ئەو کەسەی تێسلاکەی لە لاس ڤێگاس تەقاندەوە سەربازی ئەمریکی بووە و پێش تەقینەوەکەش خۆی کوشتووە

03-01-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەرپرسانی ئەمنیی ئەمریکا رایدەگەیێنن، ئەو کەسەی ئۆتۆمبێلە تێسلاکەی لە بەردەم هۆتێلی ترەمپ تەقاندەوە، سەربازێکی بەئەزموونی سوپای ئەمریکا بووە و ئۆتۆمبێلەکەی پڕکردووە لە تەقەمەنی و ویستوویەتی زۆرترین زیان بگەیێنێتە شوێنی تەقینەوەکە، بەڵام پێش تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکە، خۆی کوشتووە.
 
رۆژی پێنجشەممە 02ی کانوونی دووەمی 2025، پۆلیسی لاس ڤێگاس، ناسنامەی ئەنجامدەری تەقینەوەکەی بەردەم هوتێل ترەمپی ئاشکرا کرد، کە سەربازێکی سوپای ئەمریکیی بووە بەناوی ماتیو لیڤیلسبێرگەر و تەمەنی 37 ساڵ بووە، پۆلیس دەڵێت، پێدەچێت ویستبێتی تەقینەوەیەکی گەورە بکات، بەڵام بەهۆی پتەوی پلێتی تێسلاکەوە، تەقینەوەکە کەمترین زیانی بە چواردەوری ناوچەکەدا گەیاندووە. 
 
لەبارەی هۆکاری هێرشەکە، سپێنسەر ئێڤنس، ئەفسەری تایبەتیی ئێف بی ئای کە سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەکان دەکات، گوتی، "ئێمە لە لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامین، بەڵام شاراوە نییە کە تەقینەوەکە لەنێو ئۆتۆمبێلێکی تێسلا بووە و لەبەردەم هۆتێلێکی ترەمپیشدا بووە، هێشتا زانیاریی تەواومان نییە بەوەی ئایا تەقینەوەکە پەیوەستە بەو پرسانە یان نا".
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئەمریکی، لیڤیلسبێرگەر پێش ماوەیەک لە ئەڵمانیا بووە و خزمەتی سەربازیی کردووە و دواتر مۆڵەتی وەرگرتووە و گەڕاوەتەوە بۆ ئەمریکا. 
 
بەرپرسێکی ئەمریکیش کە ناوی ئاشکرا نەکردووە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو سەربازە لەگەڵ هاوژینەکەی شەڕی کردووە، دواتر تێسلاکەی بە کرێ گرتووە و دەمانچەی کڕیوە.
 
لەنێو تێسلاکەش، پۆلیس دوو دەمانچە، ناسنامەی سەربازی، پاسپۆرت و کارتی بانکی ئەو سەربازە ئەمریکیەیان دۆزیوەتەوە و لێکۆڵەرانی کەیسەکە ئاماژە بەوە دەکەن، لیڤیلسبێرگەر لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا بووە، کاتێک خۆی کوشتووە و دواتر ئۆتۆمبێلەکە تەقیووەتەوە و پاشان لیڤیلسبێرگەر بەشێوەیەک سووتاوە کە نەناسراوەتەوە.
 
ئەو سەربازە ئەندامی هێزێکی تایبەتی سوپای ئەمریکی بووە، کە ئەرکیان ئۆپەراسیۆنی تایبەتی دژە تیرۆر بووە لە دەرەوەی وڵات و لە ساڵی 2006ـەوە لەنێو سوپادا بووە، لە ئەفغانستان، ئۆکراینا، تاجیکستان، جۆرجیا و کۆنگۆ خزمەتی کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کارل نیهامەر، راوێژکاری نەمسا.

راوێژکاری نەمسا: بەهۆی رێکنەکەوتنی پارتەکان دەست لە کار دەکێشمەوە

راوێژکاری نەمسا رایگەیاند، پارتی گەلی نەمسا و پارتی سۆسیال دیموکرات نەگەیشتە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆیە دەست لە پۆستی راوێژکاری وڵاتەکەی و سەرۆکی پارتی گەلی نەمسا دەکێشێتەوە.