رەوایەتى مەدەن بە پارێزگارێکى عەرەب

27-04-2024
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
هەرچەندە ئێستا پرسى کەرکووک وەک کرۆکى دۆزى کورد لە عیراق، لەلاى زۆربەی حیزبە سیاسییەکانى کوردستان و کارەکتەرە سیاسییەکانى، بایەخێکى ئەوتۆى نەماوە، وەک پرسێکى نەتەوەیى و نیشتمانى چارەنووسساز لە کەرکووک ناڕوانن و دەستکەوتى حیزبى و شەخسى و کۆکردنەوەى سامان لە ریزبەندىی یەکەمى خەم و تێڕوانینیاندایە بۆ کەرکووک. بەڵام ئەمە هیچ لەو راستییە ناگۆڕێت؛ کە کەرکووک ئێستا و بۆ داهاتووش کلیلى چارەسەرى پرسى کوردە لە عێراق. 
 
ئەگەر لە قۆناخەکانى رابردوو هەر جۆرە چارەسەرێک بۆ پرسى کەرکووک بدۆزرایەتەوە، بەدڵنیاییەوە نە کوردستان و نە عیراقیش بەم جۆرەى ئێستا دەبوون، چونکە وەک چۆن بۆ دۆزى کورد، کەرکووک کلیلى چارەسەرە، بۆ عێراقیش بە هەمان شێوە، کەرکووک سەرچاوەى کێشەکانیێتى. 
 
هەموو ئەو رووداوانەى لە جەنگى هەشت ساڵەى عێراق و ئێران کەوتنەوە تاوەکو گرتنى کوێت و شەڕە یەک لەدواى یەکەکانى کەنداو، بە رووخانى سەدامیشەوە، بەشێکى زۆرى ئەنجام و لێکەوتەى رێککەوتنى جەزائیر بوو، کە سەدام لەپێناو دەستهەڵنەگرتنى لە سیاسەتى پاکتاوى رەگەزیى کەرکووک، واژۆی کرد. 
 
بێگومان ئەمە بۆ کوردیش هەمان حەقیقەتى تێدایە، کۆى ئەو رووداوانەى بەسەر کورددا هاتوون لە جەنگى درێژخایەنى نێوان کورد و بەغداوە تاوەکو ئەنفال و هەڵەبجەش، هەر لێکەوتەى هەمان کێشەیە. بۆ داهاتووش هەتا مەسەلەى کەرکووک چارەسەرێکى دادپەروەرانەى بۆ نەدۆزرێتەوە، بۆ کورد و بۆ عێراقش دەبێتە سەرچاوەى کێشەى گەورەتر، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە زۆربەی ئەوانەی بڕیاریان بە دەستە، لەم هاوکێشەیە تێنەگەیشتوون، بەتایبەتیش دوو دەیەى رابردوو دەریانخست بەغدا هیچ پەندێکى لەو رووداوانە وەرنەگرتووە. 
 
ئەگەرچى ئێستا لە عێراق و لە کوردستانیش هیچ ئاراستە و مەیلێک نییە بۆ گەڕان بەدواى چارەسەر، تەنانەت ئەو رێگەچارەیەش کە پێشتر لەسەرى رێککەوتبوون وەک نەخشەڕێیەکى دەستووری و یاسایى لە چوارچێوەى مادەیەکى دەستوورییدا تاوەکو کەرکووک بەرەو ئاسایىبوونەوەى بەرێت، ئەویش دەمێکە پەکیخراوە. لەبرى گرتنەبەرى ئەو رێوشوێنە یاساییانەى کەرکووک لە چارەسەر نزیک بکەنەوە، لەناوەندى بڕیارەوە درێژە بە هەمان ئەو سیاسەتە دەدرێت کەرکووک و بەهۆى کەرکووکیشەوە عێراق و کوردستانی بەم رۆژە گەیاند. 
 
ئەوەى لێرەدا بۆ کورد گرنگ و پێویستە ئەوەیە؛ خۆدزینەوەکانى لایەنى بەرانبەر، کورد پەلکێش نەکات بۆ ئەو ئامانجەى کە سەرئەنجام ئاو دەکاتە ئاشى سیاسەتى پاکتاوى رەگەزییەوە. چونکە ئەو عەقڵیەتەى لە بەغداوە ئیدارەى ئەم کەیسانە دەدات، زۆر بە وردى کار لەسەر ئەوە دەکات رەوایەتى بۆ ئەو پرۆسەى داگیرکارییە دەستەبەر بکات، ئیتر چ رەوایەتى سیاسى بێت بە رێککەوتنى سیاسیی لایەنەکان، یان رەوایەتى دەستوورى و یاسایى بێت وەک ئەوەى لە جێبەجێنەکردنى مادەى 140ـدا دەیبینین کە کار بۆ ئەوە دەکەن؛ رۆژگارێک ئەو بەندە دەستوورییە بچەسپێنن، کە رەوایەتى لە دەستدەرهێنانى کەرکووک لە دەستى کورد مسۆگەر بکات. 
 
هەرچەندە لە بنەڕەتەوە بۆ کورد بەڕێوەبردنى کەرکووک ئەسڵى مەسەلەى کەرکووک نییە، کێشەکە ناسنامەى نیشتمانە، نەک ئیدارەى شارەکە. بەڵام نابێت لەپێناو پۆستێکى بەڕێوەبردن، مەترسى لەسەر داهاتووى ناسنامەکەى دروست بکات. لە دروستبوونى دەوڵەتى عیراقەوە تاوەکو ناوەڕاستى پەنجاکانى سەدەى رابردوو لە 1922 کە فەتاح پاشا، وەک یەکەم پارێزگارى کەرکووک دەستبەکار بووە، تا رەشید نەجیب لە ساڵى 1955 سەرجەم پارێزگارەکانى کەرکووک کورد بوون. لەوکاتەشەوە تاوەکو رووخانى سەدام، سەرجەمیان عەرەب بوون، بەڵام بەپێى قۆناخبەندیی ستراتیجیی دەوڵەت، هەنگاوەکانى پرۆسەى تەعریب لە هەموو ئەو 81 ساڵەدا بەردەوام بوون. 
 
ئەوەى گرنگە لەو مێژووەدا ئەوەیە؛ هیچ کات کورد رەوایەتى بەو سیاسەتى داگیرکارییە نەداوە. لە ساڵى 1955ـەوە بۆ 2003، پارێزگارەکانى وەک دەسەڵاتێکى سەپێنەر وێناکردووە. هەر بۆیە لەدواى کەوتنى سەدام مافى ئەوەى هەبوو دۆسییەى پاکتاوى رەگەزى وەک تاوان بەرێتە دادگەى باڵاى تاوانەکانى عێراق و کەیسەکەى بردەوە و، دادگە سیاسەتى پاکتاوى رەگەزى وەک تاوانى دژى مرۆڤایەتى و تاوانى جەنگ ناساند. 
 
بۆیە گرنگە کورد هەمیشە ئەوە لەبەرچاو بگرێت خۆى نەبێتە هۆکارى رەوایەتیدان بۆ سەپاندنى دەسەڵاتێک کە زادەى پاکتاوى رەگەزییە. ئەوەى لە دواى 16ـى ئۆکتۆبەریشەوە لە کەرکووک دەگوزەرێت سەربارى هەموو ئەو ناکۆکى و کێشە و گیروگرفتانەى هەبوون، کورد نەچووە ژێر رەوایەتیدان بە پارێزگارێکى سەپێندراو، راکان جبوورى، وەک جێگرى پارێزگار بە وەکالەت پۆستەکەى بەڕێوەبردووە. ئەگەرچى رەزامەندیی لیستى برایەتییشى هەبوو تا هەڵبژاردن بمێنێتەوە، بەڵام کورد ئامادە نەبوو بیکات بە پارێزگار. تەنانەت ئەگەر ئەو رەوشە چەند ساڵى دیکەش بەردەوام بێت، پۆستى پارێزگار بەلاوازى و وەکالەت بەڕێوەببرێت باشترە لەوەى کورد سازش بکات و دەسەڵاتى شەرعیی شارەکە بداتە عەرەبێک، ئەگەر بۆ ماوەیەکى کورتیش بێت. وەک ئەوەى ئێستا لە میدیاکانەوە باس دەکرێت؛ کورد لەپێناو وەرگرتنى پۆستى پارێزگار بۆ دوو ساڵ، ئامادەیە دوو ساڵیش پارێزگار بدات بە عەرەب. ئەمە سەرەتایەکى خراپە بۆ داهاتوویەکى خراپتر. 
 
کورد دەبێت ئەوەى لەبەرچاوبێت؛ لە دواى کەوتنى سەدام، لایەنە عەرەبییەکان خاوەنى سوپا و هێزى چەکدار نەبوون، پێگەى سیاسییان لاواز بوو، کورد بە پێگەیەکى بەهێزەوە لە گۆڕەپانەکەدا بوو، بۆ ماوەى 14 ساڵ پۆستى پارێزگارى لابوو، لە هەموو رووەوە هەژموونى بەسەر کەرکووکدا زاڵ بوو، بەغدا کێشە و لەمپەرى زۆرى بۆ دروست دەکرد. ئێستا بەم دۆخە خراپ و پێگە لاوازەى کوردەوە لە کەرکووک و بەغدا، کورد بە سازشکردن بۆ عەرەب لەپێناو ئەوەى دوو ساڵ پۆستى پارێزگارى بدرێتێ، چى پێدەکرێت؟ لە کاتێکدا هەموو کەس دەزانێت ئەوەى حوکمى راستەقینەى کەرکووک دەکات، حەشدى شەعبییە نەک ئیدارە رووکەشەکەى. بۆیە چەندین ساڵى دیکەش بە سەپاندن و دوور لە رەوایەتى و رەزامەندیی کورد، کەرکووک بەو جۆرە بمێنێتەوە باشترە لەو نەخشەرێگەیەى شەرعیەت بە دەسەڵاتێک بدات، کە ئێستا سیاسەتى تەعریب و تەشەیووعیش بەڕێوەدەبات.
 
ناکرێت ئەو هەڵەیە دووبارە بکرێتەوە کە هەندێک لە پەرلەمانتارانى کورد لە بەغدا بوونە کەواسوورى رەوایەتیدان بە مانەوەى حەشدى شەعبى لە دواى داعش، پاساوەکەشیان ئەوەبوو دەیانووت (لە رووى واقیعییەوە حەشدى شەعبى هەیە و بەیاسایى بکرێت باشە، یان لە دەرەوەى یاسابێت). ئەنجامەکەشى دەرکەوت؛ رەوایەتیدان بە حەشدى شەعبى چ زیانێکى بە کورد و سوننە گەیاند و لە داهاتووشدا چ مەترسى و هەڕەشەیەکى دیکە دروست دەکات. 
 
بۆیە هیوادارم ئەوانەى لەو بارەیەوە بڕیاریان بەدەستە، بیر لە رێگەیەکى دیکە بکەنەوە، عەرەب سەرچاوەى کێشەکانى کەرکووکە، ناکرێت پێتوابێت بە هاوبەشى لەگەڵ ئەوەى ماڵەکەى داگیرکردوویت، دەتوانیت ماڵەکەت وەرگریتەوە. بەدواى هاوبەشى دیکەدا بگەڕێن. ئەگەر هەر مەحکومن بەوەى پۆستى پارێزگار بە دەورى بێت، با تەنها دوو ساڵ بە دوو ساڵ لەنێوان عەرەب و کوردا نەبێت، تورکمان و مەسیحییەکانیش بهێننە نێو هاوکێشەکەوە و با هەر یەک لەو چوار پێکهاتەیە بۆ یەک ساڵ ئەو پۆستە وەرگرێت. بەوەش خۆتان لە رەوایەتیدان بە دەرئەنجامەکانى پاکتاوى رەگەزى دووردەخەنەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زوبێر رەسوڵ

هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد و رۆژئاوای کوردستان بکات؟

رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە کەناڵێکی دپلۆماسی و لۆبیکردن و پشتگیری نەتەوەیی هەیە بۆ ئەوەی ئەو دەسکەوتە گەورەیەی کە لە ماوەی 100 ساڵدا بۆ کورد بەدەستهاتووە لە سووریا لە چەند رۆ‌ژێکدا لەبارنەچێت، هەرێمی کوردستان و پێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لەو چرکەساتە مێژووییەدا.