رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان بە "تاوان"ی گەندەڵی و وەرگرتنی دیاری لەکاتی سەرۆکوەزیرانبوونی بە سێ ساڵ زیندانیکردن سزادرا، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت، سزاکە سیاسییە. تیمی پارێزەرانی عیمران خانیش دەڵێن، داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگەدا دەکەن.
رۆژی 5ی ئابی 2023، هومایون دلاوەر، دادوەر لە دادگەی باڵای ئیسلامئاباد رایگەیاند؛ عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان گەندەڵیی کردووە و دیاری وەرگرتووە لەو کاتەی سەرۆکوەزیرانی وڵات بووە، بۆیە سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
لەکاتی دادگەییکردنیدا، عیمران خان لەبەردەم دادوەر ئامادە نەبوو. بە گوێرەی پۆلیسی شاری لاهوور، عیمران خان لەلایەن پۆلیسی شارەکەوە لە ماڵەکەیدا دەستگیرکراوە، ئەوەش دوای راگەیاندنی سزاکەی.
عەتاوڵڵا تارەر، یاریدەدەری شەھباز شەریفی سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، "ئێستا زانیاریم لەبارەی دەستگیرکردنی عیمران خان بیست."
🔴ئێستا گەیشت؛ دادگەی پاکستان بەهۆی "وەرگرتنی دیاری لەو کاتەی لە پۆستەکەیدا بووە" سزای سێ ساڵ بەندکردنی بۆ عیمران خان، سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە دەرکرد pic.twitter.com/ULkmAQZAjR
— Rudaw (@Rudawkurdish) August 5, 2023
بە گوێرەی میدیای پاکستان، نزیکەی 150 کەیسی جیاواز لەسەر سەرۆکوەزیرانی پێشووی پاکستان لە نیسانی ساڵی رابردووەوە تۆمارکراون. عیمران خانیش لەبارەی کەیسەکانی دەڵێت، سزاکان سیاسیین و بۆ ئەوەن کە لە هەڵبژاردنی داهاتووی وڵات بێبەشی بکەن.
پەرلەمانی پاکستان لە 12ی ئابدا ماوەکەی تەواو دەبێت و بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتوو لە 12ی تشرینی یەکەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
تیمی پارێزەرانی عیمران خان داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکەن و یەکێک لە ئەندامانی تیمەکە رایگەیاند، "هیچ کاتمان پێ نەدرابوو بۆ وەڵامدانەوە و هێنانی شاهێدەکان."
عیمران خان، تەمەن 71 ساڵ، لە ساڵانی 2018-2022 سەرۆکوەزیرانی پاکستان بوو. ئەو دامەزرێنەر و سەرۆکی جووڵانەوەی پاکستان بۆ دادپەروەرییە.
مانگی ئایاریش، عیمران خان لەسەر کەیسێکی دیکەی گەندەڵی دەستگیرکرا و ئەوەش خۆپیشاندانی گەورەی لە پاکستاندا بەدوای خۆیدا هێنا و دواتریش ئازادکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ