رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی باینانس کە گەورەترین کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوە دیجیتاڵییەکانە لە جیهاندا، رووبەڕووی گەورەترین هێرشی ئەلیکترۆنی بووەوە لە مێژووی دراوە دیجیتاڵییەکاندا، کە بەهۆیەوە نزیکەی 6.3 ملیار دۆلار بە نایاسایی راکێشراوە، بەڵام توانراوە نزیکەی نیوەی ئەو بڕە بلۆک بکرێت.
رۆژی هەینی، 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، کۆمپانیای باینانس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە رێگەی هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە تۆڕی بلۆکچەین، تاوەکو ئێستا توانیویانە نزیکەی سێ ملیار دۆلار لە داراییە بەئامانجکراوەکان لەسەر تۆڕەکە بلۆک و سڕ بکەن. هاوکات کۆمپانیاکە سەرجەم پرۆسەکانی دانان و کشانەوەی پارەی بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە تاوەکو پشکنینە ئەمنییەکان تەواو دەبن.
بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، هێرشەکە لە رێگەی هاککردنی لاپتۆپی یەکێک لە ئەندازیارانی گەشەپێدان ئەنجامدراوە، بەوەش لایەنی هاککەر توانیویەتی دەستی بگاتە کۆنتێنەری خزمەتگوزارییەکان و مامەڵەی راکێشانی پارە جێبەجێ بکات.
کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردەوە کە هیچ دزەپێکردنێک لە کلیلە تایبەتەکانی جزدانە دیجیتاڵییەکان رووینەداوە، هەروەها بەڵێنیدا کە تەواوی زیانە داراییەکانی بەکارهێنەران قەرەبوو بکاتەوە.
بلۆککردنی ملیاران دۆلار لەلایەن کۆمپانیاکانی دیکەوە
ئەم هێرشە بە گەورەترین هێرشی ئەلیکترۆنی لە مێژووی دراوی دیجیتاڵیدا دادەنرێت و قەبارەکەی چوار هێندەی ئەو بڕەیە کە لە شوباتی ساڵی رابردوودا لە پلاتفۆرمی (بایبیت) دزرا، کە 1.5 ملیار دۆلار بوو و خرابووە ئەستۆی هاککەرەکانی سەر بە کۆریای باکوور.
پاولۆ ئاردۆینۆ، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تێزەر رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان نزیکەی 1.6 ملیار دۆلاری بلۆک کردووە کە پەیوەندی بە هاککردنەکەی باینانسەوە هەبووە.
پاشەکشەی نرخی دراوە دیجیتاڵییەکان
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەم هێرشە ئەلیکترۆنییە، نرخی زۆربەی دراوە دیجیتاڵییە سەرەکییەکان دابەزینێکی کتوپڕیان بەخۆوە بینی؛ نرخی بیتکۆین نزیکەی 5% و ئیسریۆم نزیکەی 6٪ دابەزین، هەروەها دراوی BNB کە تایبەتە بە باینانس، دوای ئەوەی نزیکەی 10% دابەزی، دواتر بە رێژەی 2.7% بەرزبووەوە.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە چاودێرانی کەرتی تەکنەلۆژیا نیگەرانیی خۆیان پێشان دەدەن لەوەی فراوانبوونی خێرای تواناکانی ژیریی دەستکرد لە داهاتوودا ببێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر سیستمی ئاسایشی زانیاری و پرۆتۆکۆڵە ئەمنییەکانی جیهانی کریپتۆ.

