جیهان
زۆربەی کارگە و کۆمپانیاکانی تایبەت بە ئۆتۆمبێل رێنمایی دەدەن کە ئۆتۆمبێل تەنیا 30 چرکە گەرم بکرێت.
رووداو دیجیتاڵ
بۆ ماوەی چەندین دەیە ئۆتۆمبێلەکان لە وەرزی زستاندا پێویستییان بەوەبوو دوای هەڵکردن (سلف لێدان) بۆ ماوەیەک بهێڵدرێنەوە بۆ ئەوەی گەرم بن. هۆکارەکەی ئەوەبوو کە ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان، بەتایبەت مۆدێل 80 و 90ـەکان (کاربیورەیتەر)یان هەبوو، یان ئەوەی بە (کابرێتە) لە هەرێمی کوردستان بەناوبانگە.
کاربیورەیتەر کاری ئەوەبوو کە هەوا و بەنزینی تێکەڵ بەیەک دەکرد، پێش ئەوەی بچێتە ژووری سووتان لە نێو بزوێنەر (مەکینە)ـی ئۆتۆمبێل. ئەگەر شوفێر ئۆتۆمبێلەکەی بەباشی گەرم نەکردبا، لەوانەبوو ئۆتۆمبێلەکە لەماوەی لێخوڕیندا لەکار بکەوێت.
کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل دەستیان بە دروستکردنی نۆزڵی کارەبایی کرد و ئیدی هیچ کارێک بە کاربیورەیتەر نەما، ئەمەش واتا هیچ پێویستییەک بۆ گەرمکردنی ماوە درێژی ئۆتۆمبێل نەما. نۆزڵی کارەبایی پشت بە هەستەوەرە تایبەتەکانی دەبەستێت و ئۆتۆمبێلەکە گەرم دەکات، هەروەها بڕی پێویستی سووتەمەنیش بۆ بزوێنەر دابین دەکات.
بەگوێرەی کۆمپانیای تۆد وێنزڵ کە کاری چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل دەکات لە ئەمریکا: "شوفێرەکان رێنماییان پێدراوە کە لە وەرزی زستان دوای هەڵکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان یەکسەر جووڵە نەکەن، چونکە بەهۆی کەشی سەرما رۆنی مەکینە خەست دەبێتەوە، ئەمەش وادەکات بزوێنەرەکە درەنگتر چەور ببێت و زیانی پێدەگات؛ بەڵام دیسانەوە، ئۆتۆمبێل و رۆنی نوێی ئەم سەردەمە پێویستییان بە گەرمکردنی ماوە درێژ نابێت و کۆمپانیای دروستکار حیسابی هەموو شتێکی کردووە."
بەگوێرەی وەزارەتی وزەی ئەمریکا، زۆربەی کارگە و کۆمپانیاکانی تایبەت بە ئۆتۆمبێل رێنمایی دەدەن کە ئۆتۆمبێل تەنیا 30 چرکە گەرم بکرێت و دواتر دەست بە جووڵەکردن بکرێت.
بەگوێرەی ئاژانسی پاراستنی ژینگەیی لە ئەمریکا (EPA): "بزوێنەری ئۆتۆمبێل لەگەڵ جووڵەکردنی ئۆتۆمبێلەکە باشتر گەرم دەبێت، نەوەک بە وەستان لە شوێنی خۆیدا. ئەمەش وا دەکات کەمتر بەنزین بسووتێت و ژینگەش کەمتر پیس دەبێت."
کۆمەڵەی ئەمریکی بۆ ئۆتۆمبێل (AAA) رایگەیاندووە، "ئۆتۆمبێلەکەت هەڵکە، تەنیا بەشی ئەوەندە بوەستە تاوەکو پشتێنی سەلامەتی دەبەستیت، دواتر دەتوانی دەست بە لێخوڕین بکەیت. ئەو ماوە کورتە بەسە بۆ ئەوەی رۆن هەموو بەشەکانی بزوێنەرەکە چەور بکات. لەکاتی جووڵەکردن، زۆر گوشار لە ئۆتۆمبێلەکە مەکە و بە نەرمی لێیخوڕە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ