تێکشکاندنى داعش لە بەرەکانى جەنگ زۆر ئاسانترە لە تێکشکاندنی ئەو فکرەی گروپگەلی توندڕەو و سەلەفیی جیهادی ئاراستە دەکات.
سەرکەوتن بەسەر داعشدا، تەنیا لە بەرەکانی شەڕەوە بەدی نایەت، بەڵکو دەبێ سەرکەوتنەکە پەل بهاوێت بۆ هەموو جۆرە فکرێکی ئیسلامیی توندڕەو.
ئەگەرچی داعش رێکخراوێکی ئیرهابیی تازەیە، بەڵام رەگێکی مێژوویی هەیە و دەرهاوێشتەی گروپگەلی دیکەی ئیسلامیی سیاسی و جیهادییە. کوردستانیش بێ شوێنکەوتووانی ئەو گروپە و کاراکتەری ئیسلامیی توندڕەو نییە، ئەگەرچی ژینگەی کوردستان بۆ گەشەی بزاڤێکی ئیسلامی سیاسیی توندڕەو بە پیت و فەڕ نییە وەک ئەوەی لە جیهانی عەرەبی هەیە و تا ئاستێکی زۆر، رەوتی سەلەفی و ئیخوان و جیهادییەکان رەگوڕیشەیان بە قووڵی داکوتاوە و زەمینەی گەشە و باڵادەستبوونیشیان تا ئاستیکی زۆر لەبارە.
زۆرینەی کۆمەڵی کوردستان موسوڵمانن، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە گوتاری توندڕەوانەی ئیسلامییەکانی قبووڵ بێ. بۆیەشە لە لایەکەوە دڵمان بەوە خۆشە کە هەرێمى کوردستان وەک ناوچەکانى دیکەى عێراق، ئاڵوودەی فکرى توندڕەوی نییە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە ناکرێ وابزانین هیچ مەترسیەک لە ئارادا نییە.
هەروەک دەبینین کەمنین ئەوانەی بەو خەیاڵە دەژین کە رۆژێک لە رۆژان کۆمەڵگەی کوردستان لە کۆمەڵگەی عەرەبی بچێ، یان شێتگیری ئەوەن هەرچی زووە خۆیان لە ترۆپکی دەسەڵات ببینەوەو هەمووان لە چوارچێوەی یەک ئایدیۆلۆژیا و دونیابینیدا کۆبکەنەوە.
داعش دەکەوێ، باگەڕ و باهۆزەکەی تەواو دەبێ، رەنگە هیچ سنوورێکی ئاشکراشی لەگەڵ ئێمە نەمێنێ، وەلێ مادام خاکی ئەو هەرێمە بێ گەرای داعش نییە، مەترسییەکانى هەر دەمێنێ. رەنگە هەموو رێگەیەکیش بۆ بڵاوکردنەوەی تۆوی ترس و تۆقاندن و تێکدانی ئاسایش و ئارامی بگرێتە بەر.
کاتێک جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد کە 500 کورد لە نێو داعشدان، نابێ ئەو ژمارەیە بە ئاسایی وەربگرین و بێ تەدابیر و لێکدانەوە تێپەڕ بێت.
مەلا کرێکار لە تەلەڤزیۆنێکی کوردییەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بە سەتان کەس لە ئەوروپا و بە هەزارانیش لە کوردستان، لایەنگری ئەون و لە چاوەڕوانیی خۆیەکلاکردنەوەکەی ئەودان. راستی بڵێت، یان مەبەستی بووبێت پەیامێک بە گوێی دەسەڵاتدارانی ئەو هەرێمە بگەیەنێت، بەو مانایەی هێشتا خۆری ئەو دەدرەوشێتەوەو دۆست و هەوادارەکانی، تا ڕادەی جیهاد لەگەڵیدان، ئاماژەگەلی مەترسیدارن.
بزانین یان نا، لە بێ بەرنامەیی یان ناهۆشیاریمانەوە بێ، زۆر جار خۆشمان خزمەت بە رەوتی توندڕەو و تاریکبین دەکەین. هەر لە نێو خێزانەوە بگرە تا دەگاتە قوتابخانە و مزگەوت و حیزب و کەناڵەکانی میدیا، کارێک دەکەین دەرهاوێشتەی نەرێنی بە دواوە بێ و لە بەرژەوەندی بەرەی بەرامبەردا بێت.
لە ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکاندا، ماموستای سەلەفی و تاریکبینی وا هەیە، رۆڵی لە چەکدارێکی داعشی بەرەی شەڕ ترسناکترە. بەشێک لە مامۆستایانی ئاینی ئیسلامییش، بە گوتارە توند و ئاگرینەکانیان خزمەتەکەیان بۆ رەوتی توندڕەو، لە خزمەتی داعش کەمتر نییە.
گروپ و لایەنە ئیسلامییەکانیش هەڵوێستێکی روون و راشکاوانەیان لێ نەبینراوە. بیرمان نەچێ ئەو حیزبانە، لە بەرهەمهێنانی فکری توندڕەوی و پەروەردەبوونی ئەوانەی ئەمڕۆ بەرەی داعشیان هەڵبژاردووە، بێ رۆڵ و کاریگەری نەبوونە.
هەرچی میدیای کوردیە، لەو بازنەیە بەدەر نییە، زۆر جار ئەوەی پێشکەشی دەکات لە بەرژەوەندی فکری توندڕەوانەی گروپە تیرۆریستییەکان تەواو دەبێ. نەک تەنیا میدیای سەر بە رەوتی ئیسلامی، بەڵکو هەندێک جار دامەزراوەیەکی میدیایی کە ئیدیعای پرۆفیشناڵی دەکات، بۆ هەڕمێن و بازاڕگەرمیی خۆی، هەر وەک نموونەی دیمانەکەی چەند شەوی رابردوو لەگەڵ مەلا کرێکار، دەکەوێتە هەڵە و تا سەر ئێسقان خزمەت بە ئەجێندای داعش دەکات.
هەڵەیەکی گەورەیە، بۆ ئەوەی زۆرترین بینەر بەدیار شاشەی تەلەڤزیۆنەکەتەوە دابنیشێ، زۆرترین خوێنەر رۆژنامەکەت بخوێنێتەوەو سەردانی ماڵپەڕەکەت بکات، رەحمێک بە ئایندەی ئەو میللەتە نەکەیت و دەرفەت بە کەسانێک بدەیت، ژەهری کوشندە هەڵبڕێژن.
رەنگە خەڵکێک بپرسێ، ئەی چ مانایەک بۆ ئازادیی رۆژنامەگەری دەمێنێتەوە، ئەگەر بۆی نەبێ دیمانەی ئیسلامییەکی توندڕەو بڵاوبکاتەوە؟ بە پێچەوانەوە، هەر ماددەیەکی میدیایی هانی توندوتیژی و پشێوی بدات، ئەرکی راستەقینەی خۆی ون دەکات و پەیامە پیشەییەکەی دەدۆڕێنێ و جیاوازی لەگەڵ حیزبێک، یان گروپێکی توندڕەو نامێنێ.
چارەسەر لە وشککردنى شادەمارەکانى فکری توندڕەوی و جیهادی دەستپێدەکا، چارەسەر تەنیا شەڕى چەکدارى و رووبەڕووبوونەوەی بەرەکانى شەڕ نییە. بۆ ئەمەش پێویستە حکومەت ئەجێندای تایبەتی هەبێ. وێڕای دانانی سنوورێک لە بەردەم گەشەی گروپگەلی توندڕەو، کار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو مەکینەیەش بکات کە بەرهەمهێنەری فکر و کاراکتەری توندڕەوە.
دەبێ ئەوەش بزانین، بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسیە تەنیا ئەرکى حکومەت نییە، بەڵکو ئەرکى هەمووانە، وەک چۆن دەرهاوێشتەکانی ئەو رەوتە ترسناکە هەمووان دەسووتێنێ، دەبێ هەمووانیش بەوپەڕى چاوکراوەیى و ئاگاییەوە، پێشی لێ بگرن.
ئەوەى گرنگە و نابێ فەرامۆشی بکەین، ئەگەر شەڕی داعش کۆتایی بێ، گەراکانی لە نێوماندا دەمێنێ و هەمیشە بە دواى قۆستنەوەی دەرفەتدا دەگەڕێن.



