رووداو- سلێمانی
بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت تاوەكو ئێستا چەند جارێك قسەیان لەگەڵ كۆمپانیاكانی دروستكردنی دەرمان كردووە بۆئەوەی زمانی كوردی بۆ رێبەری دەرمانەكانیان زیاد بكەن، بەڵام ئەوان بەپاساوی ئەوەی كە ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان زۆر نین، ئەو داوایە جێبەجێ ناكەن.
هەموو ئەو دەرمانانەی دروستدەكرێن لەلایەن كۆمپانیاكان، رێنماییەكیان لەگەڵدایە بۆ نەخۆشەكە كە زانیاری تێدایە سەبارەت بە دەرمانەكە و چۆنیەتی بەكارهێنانی. بەڵام كاتێك ئەو دەرمانانە دێنە هەرێمی كوردستان، ئەو رێنماییە هەر بە زمانی بیانییە. بەبڕوای پسپۆڕانی تەندروستیش، دەبێت ئەو رێنماییە بكرێتە كوردی تاوەكو بەكارهێنانی لەلایەن نەخۆشەكانەوە نەبێتە گرفت و نەخۆشەكان بە دڵنیاییەكی زیاترەوە بەكاری بێنن.
ئیبراهیم تۆفیق، پسپۆڕی كارگێڕی تەندروستی دەڵێت "ئەو رێنماییەی لەگەڵ دەرمانەكەدایە ئەگەر بكرێتە كوردی، نەك كارێكی باشە بەڵكو كارێكی پیرۆزە. رێژەی خوێندەواریش لە هەرێمی كوردستان رێژەیەكی بەرزە و دەتوانرێت بەشێوەیەكی باش سوودی لێ ببینرێ، چونكە ئەگەر رێنماییەكە بە زمانی كوردی بێت دەزانێت چۆن بەكاری بهێنێت و ئایا گونجاوە بۆ ئەو نەخۆشە یاخود نا".
ئەو پسپۆڕە گوتیشی "بوونی زانیاری دەربارەی دەرمان بەگشتی بەسوودە، بەڵام هەندێكجار نەخۆشەكە زیاد لە پێویست ترسی بۆ دروست دەبێت سەبارەت بەو زیانە لاوەكییانەی رەنگە لەكاتی بەكارهێنانی دەرمانەكە تووشی ببن و رەنگە لە بەكارهێنانی دەرمانەكە راوەستن".
كەمیی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دەبێتە گرفت بۆ هەندێك لە كۆمپانیاكانی دروستكردنی دەرمان بۆ ئەوەی ئەو رێنماییە بكرێتە كوردی. چونكە كۆمپانیاكان بەدوای بازاڕی گەورەی ساغكردنەوەی دەرماندا دەگەڕێن.
د.گۆران رۆژبەیانی، بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی جۆریی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت "هەوڵی جدیمان داوە و گفتوگۆمان لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی بەرهەمهێنانی دەرمان كردووە لە چەند وڵاتێكی جیاواز تاوەكو زمانی كوردی بۆ ئەو رێنماییە زیاد بكرێت، بەڵام ئەو كۆمپانیایانە كەمیی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانیان كردووەتە گرفت و دەڵێن ناكرێت بۆ ژمارەیەكی كەمی خەڵك كە نزیكەی 5 ملیۆن كەسە، دیزاینی سەر دەرمانەكان بگۆڕدرێت، بەڵام لە داهاتوویەكی نزیكدا هەڵدەدەین ئەو رێنماییە بكەینە كوردی".
كارگەی دەرمانی ئاوامێدیكا، كە كارگەیەكی خۆماڵییە، تاكە كۆمپانیایە كە رێنمایی دەرمانەكانی بە زمانی كوردی نووسیوە. ئەمەش كارئاسانییەكی زۆری بۆ نەخۆشەكان كردووە.
دكتۆر ئیبراهیم دەربارەی ئەو زانیارییانەی پێویستە بە كوردی لە رێنماییەكەدا هەبن، بە (رووداو)ی گوت "ئەوەی گرنگە بكرێت بە زمانی كوردی لەسەر ئەو رێبەرییە ناوی دەرمانەكە و بۆچی بەكاردەهێنرێت لە كاتی بەكارهێنان ئاگاداری چی بێت. گرنگتر لەمانە كارلێكی ئەو دەرمانە لەگەڵ دەرمانێكی دیكە، چونكە دەبێت نەخۆش ئاگاداربێت لەوەی هەندێك لە دەرمانەكان نابێت لەگەڵ یەكدی بەكاربهێنرێن".
دەرمانەكان لە وڵاتانی دیكەوە زیاتر ئاراستەی عێراق دەكرێن و وەك د.گۆران رۆژبەیانی دەڵێت "زمانی عەرەبی زمانی سەرەكییە لە عێراق و تائێستا هەرێمی كوردستان سەر بە عێراقە، بۆیە ئەو رێبەریە تەنیا زمانی عەرەبی تێدایە".
ئەوەش لەكاتێكدایە ژمارەی عەرەبیزانەكان لە كوردستان ساڵ لەدوای ساڵ كەمتر دەبنەوە.


