رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە 2-8-2023، هانۆ پێڤکور، وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و بە جیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
ئامانجی سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا بەسەرکردنەوەی هێزەکانی وڵاتەکەیەتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەولێر و بەغدایە لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی داعش و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێوارەی ئەمڕۆ هانۆ پێڤکور لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگاتە هەرێمی کوردستان و دواتر بە جیا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
بەشداری ئیستۆنیا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش
ئیستۆنیا لە ساڵی 2014ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە و بە چەند شێوەیەک یارمەتی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی داوە.
ئیستۆنیا لە ساڵی 2014دا 1 ملیۆن گوللەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق نارد. لە ساڵی 2015دا 140 دۆشکە، 110 چەکی ئۆتۆماتیک و 230 دەمانچە و 21 هەزار گوللەی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق نارد.
لە 2016یشەوە نزیکەی 9 ملیۆن و 500 هەزار دۆلاری بۆ بواری مرۆیی، هەڵگرتنەوەی مین و سەقامگیرکردن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان تەرخانکردووە.
مانگی نیسانی ئەمساڵیش وەزارەتی بەرگریی ئیستۆنیا بڵاویکردەوە، ئەو مانگە یەکەیەکی سوپای وڵاتەکەیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەولێر جێگیردەکرێت؛ ئەرکی یەکەکە پاراستنی بنکە سەربازییەکان و وەڵامدانەوەی خێرا دەبێت.
لە راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی وڵاتە ئەوروپییەکەدا هاتووە، یەکەکە لە 110 سەرباز و ئەندامی بەرگریی ئیستۆنی پێکدێت کە سەر بە بەتالیۆنێکی پیادە و هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەو وڵاتەن. ئەو یەکەیە شوێنی هێزێکی هۆڵەندی دەگرێتەوە و بۆ ماوەی شەش مانگ لە هەولێر دەمێنێتەوە.
سیستمی بەڕێوەبردن و توانای سەربازیی ئیستۆنیا
ئیستۆنیا دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی ئەوروپا و پایتەختەکەی ناوی تالینە؛ لە رووی هێزی سەربازییەوە لە ریزبەندی 29یەمین هێزی ناتۆدایە.
دوای سەربەخۆبوونی لە ساڵی 1991، سیاسەتی ئەو وڵاتە هاوتەریب بوو لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا و لە 2004دا بووە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و ناتۆ.
ژمارەی دانیشتووانی ئیستۆنیا یەک ملیۆن و 331 هەزار کەسە و رووبەرەکەی 45 هەزار و 340 کیلۆمەتر دووجایە؛ خەڵکەکەی بە زمانی ئیستۆنی قسە دەکەن.
لە رووی سەربازییەوە ئیستۆنیا لە ریزبەندی 104ـەمدایە لە جیهان؛ خاوەنی 250 هەزار سەربازە کە 4000یان چالاکن. سوپای ئیستۆنیا 6 فڕۆکەی جەنگی، هەزار و 976 ئۆتۆمبێلی جەنگی و 6 کەشتی جەنگی هەیە.
هەرچەندە توانا سەربازییەکەی بچووکە، بەڵام ئەندامی ناتۆیە و لە ژێر سێبەری ئەو هاوپەیمانێتییەدا دەپارێزرێت و ئەرکە سەربازییەکانیشی رادەپەڕێنێت.
ئیستۆنیا پەرلەمانێکی هەیە کە لە 101 ئەندامی هەیە و 4 ساڵ جارێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەڕێوەدەچێت. ئالار کاریس، سەرۆکی وڵات و کاجا کاڵاس، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ