رووداو دیجیتاڵ
رووسیا تۆمەتی ئەوە دەخاتە پاڵ ئۆکراینا کە لە رۆژێکدا و لە 6 جاری جیاوازدا، هێرشی کردووەتە سەر چەند دامەزراوەیەکی وزە؛ شەڕکردن لە هەرێمی کورسکیش بەردەوامە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئۆکراینا لە شارەکانی بریانسک، تامبۆڤ و لیپێتسک لە نێوەڕاست و رۆژهەڵاتی رووسیا، زیانی مادیی زۆریان بە کەرتی وزەی وڵاتەکە گەیاندووە. چەندین ماڵ لەو سێ شارە دا بە بێ کارەبا و گاز ماونەتەوە.
ئەو وەزارەتەی رووسیا رایگەیاند، هەفتەی رابردوو، هێزەکانی رووسیا هەشت گوندیان کۆنترۆڵکردووە؛ توانیویانە لە حەوت هێرشدا بە بەکارهێنانی چەکی ئامانج ورد و درۆن، پێگە سەرەکییە سەربازییەکانی ئۆکراینا بکەنە ئامانج، لەوانەش فڕۆکەخانە، پێگەی سەربازی، پیشەسازی بەرگریی ئاسمانی و دامەزراوەی درۆن.
دوێنی (هەینی، 05-04-2025) ئۆکراینا رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا بۆردوومانی شاری کریڤی ریگیان لە نێوەڕاستی وڵاتەکە کردووە و بەو هۆیەوە 18 کەس کوژراون و 56 کەسیش بریندار بوون.
دواتر رووسیا رایگەیاند، مووشەکێکیان ئاراستەی چێشتخانەیەکی ئەو شارە کردووە، کە "تێیدا فەرماندەیەکی سەربازیی ئۆکراینی و راوێژکارە رۆژئاواییەکان کۆببوونەوە."
بەرگریی رووسیا گوتی: "لە ئەنجامدا دووژمن 85 سەرباز و ئەفسەری وڵاتانی بیانی و 20 ئۆتۆمبێلی لەدەستدا."
تاوەکو ئێستا ئۆکراینا هیچی لەسەر ئەم لێدوانەی رووسیا نەگوتووە.
لەلایەکی دیکەوە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی، هێزەکانیان لە هەرێمی کورسکی رۆژئاوای رووسیا شوێنی خۆیان پاراستووە و لە شەڕکردن بەردەوامن.
سوپاسالاری ئۆکرایناش رایگەیاند، تەنیا دوێنێ 156 شەڕ و پێکدادان لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ روویانداوە و "هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا، یەکەکانی مووشەک و تۆپ، ژێرخان و سەربازی رووسیایان کردە ئامانج."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ