ترەمپ: بەهۆی سەپاندنی پێناسە گومرگییەکانمان، چین شڵەژاوە

04-04-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ئەمریکا پێناسی گومرگی بەسەر چیندا سەپاند و چینیش پێناسی گومرگی بە رێژەی 34% وەکو وەڵام بەسەر ئەمریکادا سەپاند؛ ترەمپ گوتی، بەرپرسانی ئەو وڵاتە شڵەژاون.
 
رۆژی هەینی 04-04-2025 چین رایگەیاند، لە وەڵامی ئەو پێناسە گومرگییەی ئەمریکا بەسەر کاڵاکانیدا سەپاندوویەتی، ئەوانیش 34% پێناسی گومرگی بەسەر کاڵا ئەمریکییەکاندا دەسەپێنن و لە هەفتەی داهاتوویشەوە بڕیارەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
ترەمپ لە وەڵامدا لە پۆستێکدا نووسی، "چین هەڵەی کرد؛ ئەوان شڵەژاون."
 
رۆژی 02-04-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێناسی گومرگی بەسەر کاڵای وڵاتاندا دەسەپێنێت. یەک لەو وڵاتانە چین بوو کە پێناسە گومرگییەکەی 34%ە، ئەمە جگە لەوەی پێشتر ئەمریکا 20%ی سەپاندبوو، واتە هەر کاڵایەکی چینی هەناردەی ئەمریکا بکرێت، باجی 54%ی گومرگی دەچێتەسەر.
 
ترەمپ لە پۆستێکی جیادا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵدا نووسی، "بۆ هەموو ئەو وەبەرهێنەرانەی دێنە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پارەیەکی زۆر لە وەبەرهێنان خەرج دەکەن، سیاسەتەکانی من هەرگیز ناگۆڕدرێن. ئێستا کاتێکی زۆر باشە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند و دەوڵەمەندتر بین."
 
نێوانی ئەمریکا و چین باش نەبوو، ئێستا بەم جەنگە بازرگانییە خراپتریش دەبێت. چین جگە لە سەپاندنی ئەو پێناسە گومرگییە، کارکردنی 30 رێکخراوی ئەمریکای سنووردارکرد کە لە چین کار دەکەن.
 
وەزارەتی دارایی چین گوتی، "ئەو بڕیارەی ئەمریکا هاوتەریبی یاسا بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان نییە. ئەو بڕیارە بەشێوەیەکی جیدی مافە یاسایی و رەواکانی چین و بەرژەوەندییەکانی تێکدەدات. ئەوەی ئەمریکا دەیکات هەراسانکردنی تاکلایەنانەیە."
 
چین گوتی، لە رێکخراوی بازرگانیی جیهانی سکاڵا لەسەر ئەمریکا تۆماردەکات و رێگری لە هەناردەکردنی چەند کاڵایەکی زۆر سەرەکی دەکات.
 
چین بڕیاریداوە پێناسە گومرگییەکان لە 10ـی ئەم مانگەوە جێبەجێ بکرێن، ئەمە جگە لە پێناسی گومرگیی 10% بۆ 15% لەسەر چەند بەرهەم و کاڵایەکی کشتووکاڵیی ئەمریکا کە لە مانگی ئادار سەپاندی؛ هەروەها پێناسی 10% بۆ 15% لەسەر چەند ئامێرێکی وزە و جووتیاری کە لە شوبات سەپاندی.
 
زۆرترین ئەو کاڵایەی چین لە ئەمریکاوە هاوردەی دەکات بریتییە لە سۆیا، دانەوێڵە و کەرەستەی کشتوکاڵی.
 
لە ساڵی 2024ـدا چین بایی 168.6 ملیار دۆلار کاڵای لە ئەمریکاوە هاوردەکرد. لە بەرامبەردا ئەمریکا بایی 438.9 ملیار دۆلار کاڵای لە چینەوە هاوردەکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەنتەرێکی تۆمارکردنی کۆچبەران لە ئەڵمانیا.

دادگەیەکی باڵای ئەڵمانیا رێگە بە حکومەتی فیدراڵی دەدات کۆچبەران بۆ یۆنان دیپۆرت بکاتەوە

دادگەیەکی باڵای ئەڵمانیا رێگەی بە حکومەتی فیدراڵی دا لەمەودوا کۆچبەران بۆ یۆنان دیپۆرت بکاتەوە. بڕیارەکەی دادگە لەسەر سکاڵای دوو کۆچبەر بوو کە داوایان دەکرد نەیاننێرنەوە یۆنان. رێکخراوەکانی داکۆکی لە مافەکانی کۆچبەران لە بڕیارەکە نیگەرانن.