رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، چوونی کۆچبەری نایاسایی لە باکووری فەرەنساوە لەڕێگەی بەلەمی بچووکەوە بۆ بەریتانیا، ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد.
رۆژی یەکشەممە، سێی ئەیلوولی 2023، حکومەتی بەریتانیا ئاماری نوێی کۆچبەرانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، رۆژی شەممە، (2-9-2023) 872 کۆچبەر بە 15 بەلەمی چووپ، لە فەرەنساوە و لەرێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە، خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا، بەمەش ریکۆردی پێشوویان شکاندووە کە 10ـی مانگی رابردوو تۆمار کرابوو و لەو رۆژەدا 756 کۆچبەر بە بەلەم چووبوونە بەریتانیا.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکەی حکومەتی بەریتانیا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە 21 هەزار کۆچبەر گەیشتوونەتە کەناراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی بەریتانیا.
سەرەڕای ئەوەی ژمارەی ئەمساڵ بەراورد بە پار کەمیکردووە، بەڵام هێشتا شەپۆلی کۆچبەران لەرێگەی دەریاوە بۆ بەریتانیا کێشەیەکی گەورەیە بۆ حکومەتی ئەو وڵاتە، کە ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەکاتی دەستبەکاربوونیدا رایگەیاند، هەوڵدەدەن ئەو قەیرانە چارەسەر بکەن و "راگرتنی بەلەمەکان"ـی کردە یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی کابینەکەی.
سووناک، کە لە 25ـی تشرینی یەکەمی 2022ـوەوە دەستبەکاربوو، رایگەیاندووە ئەوەی لەڕێگەی بەلەمەوە بچێتە بەریتانیا، بە کۆچبەری نایاسایی تۆمار دەکرێت و یاساشیان پەسند کردووە، کە هەر کەسێک لەو رێگەیەوە بچێت، داوای مافی مانەوەی رەتدەکرێتەوە.
حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت هەندێک لەو کۆچبەرانە لەرێگەی بەرنامەیەکی تایبەتەوە، رەوانەی رواندا بکات، بەڵام ئێستا بەرنامەکە راگیراوە بەهۆی ئەوەی لە دادگە چەند تانەیەک لەو بڕیارە دراوە و چاوەڕێی بڕیاری دادگە دەکرێت.
لەساڵی 2018ـوە حکومەتی بەریتانیا، گەیشتنی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە تۆمار دەکات و لەو کاتەشەوە، زیاتر لە 100 هەزار کۆچبەر لەرێگەی بەلەمەوە چوونەتە بەریتانیاوە.
حکومەت هەروەها دەڵێت، بەردەوامیی هاتنی کۆچبەران، گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر سیستمی داواکردنی مافی پەنابەریێتی و ئێستا زیاتر لە 175 هەزار پەناخواز چاوەڕێی وەرگرتنەوەی وەڵامی داواکارییەکەیان دەکەن.
کەناڵی ئینگلیز بە یەکێک لە مەترسیدارترین رێگە دەریاکانی کۆچبەران دادەنرێت و بەگوێرەی ئاماری حکومەتی بەریتانیا لەساڵی 1999ـوە، 376 کۆچبەر لەو رێگەیەدا گیانیان لەدەستداوە و لە مانگی تشرینی دووەمی 2021، 31 کۆچبەر لەو ئاوەدا خنکان کە زۆربەیان هاونیشتمانی باشووری کوردستان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ