بەرهەمهێندراوە کە 91٪ی ریسایکل نەکراوەتەوە و بووەتە بەڵا بەسەر ژینگەوە.
شیبوونەوەی بووتڵێکی پلاستیکی نزیکەی 450 ساڵی پێویستە. پلاستیک تەنیا بەشێکە لەو 2.12 ملیار تۆن خاشاکەی ساڵانە لە لایەن مرۆڤەوە دروستدەکرێت.
پاشماوەی خواردن، پاشماوەی ئەلیکترۆنی، شووشە، ماددەی کیمیایی، سووتەمەنی و ئەتۆمی لەگەڵ پلاستیک، جگە لەوەی کە سیمای شوێنەکان تێکدەدەن، هەڕەشە لە ژیانی مرۆڤ و ژینگەش دەکەن.
لە کاتی شیبوونەوەیاندا ئەو پاشماوانە دەبنەهۆی دروستبوونی بۆنێکی ناخۆش. هەروەها دەبنەهۆی دەردانی ماددەی کیمیایی ژەهراوی بۆ نێو خاک کە ئەوەش وا لە خاکەکە دەکات بێ پیت بێت و رووەکەکەی لەنێوبچێت.
ئەمە جگە لەوەی کە لە کاتی شیبوونەوە یان سووتانی ئەو پاشماوانەدا بڕێکی بەرچاوی گازە گەرمکەرەکانی وەکو دوانۆکسیدی کاربۆن و گازی میسان دروستدەبن کە وادەکەن کەشوهەوای زەوی گەرمتر بێت.
هەروەها ئەو گازانە دەبنە هۆی دروستبوونی ترشەباران و بارینی تەرزە کە هەردووکیان زیان بە کشتوکاڵ دەگەیێنن. پاشماوەکان هەروەها دەبنە هۆی پیسبوونی ئاو و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ و گیانەوەرە ئاوییەکان.
ئەمە لە پاڵ ئەوەی کە چەندین نەخۆشی وەکو مەلاریا و نەخۆشیی دیکە کە دەتوانرێت لە رێگەی مێش، مێشوولە، مشک و جرجەوە لە پاشماوەکانەوە بۆ مرۆڤ بگوازرێنەوە.



