رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، سبەی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا کورتەیەک پێشکەش بکات سەبارەت بە پێشهاتەکانی عێراق و کارەکانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق.
تیمی نێردراوی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ناسراو بە 'یونامی' ئەمڕۆ دووشەممە 03-10-2022 لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە: "ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سبەی کاژێر 10ی بەیانی بە کاتی نیویۆرک کە دەکاتە کاژێر 5ی ئێوارە بە کاتی بەغدا سەبارەت بە دۆخی عێراق کۆدەبێتەوە".
یونامی دەڵێت: "پێشبینی دەکرێت جێنین پلاسخارت لە کۆبوونەوەکەدا کورتەیەک پێشکێش بکات سەبارەت بە پێشهاتەکانی عێراق و تیمی یونامی بۆ هاوکاریکردنی عێراق".
نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ماوەیەکە هەوڵی نێوەندگیری دەدات لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی نوێ و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەخت.
هاوکات بۆردوومان و تۆپبارانکردنی سنووری باشووری کوردستانیش لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە بەردەوامە.
رۆژی 28-09-2022 سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشی کردە سەر بارەگای پێشمەرگە و کامپەکانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، بەوهۆیەوە 17 کەس گیانیان لەدەستدا و نزیکەی 50 کەسیش بریندار بوون.

.png&w=3840&q=75)
.png&w=3840&q=75)
