رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا کۆبوونەوە. بە گوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی هاوئاهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستووردا.
شەوی چوارشەممە 5-8-2026 عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد. بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا "کۆی بارودۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی وڵات تاوتوێ کرا."
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، بە شێوەیەک کە خزمەت بە سەقامگیری و بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەکان بکات و یەکخستنی هەوڵەکان بێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان.
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، حکومەتەکەی رژدە لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا "بەگوێرەی دەستوور و یاسا"، بە جۆرێک کە پارێزگاری لە یەکپارچەیی و سەروەریی عێراق بکات و هاوبەشیی نیشتمانی بەهێزتر بکات.
لای خۆیەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆ و هاوئاهەنگیی نێوان لایەنە نیشتمانییەکان کردەوە. هەروەها پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵ دەربڕی کە ئامانج لێیان چەسپاندنی سەقامگیری، پەرەپێدانی ئابووری و بەهێزکردنی هاریکارییە نێوان هەردوولایە لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای وڵات.
هەر سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی ئێکس رایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداری لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، باسیان لە دۆخی وڵات و ئەو ئالنگارییانە کردووە کە رووبەڕوویان دەبنەوە.
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، پەرەسەندن و گۆڕانکارییە هەرێمییەکانیان خستووەتەڕوو، لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی و کاریگەرییەکانیان لەسەر عێراق.
نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان و کارکردنی هاوبەشی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپات کردووەتەوە بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتەکەی بە شێوەیەک کە لە خزمەتی سەرجەم پێکهاتەکان و بەدیهێنانی بەڵێنەکان بێت کە بە گەل دراون؛ لەبارەی چاکسازیی ئابووریی گشتگیر، دەستەبەرکردنی ئارامی و گەشەسەندن و پەرەپێدان لە بەدیهێنانی کاری لەپێشینەی نیشتمانی، لەپێش هەموویانەوە دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی رەوتی گەشەپێدان و باشکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "جەختمان لە گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستەکان و چڕکردنەوەی هەوڵەکان و بەهێزکردنی هاوئاهەنگی لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکانی دەوڵەتدا کردەوە، لەپێناو پاراستنی وڵات لە ئالنگاری و مەترسییەکان و پاراستنی سەروەری و سەقامگیرییەکەی و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی باڵای گەلان کە خواستەکانیان بهێنێتە دی بۆ داهاتوویەکی ئاسایش و گەشەسەندووتر."


