رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی راپەڕین دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند، کە لە قەزای حاجیاوا بە جلوبەرگی ژنانەوە دزی لە ماڵ و مارکێتەکان کردووە. تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکانیدا ناوە.
رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی دوو هاووڵاتی سەردانی بنکەی پۆلیسی ماکۆکیان کرد لە قەزای حاجیاوا و سکاڵایان تۆمارکرد، تیمەکانیان دەستیان بە رێکارە یاساییەکان کرد. یەکێک لە سکاڵاکاران رایگەیاندووە، 450 هەزار دینار لە ماڵەکەیدا دزراوە، سکاڵاکاری دووەمیش کە خاوەن مارکێت بووە، باسی لە دزینی 100 هەزار دینار کردووە.
پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاریی ورد بۆ ناسینەوەی تۆمەتبارەکە، هێزەکانیان لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک توانییان ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرابکەن و دەستگیری بکەن.
تۆمەتبارەکە نەوجەوانێکە بە ناوی (ئ. م. ک)، لەکاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە کە بۆ ئەوەی ناسنامەی خۆی بشارێتەوە و کەس نەیناسێتەوە، لەکاتی دزییەکاندا جلوبەرگی ژنانەی پۆشیوە. پۆلیس گوتی، "تۆمەتبارەکە دانی بەوەدا ناوە کە بەمەبەستی دزیکردن چووەتە ناو ماڵێکی دیکەی حاجیاوا، بەڵام هیچ شتێکی دەستنەکەوتووە".
پۆلیس راگەیاند، ئێستا تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 442 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.




