خەریکە پرسی هەڕەشە و مەترسییەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، جارێکی دیکە دەکرێتەوە سەردێڕی رۆژنامە جیهانییەکان. ئەو سەردێڕە رۆژنامەوانییانەش، دوای ئاشکرابوون و دزەکردنی (کە وێدەچێ دزەپێکردنی بەمەبەست بن!) راپۆرتە نهێنییە هەواڵگرییە نوێیەکان گەرم دەکرێنەوە و بازاڕیان گەرم دەکرێت.
بۆ نموونە، بە گوێرەی راپۆرتێکی نوێی هەواڵگریی ئەمریکی، ئەو رێکخراوە سەرقاڵی هەوڵەکانییەتی بۆ دەستخستنی زانیاریی تەکنیکی و شارەزایی، بە مەبەستی دروستکردنی چەکی کیمیاوی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، هاوکات ئامادەکاریکردن بۆ بەئامانجگرتنی نێردە دیپلۆماسییە عێراقییەکان لە وڵاتانی ئەوروپا و رزگارکردنی نزیکەی پێنج هەزار زیندانیی رێکخراوەکەیان لە سووریا.
راپۆرتە هەواڵگرییەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هەوڵ و ئامادەکارییانە، بەشێکن لە پلانی داعش بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئەوروپا و ئاسیا و ناویان ناوە "پلانێکی مەبەستدار".
بەهەرحاڵ، قسەی ئێمە لێرە لەسەر راستی و ناڕاستیی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە نییە، بەڵکو باسکردنە لەسەر پرسی بابەتی رۆژئاوا و ئیسلامۆفۆبیا، کە دەیانەوێ وا نیشانی کۆمەڵگەکانی خۆیان و جیهانی بدەن، گوایە لەم بابەتە تۆقیون. کەچی ئەوەی کە دەگوترێت ئیسلامیی تووندڕۆ و پەڕگیر هەڕەشەیە بۆسەر رۆژئاوا و بووەتە، یان راستتر کراوەتە فۆبیا، لە نوکتەیەک زیاتر، هیچی دیکە نییە!
راستە کەم تا زۆر و لە شوێنکاتی جیاوازدا، ئەم رەوتانە مەترسییان بۆسەر وڵاتانی رۆژئاوا دروست کردووە، بەڵام مەترسییەکەیان کورتخایەنە و زۆرجاریش کردەوە تیرۆریستییەکانیان لەو وڵاتانەدا، پەرچەکردارن، نەک ستراتیژ!
راستییەکەی، ئەوە رۆژئاوا نییە لەبەردەم هەڕەشە و مەترسیی ئیسلامیی تووندڕۆ، تیرۆریست، جیهادی و رادیکاڵدایە، بەڵکو ئەوە کۆمەڵگەکانی موسوڵمانن، کە وەک رابردوو، ئێستا و لە داهاتووشدا، ئامانج و قوربانیی یەکەمی ئەم هەڕەشە و مەترسییەن، لەناویشیاندا کوردستان!
چۆن؟
بەپێی هەموو رووپێوی و ئامارەکان، رێژەی موسڵمان لە هەموو یەکێتیی ئەوروپا ناگاتە 5%ـی کۆی دانیشووانی وڵاتانی ئەم یەکێتییە، ئەمە و ئەو رێژەیە لە ئەمریکا لە 1٪ کەمترە، کەچی لە میانی گوتاری سیاسی و میدیاییاندا، دەیانەوێ ئەم رەوتە تووندڕۆ و تیرۆریست، جیهادی و رادیکاڵانە وەک مۆتەکە و خێوێکی ترسناک، نیشانی کۆمەڵگاکانیان بدەن! سەیر ئەوەیە، لەکاتێکدا لە رووسیا رێژەی موسڵمان دەگاتە 10٪ ، بەڵام قەت نەمانبیستووە رووسیا ئەمەی وەک هەڕەشە و مەترسی بۆسەر خۆی سەیر کردبێت و بکات!.
ئەم ئامار و رووپێوییانە بەراورد بە گەورەکردنی مەترسی و هەڕەشەکان بۆسەر رۆژئاوا لەکاتێکدان، کە رێژەی موسڵمانان لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامی، ئەگەر سەت لە سەتیش نەبێت، ئەوا زۆرینەیە و لەو نێوەدا هەر گرووپە ئیسلامییەکان نا، بگرە موسڵمانە رەشۆکییەکەش بەردەوام ئەوە بە چاوی خەڵک و خوا دادەنەوە، کە لە زۆرینەش زیاترن!
هەر بۆ نموونە، بە وردبوونەوە لە مێژووی دروستبوونی (یان دروستکردنی!) ئەو رەوتانە لە (ئیخوان)ـەوە بگرە تا دەگاتە (تاڵیبان و داعش) و رۆڵی وڵاتانی رۆژئاوا لەو یارییەدا، مرۆڤ لە نهێنیی گەورەکردنی قەبارەی ئەم ترسە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بۆسەر خۆیان و بەلاڕێدابردنی راستییەکان و خۆڵکردنە چاوی موسڵمانی رەشۆکیی سادە و ساویلکە و خۆشباوەڕی کۆمەڵگەی ئیسلامی، هەندێ سەرەداوی بۆ دەردەکەون، یان لەوە تێدەگات کە کورد گوتەنی: "کەر لە کوێ کەوتووە و کوندە لە کوێ دڕاوە!"
کەواتە، بەپێی ئەو رێژە بەرزەی موسڵمانان لە کۆمەڵگەکانیان، کە جوگرافیا سیاسی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانیان سەرچاوە و سەرزەمینی دەرکەوتن و گەشەکردنی ئەو گرووپانەن، تەنیا خودی ئەو کۆمەڵگەیانەی ئیسلامن، کە قوربانیی یەکەمی ئایدیۆلۆژیا پەڕگیر و سیاسەتە تووندئاژۆ و هەڕەشە و مەترسیی کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەو گرووپانەن!
بۆچی کۆمەڵگەی کوردستان؟
هاوشێوەی هەموو کۆمەڵگە موسوڵمانەکان، کۆمەڵگەی کوردستانیش لەو هەڕەشە و مەترسییە هەنووکەیی و ئاییندەییانەی ئیسلامییەکان، نەک هەر بەدەر نییە، بگرە مەترسییەکە لێرە دووقاتە، بەتایبەتی کاتێ ئەو کۆمەڵگەیە پشت دەکاتە باوەڕ و ئایینی نەریتیی خاوێن و بێ گەرد و تۆزی سەردەمی سادەیی دایک و داپیر، باوک و باپیرانمان و ریشی خۆی دەداتە دەستی ئیسلامی سیاسی و گرووپە هەمەڕەنگەکانی، کە هەر مۆدێلێکیان ئەوەی دیکە رەت دەکاتەوە. هاوکات دۆخی ئەو کۆمەڵگەیە هێندەی دیکە دەشێوێت، کە کوێرانە دەبێتە شوێنکەوتەی گوتاری ئەو واعیز و بانگخوازانەی لە پزدانی ئەو گرووپانە کەوتوونەتە خوارەوە!
لەم روانگەیەوە، لەناو کۆمەڵگە ئیسلامەکاندا، کۆمەڵگەی پەرتەوازە و لێکترازاوی کوردستان، یەکێکە لەوانەی بە جیددی لەبەردەم ئەگەری گەورەتربوونی ئەو هەڕەشەیەدایە.
مەترسییە گەورە و راستەقینەکەی ئیسلامییەکان لەسەر ئێستا و داهاتووی کوردستان ئەوەیە، کە هێز و توخم و رەگەزی ئەوەیان تێدایە ببنە جێگرەوەی دەسەڵات و سیستمی سیاسی، چونکە جگە لەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان ناڕاستەوخۆ هاوکارە لە گەشەکردنی ئیسلامییەکان، وەکووتر زەمینەی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کۆمەڵگەی کوردستانیش، خاکێکی زۆر بە پیت و لەبارە، بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی زۆر دوور نا (ئەگەر نەشڵێین نزیک)، ئیسلامییەکان بەڕە لەژێر پێی حیزبە حوکمڕانەکانی هەرێمی کوردستان دەربهێنن!
هەڕەشەکە لەوێدا زیاتر و گەورەتر دەردەکەوێت، کە وێڕای زەمینە کۆمەڵایەتییەکە، ئەو هێزە سیاسی و حوکمڕانانەی کوردستان، سەرەڕای بانگەشەکانیان بۆ دیموکراسیەت و ئازادی و کرانەوە، نەک هێشتا ئازایەتیی ئەوەیان نییە دەوڵەتداری و ئایین، سیاسەت و ئایین، پەروەردە و ئایین لە یەکتری جیا بکەنەوە، بگرە لەپێناو بەردەوامیدان بە دەسەڵات و فراوانکردنی ئۆتۆریتەی سیاسیی خۆیان، رۆژ دوای رۆژ پشی پشی بۆ گرووپە ئیسلامییەکان دەکەن و بیریان دەچێتەوە، یان لەبیری خۆیانی دەبەنەوە، کە هەر ئەم هاوکارییە ناڕاستەوخۆیەیان (هەندێک جاریش ئاشکرا و راستەوخۆ!) وا دەکات، سبەی رۆژ گرووپە ئیسلامییەکان بەر لە کۆمەڵگەی کوردستان، سەری هێزە سیاسییە حوکمڕانەکانی بخۆن!
ئەرێ بەڕاست، تا هەنووکە کەس لە خۆی پرسیوە ئاخۆ کۆمەڵگەی ئایینسالاری ئاشتیخوازی خاوەن پەیوەندیی کۆمەڵایەتیی تووندوتۆڵی سەردەمی (مەولانا، شێخ مارفی نۆدێ، مەلای گەورە، شێخ محەممەدی خاڵ، مەلای مودەریس، مەلا وەرتی…) و دەیان ئایینپەروەری منەوەری دیکەی هاوشێوەیان، بۆ بەم رۆژە رەشە گەیشت؟
بەداخەوە، لەسای پشی پشی و موجامەلەی حوکمڕانانی هەرێمی کوردستان بۆ تیرە و تایەفە و هۆز و خێڵ و ئاغا و کوێخا و گرووپی کۆنەپارێز و هێزی تاریکپەرست، ئێستا تخووبێکی دەزوولەیی و بۆشاییەکی خۆڵەمێشی، کۆمەڵگای ئێمە لە ئاستە کۆمەڵایەتی و ئایینی و کولتوورییەکەی لە کۆمەڵگای (رەققە و موسڵ)ی داعش و ئەفغانستانی (تاڵیبان) جیا دەکاتەوە و هیچی دیکە!

.jpg&w=3840&q=75)

