لەسەر بەقاچاخبردنی ژمارەیەک هاونیشتمانی، پۆلیسی بەریتانیا چوار کەس دەستگیردەکات

03-04-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەریتانیا دەڵێت، چوار کەسیان لە لیبیا دەستگیرکردووە کە تۆمەتی بەقاچاخبردنی کۆچبەرانیان بۆ ئەورووپا لەسەر بووە. لەنێو ئەو کەسانەی قاچاخچییەکان ویستوویانە بیانبەنە ئەورووپا ژمارەیەک هاونیشتمانی هەن.  
 
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، ئاژانسی نیشتمانیی بەریتانیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تاوان (NCA) بڵاویکردەوە، بە هاوئاهەنگی پۆلیسی لیبیا، چوار کەسیان لە چوار شوێنی جیاوازی لیبیا دەستگیرکردووە کە تۆمەتی بەقاچاخبردنی کۆچبەرانیان بۆ ئەورووپا ئاراستە کراوە. 
 
دوو لەو کەسانەی دەستگیرکراون خەڵکی سووریان، یەکێکیان سوودانی و ئەوەی دیکەش میسرییە. 
 
یەکێک لەو هاووڵاتییە سووریاییەی دەستگیرکراوە تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵ کە زیاتر لە 2 هەزار کەسی بەقاچاخ بردووەتە ئەورووپا و سووریاییەکەی دیکەش ئامادەکاری بۆ بەقاچاخبردنی نزیکەی 400 کۆچبەری کردووە. 
 
پۆلیسی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هاووڵاتییە سوودانییەی دەستگیرکراوە "هەوڵی داوە 11 کۆچبەری کوردی عێراق بگوازێتەوە ئەورووپا."
 
پۆلیسی نەهێشتی تاوانی بەریتانیا ئاماژە بەوەش دەکات: "رووبەڕووبوونەوەی تاوانی بەقاچاخبردنی کۆچبەران تەنیا لە نۆکەندی ئینگلیز نییە. کار دەکەین بۆ بەئامانجگرتن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕە تاوانکارییەکان لە هەر شوێنێک، ئینجا لە وڵاتی سەرچاوە بێت یان وڵاتانی ترانزێت."
 
پۆلیسی نەهێشتی تاوانی بەریتانیا دەشڵێت: "هیوادارین دەستگیرکردنی ئەم کەسانە، وەک ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانی عێراق پشتیوانیمان لە دەستگیرکردنیان کرد، ببێتە پەیامێک بۆ ئەوانەی کە [لە بەقاخبردنی کۆچبەران] تێوەگلاون کە لە هەر شوێنێک بن، دەستمان پێیان دەگات."
 
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە پۆلیسی بەریتانیا هەوڵەکانی بۆ دەستگیرکردنی کۆچبەران لە دەرەوەی سنوورەکانی دەستپێکردووە.  
 
لە 14-1-2025 پۆلیسی بەریتانیا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، بە هاوبەشیی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، سێ کەسیان دەستگیر کردووە کە دەستیان لە بەقاچاخبردنی خەڵک بۆ بەریتانیا هەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە