لە میانمار کودەتای سەربازی بەسەر حکومەت کرا

01-02-2021
ئەحمەد تەڵعەت
 چەند سەربازێکی سوپای میانمار. وێنە؛  AFP / Sai Aung Main
چەند سەربازێکی سوپای میانمار. وێنە؛ AFP / Sai Aung Main
نیشانەکردن میانمار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 1-2-2021 کودەتای سەربازی لە میانمار روویدا، سەرکردەی وڵاتەکە و بەرپرسانی حکومی و حیزبی دەسەڵاتدار لەلایەن سوپای وڵاتەکەوە دەستگیرکراون و سوپا دەسەڵاتی گرتووەتە دەست.
 
ئۆنگ سان سووچی سەرکردەی میانمار لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەرە، تەلەفۆن و ئینتەرنێت لە ناپیتاوی پایتەختی وڵاتەکە پچڕاوە، دوای کودەتاکەش سوپای میانمار باری نائاسایی راگەیاند و دەسەڵات گواستراوەتەوە بۆ فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان.
 

سوپای میانمار لەرێگەی پەیامێکی تەلەڤزیۆنیشەوە رایگەیاند: "دەستگیرکردنی سان سووچی و سەرکردەکانی دیکە لەسەر ساختەکاری لە هەڵبژاردن بووە" کە تێیدا پارتەکەی سان سووچی، پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی بۆ دیموکراسی سەرکەوت، بڕیاربوو پەرلەمان ئەمڕۆ پاش هەڵبژاردن لەو وڵاتە یەکەم کۆبوونەوەی بکات، بەڵام دیار نییە دۆخی وڵاتەکە چی لێ دێت .
 
میدیا و رادیۆی فەرمی میانمار لە فەیسبووک رایگەیاند، ناتوانن پەخش بکەن و بەرنامە و پرۆگرامەکانیان راگرتووە. لە کاردانەوەی کودەتاکەشدا ئەنتۆنیۆ گوتیرێز، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی کودەتاکەی کرد، هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بە هەمانشێوە سەرکۆنەی کودەتای میانماری کرد و داوای لە سوپای وڵاتەکە کرد سەرکردەکانی حکومەت و سان سووچی ئازاد بکات.
 
کۆشکی سپی هەروەها رایگەیاند، سەرۆک بایدن لە رووداوەکانی میانمار ئاگادارکراوەتەوە.
 
سان سووچی تەمەن 75 ساڵان جەماوەرێکی زۆری لەو وڵاتە هەبوو، پاش ئەوەی دەیان ساڵ دژی حوکمی سەربازی لە میانمارخەباتی کرد، لە دوایین هەڵبژاردنیشدا پارتەکەی سووچی لە کۆی 476 کورسی پەرلەمان 396 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام بە پێی دەستووری وڵاتەکە کە بە دەستوورێکی سەربازی دادەنرێت، 25%ـی کورسییەکانی پەرلەمان بۆ فەرماندە سەربازییەکانە.
 

سوپای میانمار کە بە تاتماداو ناسراوە رایگەیاندووە "ساختەکاری زۆر لە هەڵبژاردن کراوە"، بێ ئەوەی وردەکارییەکان بخاتەڕوو. هەفتەی رابردووش کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی وڵاتەکە دەنگۆی بوونی ساختەکاری رەتکردەوە.
 
کودەتاکە لەکاتێکدایە پێش چەند رۆژێک جەنەراڵ زاو مین گوتەبێژی سوپای میانمار دەنگۆی کودەتای رەتکردەوە و رایگەیاند: "سوپا یاسا بە گوێرەی دەستوور جێبەجێ دەکات". بەڵام مینگ ئۆنگ هیلانگ سوپاسالاری میانمار رایگەیاند: "ئەگەر یاسا جێبەجێ نەکرێت، دەستووریش هەڵدەوەشێتەوە و هیچ بەهایەکی نامێنێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شارۆچکەی سانتا کلۆس.

ئەم ساڵ لە شارۆچکەکەی سانتا کلۆس بەفر نەباریوە

شارۆچکەی رۆڤانیمی لە هەرێمی لاپلاند لە باکووری فینلاند ئەو شارۆچکەیە بە ماڵی سانتا کلۆس ناسراوە و بەردەوام ناوچەیەکە بەهۆی بەفرەوە سپیپۆشە.