هەندێک شوێن هەن مێژووی نەتەوەیەک تێیاندا کۆدەبێتەوە. چیای شنگال یەکێکە لەوانە. لە ئابی 2014دا دەیان هەزار ژن، پیاو و منداڵی ئێزدی بۆ رزگاربوون لە دەستی بکوژانی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پەنایان بردە بەر بناری چیای شنگال. ئەوان نە ئاویان هەبوو، نە سێبەر و پەنایەک. هەندێک منداڵیش لە رێگەدا گیانیان لەدەستدا و لە کەناری رێگەکاندا بە خاک سپێردران. ئەوانەی وەک ئێمە کە لەگەڵ رزگاربووان دا کار دەکەن، دەزانین کە لە یادەوەریی ئەوان دا ئەم چیایە، پەناگەیە و گۆڕستانیشە. ئەو چیایە ئەو کەسانەی رزگار کرد و هەروەها گۆڤان (شاهد)ی مەرگیشیان بوو.
لە 26ی تشرینی یەکەمی 2026ەوە سوپای عێراق کۆنترۆڵی پێگە ستراتیژییە گرنگەکانی سەر چیاکەی گرتووەتە دەست. یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال کە ناسراوە بە (یەبەشە) و نزیکبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، دەبێ دەستبەرداری سازییە سەربازییە سەربەخۆکەیان ببن. بەگوێرەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، رێککەوتنەکە تێکەڵکردنی 4165 شەڕڤانی ژن و پیاو لەخۆدەگرێت بۆ نێو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق، لەوانەش سوپا، پۆلیس و هێزەکانی حەشدی شەعبی. زانیارییەکان جیاوازن لەسەر ئەوەی تاوەکو ئێستا چەند شەڕڤان تێکەڵکراون و هەنگاوەکانی دواتر چی دەبن. سەرۆکوەزیرانی فیدراڵیی عێراق عەلی زەیدی لە مانگی ئەیلوول دا ئەم لێکتێگەیشتنە سیاسییەی راگەیاند. واتە قۆناخێکی نوێ لە شنگال دەستپێدەکات، بە هەموو لێکەوتەکانییەوە کە زۆر زیاترە لە بابەتە سەربازییەکان.
سەرەتا، لەوانەیە هەر کەسێک ئەمە وەک هەواڵێکی باش ببینێت و روانگەیەکی منیش بەوجۆرە لە بابەتەکە دەڕوانێ. کەمبوونەوەی گرووپێکی چەکدار کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت دا کار دەکات، دەکرێت ئاسایشێکی زیاتر بۆ خەڵک دابین بکات. دوای ساڵانێک لە هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا، هیوا هەیە کە شنگال چیدیکە نەبێتە ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان. بەغدا بەڵێنی ئاوەدانکردنەوە، قەرەبووکردنەوە و گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەبووەکان دەدات. ماوەی 12 ساڵە ئەم ناوچەیە لە نێوان بەغدا و هەولێر، پەکەکە و میلیشیاکان، هێرشە ئاسمانییەکان و ئەو بەڵێنانەی هەرگیز نەبرانە سەر، دیلە و گیری خواردووە.خەڵکەکەی هەموو مافێکیان هەیە کە چاویان لە سیستەمێکی جێی متمانە بێت.
بەڵام ئەوەی نیگەرانم دەکات تەنیا ئەوە نییە کە ئایا بۆردوومانکردنی شنگال کەم دەبێتەوە یان نا، بەڵکو ئەوەیە کە چ جۆرە سیستەمێک دێتە کایەوە، کێ دایدەڕێژێت و خەڵک چ مافێکیان تێدا دەبێت. لە کاتێکدا کە ئەم رستانە دەنووسم، لە کەمپی خانکێم لە نزیک دهۆک و قسە لەگەڵ ئەو خێزانانە دەکەم کە ١٢ ساڵە چاوەڕێی گەڕانەوەن بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. شەکەتییەک و بێئومێدییەک دەبینم کە هێشتاش بە قووڵی کاریگەریم لەسەر دادەنێت، تەنانەت دوای دەیان ساڵ کارکردن لەگەڵ رزگاربووانی تووندوتیژیش دا. بۆ ئەم خێزانانە، پرسیارە سەرەکییەکە ئەوە نییە کە چەکدارەکانی سەر چیاکە چ جلوبەرگێک دەپۆشن؛ ئەوان دەیانەوێت بزانن ئایا دەتوانن جارێکی دیکە لە ماڵەکانی خۆیاندا بژین بەبێ ئەوەی سەرلەنوێ لە ترسی چارەنووسی منداڵەکانیاندا بن.
بەڵێنێکی دەستووریی جێبەجێنەکراو
بۆ هەولێر، شنگال تەنیا قەزایەکی ئاسایی پارێزگای نەینەوا نییە، بەڵکو یەکێکە لە ناوچە جێناکۆکەکان کە دەبوو بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقی ساڵی ٢٠٠٥ لە رێگەی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و گشتپرسییەوە ئایندەکەی یەکلایی بکرێتەوە، دەبووایە تاوەکو کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ ئەمانە بکرێن، بەڵام هیچ لەمانە نەکران.
نزیکەی دوو دەیە دەبێت ئەم ماددەیە لە دەستووردا وەک بەڵێنێک ماوەتەوە کە نە کەس پێیەوە پابەند دەبێت و نە کەسیش هەڵیدەوەشێنێتەوە. لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ـەوە، کاتێک هێزە عێراقییەکان و حەشد دوای گشتپرسیی سەربەخۆیی کوردستان، پێشمەرگەیان لە شنگال وەدەرنا، ئەم پرسە لە راستی دا لە رێگەی کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی دیفاکتۆوە یەکلایی کرایەوە نەوەک لە رێگەی یاساوە.
"رێککەوتننامەی شنگال" کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێوان بەغدا و هەولێردا واژۆکرا، ئامانجی پڕکردنەوەی ئەم کەلێنە بوو. رێککەوتنەکە بڕیاری لەسەر رێوشوێنە ئەمنییە نوێیەکان، کشانەوەی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەوڵەت و پێکهێنانی ئیدارەیەکی خۆجێیی نوێ دا، بەڵام خاڵە سەرەکییە سیاسی و کارگێڕییەکانی هەرگیز جێبەجێنەکران. لێکتێگەیشتنی ئێستا پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی سەربازی لەخۆ دەگرێ، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێکی ئەوتۆی تۆکمە نییە لەبارەی رۆڵ و بەشداریپێکردنی هەولێر یان بەشداریکردنی ماناداری دانیشتووانی ئێزدی.
کاردانەوەی هەرێمی کوردستان روون بووە. وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند نیگەرانە لەوەی بەغدا بەشێوەیەکی تاکلایەنانە لە شنگال هەنگاو دەنێت، ئەمەش بە پێشێلکردنی رێککەوتننامەی ٢٠٢٠ دادەنێت. رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، هۆشداری دەدات کە نە ئاسایش و نە گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەبووەکان بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ هەولێر سەرناکەوێت. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هەرچەندە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) خاکەکەی لەدەستداوە، بەڵام توانای قۆستنەوەی کەلێنە ئەمنییەکانی لەدەست نەداوە. وەڵامەکەی بەغدا لە یەک رستەدا هاتەوە: ئەم بابەتە تەنیا لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی حکومەتی فیدراڵیدایە.
پەیامە سەرەکییەکە لەو وشەیەدایە: «تەنیا». ئەم بابەتە زۆر لە چەند هەزار شەڕڤانێک زیاترە؛ پرسەکە ئەوەیە ئایا شنگال وەک بابەتێکی دەستووریی یەکلانەبووەوە دەمێنێتەوە، یان بڕیارە سەربازی و کارگێڕییەکان لە مشتومڕە سیاسییەکان دەریدەهێنن.
تێکەڵکردنی یەبەشە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دا، ماددەی ١٤٠ پووچەڵ ناکاتەوە، بەڵام دەکرێت هاوسەنگیی هێز بەشێوەیەکی ئەوەندە قووڵ بگۆڕێت کە جێبەجێکردنی ئەو ماددەیە لە داهاتوودا هێندەی دیکە قورسترببێت. دانوستاندنەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە لەسەر رادەستکردنی بنکە سەربازییەکەی تورکیا لە زیلکان لە نزیک باشیک، کە بەبێ بەشداریپێکردنی هەولێر بەڕێوەچوون، دەریدەخەن کە بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە بڕیارە ئەمنییە هەرێمییەکاندا تاوەکو چەند جێگەی دڵنیایی نییە و ناتوانرێت وەک بابەتێکی مسۆگەر لێی بڕوانرێت.
ئێزدی، کورد، عێراقی
ململانێی سەر خاوەندارێتیی خاک، لەگەڵ پرسیارێکی ناسنامەدا هاوتەریبە کە زۆر لە هەر سنوورێک قووڵتر روودەچێتە خوارەوە. ئێزدی لەوەدا جیاوازن کە ئایا خۆیان وەک کورد، وەک ئێزدی، یان وەک هەردووکیان ببینن. هەندێک لە سیاسەتڤانان داوای ئیدارەیەکی سەربەخۆ بۆ ئێزدییان دەبەستنەوە بە پەیوەندییەکی نزیکتر لەگەڵ بەغدا. هەندێکی دیکە هێشتا داهاتووی خۆیان لە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان دا دەبیننەوە.
سیاسەتڤانانی ئێزدی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت رێز لە خەڵک بگیرێت، بەبێ گوێدانە ئەوەی چۆن پێناسەی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەکەن. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە، نابێ مشتومڕ لەسەر خۆبەڕێوەبەری تێکەڵی بڕیاردان لەسەر ناسنامەی تەواوی پێکهاتەیەک بکرێت.
لە وتارێکی پێشوومدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئێزدی کوردن؟ نووسیم کە کەس جگە لە خودی کەسە پەیوەندیدارەکە مافی ئەوەی نییە بڕیار لەسەر ناسنامەکەی بدات. من هێشتا لەسەر ئەو هەڵوێستەم بەردەوامم. هیچ سیاسەتڤانێکی کورد مافی ئەوەی نییە بە ئێزدییان بڵێت دەبێت کورد بن، هیچ بەرپرسێکی عێراقیش مافی ئەوەی نییە لە ئێزدییان قەدەخە بکات کە کورد بن. ئێزدی پێکهاتەیەکی نەتەوەیی-ئایینین کە بەستەر و پەیوەندیی قووڵی زمانەوانی و مێژووییان لەگەڵ جیهانی کوردی دا هەیە.
مێژووی ئێزدییان چەوساندنەوە لەلایەن فەرمانڕەوا و هۆزەکانی کوردیش لەخۆدەگرێت. لە تورکیا و سووریا، ئێزدی زۆرجار بەهۆی ئەوەی وەک کورد دەبینران پەلامار دەدران. لە دەڤەری شنگال، شەوی ٣ی ئابی ٢٠١٤ ئەزموونێکی جیاواز لە یادەوەریی زۆر لە خێزانەکاندا هەڵکۆڵدرا. کەواتە، جیاوازی لە شێوازی پێناسەکردنی ناسنامە مەرج نییە نیشانەی نەشارەزایی بێت لە مێژوو، بەڵکو لەوانەیە رەنگدانەوەی ئەزموونی جیاوازی پەیوەستبوون، پارێزراوی و بەتەنیا بەجێهێڵران بێت.
مەترسییەکە لەوکاتەوە سەرهەڵدەدات کە مافی چارەی خۆنووسین دەبێتە هێڵێکی نوێی دابەشبوونی سیاسی. کەسێک کە تەنیا خۆی وەک ئێزدی پێناسە دەکات، مەرج نییە دژایەتیی هەولێر بکات. بە هەمان شێوە، ئەو کەسەش کە خۆی وەک کوردێکی ئێزدی دەناسێنێت، ناچار نییە دەستبەرداری مافی نوێنەرایەتییەکی سەربەخۆی ئێزدی بێت. شنگال تەنیا شوێن نییە کە ئێزدی لێی دەژین؛ شێخان، لالش—کە پیرۆزترین مەزارگەی ئێزدیانە—و گوندەکانی دەوروبەری دهۆک هەموویان لە هەرێمی کوردستاندان و دامەزراوە ئایینییەکانیشیان لەوێن. هەر رێکخراوێکی سیاسی کە شنگال بخاتە بەرامبەر ئەم شوێنانە، گوشار و گرژیی زیاتر دەخاتە سەر پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەیەک کە پێشوەختە بەسەر چەندین دەوڵەت دا بڵاوبووەتەوە. سنوورەکان و شێوازەکانی ئیدارەدان دەکرێت دانوستاندنیان لەسەر بکرێت، بەڵام هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بڕیار لەسەر ناسنامەی کەسێکی دیکە بدات.
پێویستە مافی بێسنووری تاک بۆ دیاریکردنی ناسنامەی خۆی، لە مافە بەکۆمەڵەکانی کەمینەکان جیابکرێتەوە. پاراستن، خاوەندارێتیی موڵک، ئازادیی ئایینی، بەشداریی سیاسی و گەڕانەوەیەکی سەلامەت، دەبێت بۆ هەموو ئێزدییان مسۆگەر بکرێن، بەبێ گوێدانە ئەوەی چ تێگەیشتنێکیان بۆ ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان هەیە. دوای کۆمەڵکوژییەک، بەتایبەتی کارەساتبار دەبێت ئەگەر پشتگیریکردن لە بەرەیەکی سیاسی ببێتە مەرجێک بۆ دانپێدانانی ئەو مافانە.
کێ سوودمەند دەبێت و کێ زیانمەند؟
بەغدا کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەیەکدا بەهێزتر دەکات کە حکومەتی فیدراڵی لە ساڵی ٢٠١٧ـەوە هەبوونی سەربازیی تێدا پاراستووە، بەڵام پێگە سیاسییەکەی هێشتا جێناکۆکە.
شەڕڤانانی رێکخراوێکی چەکداری نزیک لە پەکەکە دەبنە ئەندامی دامەزراوە ئەمنییەکانی دەوڵەت؛ زنجیرەی فەرماندەیی، مووچە و پەیوەستییە سیاسییەکان دەگۆڕدرێن. ئەوەی کە ئایا ئەمە دەبێتە هۆی لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتییەکی زیاتر بەرامبەر بە خەڵک، بەندە بەوەی کێ کۆنترۆڵی ئەو هێزانە دەکات و خەڵکی شنگال تاوەکو چەند کاریگەرییان بەسەر ئاسایشی خۆیانەوە دەبێت.
حەشدی شەعبیش دەتوانێت بوونی خۆی لەم ناوچە سنوورییە ستراتیژییە گرنگەدا بەهێزتر بکات، ئەگەر بەشێک لە ئەندامانی یەبەشە بە کردەیی تێکەڵی ریزەکانی بکرێن. ئەمەش پێچەوانەی ئەو نیازە راگەیێندراوەی بەغدایە کە سەرجەم هێزە چەکدارەکان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی کاریگەری دەوڵەتەوە. تاران سەرنج و بەرژەوەندیی لە رێڕۆیەکانی بەرەو سووریا و پێگەی ئەو گرووپانەدا هەیە کە لە عێراق هاوپەیمانی ئێرانن. ئەمە بەڵگە نییە بۆ پلانێکی هاوبەشی پێشوەختە دژی هەولێر، بەڵام دەریدەخات کە رێککەوتنێکی ئەمنیی خۆجێیی لە شنگال، دەستکاریی بەرژەوەندیی هێزە هەرێمییەکانیش دەکات.
ئەنقەرە لەمێژبوو گوشاری دەکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانەی نزیکن لە پەکەکە لە باشووری سنوورەکانی. رێککەوتنە نوێیەکە خزمەتی ئەو بەرژەوەندییە ئەمنییە دەکات، هەرچەندە هێشتا ناڕوونە تورکیا سیاسەتی سەربازیی خۆی لە ناوچەکەدا چۆن بەڕێوە دەبات. کاتێک ئەنقەرە و بەغدا لە هەمان وتووێژدا باسی ئاسایش، بازرگانی و رێڕۆکانی گواستنەوەی وەک "رێگەی گەشەپێدان" دەکەن، دەردەکەوێت کە داهاتووی شنگال تاوەکو چ رادەیەک بەستراوەتەوە بە بەرژەوەندییە هەرێمییە بەرفراوانەکانەوە.
هەولێر هەژموونی خۆی لە ناوچەیەکدا لەدەستدەدات کە دۆخی دەستووریی هێشتا یەکلانەکراوەتەوە، بەڵام لەوانەیە گەورەترین زیانمەند ئێزدی بن ئەگەر ببنە بابەتی رێککەوتنێک بەبێ ئەوەی هاوبەشێکی یەکسان بن لە جێبەجێکردنی دا.
بۆ ئاوەدانکردنەوە، قەرەبووکردنەوە و گەڕانەوە، پێشتریش چەندین جار لە شنگال بەڵێنیان پێدراوە. ئەم جارە دەبێت بەڵێنەکان بە بودجەی پەسەندکراو، وادەی دیاریکراو، پاراستنی یاسایی بۆ گەڕاوەکان و بەشدارییەکی سەربەخۆی ئێزدییان پشتیوانی بکرێن؛ ئەگەرنا، جلوبەرگە سەربازییەکان دەگۆڕێن، بەڵام ناسەقامگیری و نائارامیی ژیانی رۆژانە وەک خۆی دەمێنێتەوە.
کاتێک چەکەکان نامێنن
شنگال کەیسێکی دابڕاو نییە. لە ئایاری ٢٠٢٥دا، پەکەکە هەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند و لە تەممووزدا گەریلاکانی بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە نزیک سلێمانی سووتاندن. لە تورکیا، چوارچێوەیەکی سیاسی و یاسایی بۆ پرۆسەیەکی نوێ هاتە ئاراوە. لە سووریا، رێککەوتنەکانی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەنێو پێکهاتەکانی دەوڵەت دا، پێگە سەربازییە سەربەخۆکەیانی بە بنەڕەتی گۆڕی. ئێستاش یەبەشە لە شنگال هەمان رێچکە دەگرێتەبەر. ئەم پێشهاتانە هۆکاری جیاوازیان هەیە و هەمان شێواز پەیڕەو ناکەن، بەڵام هەمان پرسیار دەورووژێنن: چی بەسەر مافە سیاسییەکانی خەڵک دا دێت کاتێک رێکخراوە چەکدارییەکانیان نامێنن؟
لەبەرئەوەی تەمەنی پیشەیی خۆم لە مامەڵەکردن لەگەڵ لێکەوتەکانی تووندوتیژیدا بەسەربردووە، هەرگیز لە گرنگیی بێدەنگبوونی چەکەکان کەم ناکەمەوە، بەڵام نابێ کۆتاییهاتنی رێکخراوێکی چەکدار بە چارەسەرکردنی ململانێیەکی مێژوویی تێبگەین.
سوپایەک دەتوانێت شەڕڤانان لەخۆ بگرێت و حکومەتێکیش دەتوانێت بەڵێنی ئاسایش بدات؛ بەڵام رێکخستنەوەی سەربازی بە تەنیا دانپێدانان بەدەستناهێنێت، هەروەک چۆن کشانەوەی گرووپێکی چەکدار متمانە دروست ناکات. دەبێ مافەکان بە پارێزراوی بمێننەوە تەنانەت ئەگەر هاوسەنگیی هێز جارێکی دیکەش بگۆڕێت.
ئەم پێشهاتانە بەشێکن لە داڕشتنەوەیەکی بەرفراوانتری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەنقەرە بەدوای ئازادیی زیاتری مانۆڕ و جووڵەدا دەگەڕێت لە ناوچەکەدا؛ بەغدا دەیەوێت دەسەڵاتی دەوڵەت بچەسپێنێت، دیمەشق دەیەوێت کۆنترۆڵی خاک بکاتەوە و هەولێریش دەیەوێت بەرگری لە قەوارە و ئۆتۆنۆمییەکەی بکات. بۆ ئەکتەرە سیاسییەکانی کورد، ئەمە دۆخێکی دژوار دەخوڵقێنێت؛ لەوانەیە پۆستی حکومی، دەرفەتی ئابووری، یان پێگە لەنێو دامەزراوە ئەمنییەکاندا بەدەستبێنن، بەبێ ئەوەی گەرەنتییەکی سیاسیی جێی متمانە مسۆگەر بکەن. پۆستێکی حکومی دەستوور نییە و بەڵێنێکیش نابێتە مافێکی یاسایی جێبەجێکراو. ئەم جیاوازییەش زۆرجار تەنیا لەکاتی سەرهەڵدانی قەیرانی داهاتوودا دەردەکەوێت.
بۆ ئەمە پێویست بە هیچ تیۆرییەکی پیلانگێڕی یان پلانێکی نهێنی ناکات. دەوڵەتەکان بە دوای بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوەن، کە هەندێک جار یەکدەگرنەوە و هەندێک جاریش بەر یەک دەکەون. لاوازکردنی رێکخراوە چەکدارییە سەربەخۆکانی کورد لەوانەیە لە یەک کاتدا خزمەتی چەندین حکومەت بکات، تەنانەت ئەگەر لە بوارەکانی دیکەشدا رکابەری یەکدی بن. ئەمە بەو مانایە نییە کە هەموو پێشهاتێک لەلایەن یەک دەسەڵاتەوە ئاراستە دەکرێت، بەڵکو وامان لێدەکات بپرسین: ئایا ئەو خەڵکەی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم رووداوانە، دەتوانن خۆیان بڕیار لەسەر ئەو یاسا و رێسایانە بدەن کە لەژێریدا دەژین؟
ئەوەی رزگاربووان لەگەڵیدا دەژین
زیاتر لە ٢،٥٠٠ ئێزدی هێشتا بێسەروشوێنن. زۆر لە خێزانەکان بەردەوامن لە ژیان لە کەمپەکانی دەوروبەری دهۆک، لەوێ منداڵان گەورەبوون بەبێ ئەوەی هەرگیز ئەو گوندانەیان دیبن کە بنەماڵەکانیان لێیانەوە ئاوارە بوون. لە توێژینەوەکانی تایبەت بە زەبری دەروونی (تراوما)، هانس کایلسۆن نیشانیدەدات کە بارودۆخی ژیان دوای چەوساندنەوە تاوەکو چەند چارەنووسسازە. ئاسایش، دانپێدانان و دەرفەتی کۆنترۆڵکردنەوەی ژیانی خۆت، رۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕن لەوەی ئایا خەڵک دەتوانن دەست بکەن بە هەرسکردن و ساڕێژکردنی ئەو ئازارانەی چەشتوویانە یان نا. بۆ زۆر لە رزگاربووانی جینۆسایدەکە، ئەم مەرجانە هێشتا نەهاتوونەتە کایەوە؛ ئەوان نازانن کەسوکاریان لەکوێن، ئایا هەرگیز دەگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان، یان دوای هەموو ئەو رووداوانەی روویاندا، دەتوانن متمانە بە کێ بکەن.
ساڵانێکی درێژ لە ئاوارەیی، مرۆڤ بێ لۆژیک ناکات یان توانای بڕیاردانی سیاسیی لێ زەوت ناکات؛ بەڵام کاتێک بەڵێنەکان بۆ چەندین ساڵ بە جێبەجێنەکراوی دەمێننەوە، ئاواتەخوازی بۆ کەسێک کە لە کۆتاییدا دەستبەکاربێت و کارێک بکات، پەرە دەسێنێت.
ئەمە شتێکە مرۆڤ دەتوانێت لێی تێبگات و، بەرپرسیارێتییەکی تایبەت دەخاتە سەر شانی سەرکردە سیاسییەکان. ئەوان نابێت شەکەتی و ماندووبوونی خەڵک بقۆزنەوە بۆ ئەوەی بڕیارەکان وەک شتێکی حەتمی پێشان بدەن، لە کاتێکدا لەوانەیە لێکەوتەکانیان تەنیا دواتر روون ببنەوە. کارە کلینیکی و ئەکادیمییەکەم فێری کردم کە گێڕانەوەی متمانە چەندە قورسە کاتێک تووندوتیژی و بێ ئومێدیی بەردەوام وێرانی کردبێت. هیچ رێککەوتنێک ناتوانێت برینە دەروونییەکانی 12 ساڵ لە ئاوارەیی تەنیا بە واژۆکردنی لەسەر کاخەزێک ساڕێژ بکات.
لە کەشێکی لەم شێوەیەدا، دەمەقاڵی و هەندێک بەڵگە ئاڵوگۆڕ دەکرێن کە هەریەکەیان راستن، بەڵام هیچ پرسێک یەکلایی ناکەنەوە. لە لایەنی کوردییەوە، خەڵک ئەوە دەهێننەوە یاد کە پێشمەرگە لە شنگال گیانی خۆی بەختکرد، کوردانی موسڵمان خێزانە ئێزدییەکانیان شاردەوە و رزگاریان کردن و سەدان هەزار کەسی ئاوارەش لە ساڵی 2014ـەوە پەنایان لە هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە؛ هەموو ئەمانە راستن. لە لایەنی ئێزدییانەوە، خەڵک پەنجە دەخەنە سەر شەوی 3ی ئابی 2014، کاتێک پێشمەرگە بەبێ ئاگادارکردنەوەی خەڵکەکە کشایەوە، هەروەها ئاماژە بە چەندین سەدە لە چەوساندنەوە دەکەن کە میر و هۆزەکانی کورد تێیدا بەشدار بوون؛ ئەمەش هەر راستە، بەڵام دانانی ئازارێک لە بەرامبەر ئازارێکی دیکەدا لێکتێگەیشتن دروست ناکات، بەڵکو تەنیا تۆمەتی زیاتری لێدەکەوێتەوە. ئازاری لایەنێک ناتوانێت ئازاری لایەنەکەی دیکە بسڕێتەوە؛ دەبێت دان بە هەردووکی دابنرێت.
هەندێک دەنگ لەنێو دیاسپۆرای ئێزدی لە ئەرمەنستان، جۆرجیا و ئەڵمانیا، داوای جیاکردنەوەیەکی روونتر لە ناسنامەی کوردی دەکەن. ئەم هەڵوێستە رەگی مێژوویی و کەسیی جیاوازی هەیە؛ زۆر کەس دەیبەستنەوە بە خواستی رەوای خۆیان بۆ دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەکەیان. هەندێکیش پەنا دەبەنە بەر هەندێک گێڕانەوە لەبارەی رەچەڵەکی خۆیان کە بە بەڵگەی زانستی و ئەکادیمیی جێی متمانە پشتڕاست نەکراونەتەوە.
ئەم مشتومڕانە دەبێت بە هێمنی و لەسەر بنەمای راستی و بەڵگەکان بەڕێوەبچن. شکۆ و رێزی ئێزدییان بەند نییە بەوەی ئایا ئایینەکەیان لەوانی دیکە دێرینترە، یان دەتوانن رەچەڵەکێکی نەتەوەیی جیاواز لە کورد بسەلمێنن. مافەکانیان وەک مرۆڤ موڵکی خۆیانە و، وەک کۆمەڵگەیەکی هەڕەشەلێکراویش، پێویستیان بە پاراستنێکی تایبەتە.
خەڵکی دیاسپۆرا دەبێت لەوەش بڕوانن کە داواکارییە سیاسییەکانیان چی دەگەیێنێت بۆ ئەوانەی لە شنگال، شێخان، یان لە کەمپەکاندا ماونەتەوە. هەڵبژاردنی ناسنامەیەکی جیاوازی ئێزدی بە مانای دژایەتیکردنی دراوسێی کورد نییە. هەروەها نوێنەرایەتیی سیاسی تەنیا بە جیابوونەوە لە دەسەڵاتێک و خۆخستنە دەست دەسەڵاتێکی دیکە نابێتە سەربەخۆ. سەربەخۆیی واتە توانای بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی خۆت بە شێوەیەکی ئازاد، ئینجا لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا، هەولێر، ئەنقەرە یان هەر حیزبێکی سیاسیی کوردی دا بێت.
پرسیارێک بۆ پەکەکە
یەک ئەکتەر لەم ناکۆکییەدا هەیە کە هێشتا وەڵامێکی روون قەرزدارە. یەبەشە لە ئابی ٢٠١٤ لەلایەن پەکەکەوە دامەزرا؛ پەیکەربەندی، مەشق و راهێنان و گوتاری سیاسییەکەی لە قەندیلەوە دیاریکرا.
ساڵانێکی زۆر، پەکەکە پشتیوانی لەو گرووپانە دەکرد کە لە شنگال داوای خۆبەڕێوەبەریی ئێزدییان دەکرد لە دەرەوەی کۆنترۆڵی هەولێر. لە هەمان کاتدا، زۆرجار ئێزدییەکانی وەک بەشێک لە مێژوو و کۆمەڵگەی کوردی و تەنانەت وەک دێرینترین و رەسەنترین کرۆکی گەلی کورد وەسف دەکرد. ئەم هەڵوێستانە مەرج نییە دژبەیەک بن؛ بەڵام دەبنە دژبەیەک کاتێک خۆبەڕێوەبەری لە جیاتی ئەوەی خزمەتی پاراستنی هەڵبژاردنی ئازادی خەڵک بکات، زیاتر بۆ جیاکردنەوەی حیزبێکی کوردی لە رکابەرەکەی بەکاربهێنرێت. دەبێ پەکەکە روونی بکاتەوە کە چ مافێک بۆ ئێزدییەکان بە رەوا دەبینێت بەبێ گوێدانە هاوپەیمانێتییە گۆڕاوەکانی و بۆچی سیاسەتەکانی لە شنگال هەندێک جار ئەوی دەخستە تەنیشت بەغدا و حەشد دژی هەولێر.
ئەمە جیاکارییەکی ئەکادیمیی کەم بایەخ نییە. بزووتنەوەیەک کە چەک دادەنێت و بە نیازی مانەوەیە وەک کارەکتەرێکی سیاسی، دەبێت بەو پێوەرانەی ئازادی و دیموکراسی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت کە خۆی بانگەشەیان بۆ دەکات. ئەمەش دەنگی سەربەخۆی ئێزدییان، رێزگرتن لە ناسنامە جیاوازەکان و ئامادەیی بۆ پێداچوونەوە و لێپرسینەوە لە بڕیارەکانی خۆی دەگرێتەوە. بزووتنەوەیەکی سیاسی ناتوانێت بە شێوەیەکی جێی متمانە داوای دانپێدانان بۆ کورد بکات، لە کاتێکدا کاتێک ئێزدییەکان دەکرێنە کەرەستەی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی کەسانی دیکە، بێدەنگی هەڵبژێرێت.
هەنگاوی پێویستی ئێستا هەولێر و بەغدا
لە هەولێر ئارەزوو و دڵەڕاوکێیەکی بەهێز هەیە: وەڵامدانەوەی بەغدا بە ناڕەزایی، سیاسەتمەدارانی ئێزدی بە تۆمەتبارکردن و دیاسپۆراش بە تووڕەیی. ئەم کاردانەوەیە لەوانەیە جێگەی تێگەیشتن بێت، بەڵام هەڵەیە. تووڕەیی و هەڵچوون لەوانەیە خەڵک بجووڵێنێت، بەڵام نایانپارێزێت. متمانەی ئێزدییان بە پەنابردن بۆ ماددە دەستوورییەکان یان ریزکردنی قوربانیدانەکانی خۆت ناگەڕێتەوە، بەڵکو لە رێگەی ئارامگری، راستگۆیی و ئەو هەنگاوانەوە دەگەڕێتەوە کە خەڵک لە ژیانی رۆژانەیاندا دەیبینن. لەم ساتەدا، دەبێت سیاسەتی کوردی هێمن بێت، لە دەرەوەی هەڵبژاردن یان رووبەڕووبوونەوەی داهاتوو بیر بکاتەوە و خۆی لەوە بەدوور بگرێت بە هەڵخراندنە نوێیەکان رابکێشرێت.
یەکەم هەنگاو دەبێت لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و روون بێت لەسەر رووداوەکانی شەوی 3ی ئابی 2014؛ زنجیرەی فەرماندەیی ئاشکرا بکرێت، گوێ لە رزگاربووان بگیرێت و بەرپرسیارێتیی سیاسی و سەربازی بە روونی دیاری بکرێت. ئەو هێزانەی لەوێ جێگیرکرابوون، رووبەڕووی هێزێکی سەربازیی گەورە و بەهێز بوونەوە، بەڵام ئەمە وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە کە بۆچی ئەو هەموو خەڵکە بەبێ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختە بەجێهێڵران. تەنیا کشانەوەکە نەبوو کە متمانەکەی تێکشکاند، بەڵکو ئەو بێدەنگییە درێژخایەنەی بەدوایدا هات برینەکەی قووڵتر کرد. حکومەتێک دان بە شکستەکانی خۆی دابنێت، شکۆی خۆی لەدەست نادات، بەڵکو ئەو متمانە و باوەڕە بەدەستدەهێنێت کە بەبێ ئەو ئاشتەوایی ئەستەمە.
بە هەمان ئەندازە گرنگە نیشانبدرێت کە دەکرێت چی لەو شوێنانەدا بەدیبهێنرێت کە هەولێر لە ئێستاوە بەرپرسیارە لێیان. شێخان، لالش و گوندە ئێزدییەکانی دەوروبەری دهۆک دەتوانن بە کردار ئەوە نیشانبدەن کە ئاوەدانکردنەوە، هەلی کار، مافی پارێزراوی موڵکداری و پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان لە کەتوار (واقع) دا چی دەگەیێنن. ئەمەش پێویستی بە بەشداریی یەکسانی ئێزدییانە لە ئیدارە، دامەزراوە ئەمنییەکان و زانکۆکان دا، وەک دەنگێکی سەربەخۆ نەوەک وەک پاشکۆی حیزبێکی سیاسی. لە سەرووی هەمووشیانەوە، دەبێت روون بێت کە هیچ کەسێک مافی کەمتری پێنادرێت یان رێزی کەمتری لێناگیرێت تەنیا لەبەرئەوەی خۆی تەنیا وەک ئێزدی پێناسە دەکات. متمانە بە پێداگری لەسەر رەچەڵەکی هاوبەش بەدەستنایەت؛ متمانە ئەوکاتە گەشە دەکات کە خەڵک ببینن رێز لە ئازادییەکانیان دەگیرێت.
بەغداش دەبێت لە کۆنترۆڵکردنی چیاکە زیاتر پێشکەش بکات. رێککەوتنێکی بەردەوام پێویستی بە ئیدارەیەکی خۆجێیی هەیە کە خەڵکی شنگال بە رەوای بزانن، دیاریکردنی بەرپرسیارێتیی روون بۆ ئاسایش و ئاوەدانکردنەوە، بەشداریپێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسە دەستوورییە یەکلانەکراوەکاندا و میکانیزمی سەربەخۆ بۆ دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان. رێگەی دروست بریتی نییە لە تاقیکردنەوەیەکی دیکەی زۆرانبازیی هێز، کە باجەکەی دیسانەوە ئەو خێزانانە دەیدەن کە لە کەمپەکاندا دەژین؛ بەڵکو لەو دامەزراوانەدایە کە تێیاندا ئێزدی لە دروستکردنی بڕیارەکاندا بەشدار بن، نەوەک تەنیا پاش ئەوەی رێککەوتن کرا، لە بڕیارەکان ئاگاداربکرێنەوە.
هیچ یەکێک لەمانە بە خێرایی روونادات. ئەو متمانەیەی لە شەوێکدا شکاوە، لە ماوەی یەک خولی حکومەت دا ناگەڕێتەوە؛ متمانە ئەوکاتە دەگەڕێتەوە کە خەڵک، ساڵ لە دوای ساڵ، ببینن کە بەڵێنەکان دەبرێنەسەر.
دابەشبوونێکی دوولایەنە
ئەوەی لە شنگال خەریکە شێوە دەگرێت، مەترسیی دابەشبوونێکی دوولایەنەی هەڵگرتووە. ئەو ئێزدییانەی چاویان لە بەغدایە، لەوانەیە لەو ئێزدییانە نامۆ و داببڕێن کە بە تووندی پەیوەستن بە هەولێرەوە. لە هەمان کاتدا، لەوانەیە پەیوەندییەکانی نێوان ئێزدی و کورد زیاتر بەرەو خراپبوون بچێت، سەرەڕای ئەوەی نەوەک تەنیا مێژوویەکی دوورودرێژ، بەڵکو گوندەکان، زمان، پەیوەندیی خزمایەتی و یادەوەرییەکانی هەردوو دەستگیرۆیی و خیانەتیش پێکەوەیان دەبەستێتەوە. نابێت کەس ناچاربێت دەستبەرداری ناسنامەی خۆی بێت تاوەکو بتوانێت لەگەڵ کەسانی دیکەدا بژی؛ ئەمە، لە سەرووی هەموو شتێکەوە، دەبێت وانە سیاسییەکەی جینۆسایدەکە بێت.
بێ چەککردنی یەبەشە دەتوانێت سوود بە شنگال بگەیێنێت، ئەگەر گەڕانەوەی خێزانەکان، ئاوەدانکردنەوە و بەشدارییەکی سیاسیی راستەقینە مسۆگەر بکات؛ بەڵام دەبێتە نائومێدییەکی دیکە ئەگەر تەنیا وابەستەیی و پاشکۆیەتیی نوێ دروست بکات. لە وتارەکەمدا لەبارەی ئاشتییەک بەبێ کورد، نووسیم کە نەبوونی تووندوتیژی بە مانای ئاشتەوایی نییە؛ هەمان راستی بۆ ئێرەش دروستە. دەبێت ئاشتی بەوە بپێورێت کە ئایا دایکێک لە شنگال دەتوانێت منداڵەکانی بنێرێتە قوتابخانە، ئایا خێزانێک دەتوانێت ماڵەکەی وەربگرێتەوە، ئایا کەسوکاری بێسەروشوێنەکان وەڵامێکیان دەست دەکەوێت و ئایا گەنجێک دەتوانێت بە ئازادی بڕیار لەسەر ئەوە بدات کە کێیە.
جینۆسایدی ساڵی 2014 وەک برینێکی ساڕێژنەبوو ماوەتەوە. توێژینەوەکانی سەر لەدەستدانی بەکۆمەڵ و ئەو لەدەستدانەی نەوە دوای نەوە دەگوازرێتەوە، دەریدەخەن کە کاریگەرییەکانی تووندوتیژی تاوەکو چەند دەتوانن درێژە بکێشن کاتێک دانپێدانان و ئاسایش بوونیان نەمێنێت. هەر کەسێک ئەم برینە بۆ دژایەتیکردنی ئێزدی بەرامبەر کورد، یان کورد بەرامبەر ئێزدی بەکاربێنێت، تەنیا برینەکە قووڵتر دەکاتەوە. خەڵک پێویستیان بەوە نییە بەسەر بەرەی سیاسیی نوێ دا دابەش بکرێن؛ ئەوان پێویستیان بە دراوسێی ئەوتۆیە متمانەیان پێبکەن و پێویستییان بە دامەزراوەی ئەوتۆیە کە مافەکانیان بپارێزن، تەنانەت کاتێک حکومەت و هاوپەیمانێتییەکانیش دەگۆڕێن. 12 ساڵ لەمەوبەر، دەیان هەزار کەس پەنایان بردە بەر چیای شنگال لەبەرئەوەی سیستەمی دەوروبەریان داڕمابوو. ئەگەر بڕیاربێت ئەم چیایە ئێستا ببێتە هێمای سیستمێکی نوێ، دەبێت خودی خەڵکەکە لە بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆیان خاوەن دەنگ و بڕیار بن.
*پرۆفیسۆر د. یان ئیلهان کزلهان، دەروونناس و توێژەرێکی کوردی دانیشتووی ئەڵمانیایە. پسپۆڕە لە بواری زەبری دەروونی، تیرۆر، جەنگ و سایکۆلۆجیای نێوان کولتوورەکان. لەلایەن سەرۆکی ئەڵمانیاوە میدالیای فیدرالیی ئەڵمانیای پێدراوە.



.jpg&w=3840&q=75)