كاردانەوەكانی 'بەرگری لە قورئان' لە شەقامی شیعیدا

25-07-2023
یاسین تەها
A+ A-
 
 
سووتاندنی چاپێكی قورئان لەلایەن پەنابەرێكی عێراقییەوە كاردانەوەی جۆراوجۆریی لە پاكستانەوە تا رۆژئاوای عەرەبی و جیهان بەدوای خۆیدا هێناوە، بەڵام لە عێراق و لەسەر ئاستە شیعییەكەیشی بەتایبەتی، وەڵام و كاردانەوە تووندەكان خوێندنەوەی دیكە هەڵدەگرن. 
 
هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سرووشت و جۆرەكەیان كە هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانە و دروستكردنی كێشەی پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتیی پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكانە بەپێی رێككەوتنی ڤیەننا. هەروەها، تێكەڵبوونی ئەو كاردانەوانەیە لەگەڵ سەرهەڵدانەوەی هەندێ كێشەی پێشتری نێوخۆی ماڵی شیعە كە زەقترینیان هەرای ئەم دواییەی نێوان سەدرییەكان و حیزبی دەعوەی ئیسلامییە بە سەرۆكایەتیی مالیكی لەبارەی بە ئامانجگرتنی ئایەتوڵڵا محەممەد سەدر كە مەرجەعی كۆچكردووی سەدرییەكان و بزووتنەوەی عەسایب و باوكی رۆحیی زۆر بزاڤ و كەسایەتی شیعەی سیاسییە. 
 
لە كاردانەوە شیعییەكاندا لەسەر رووداوەكەی سوێد، موقتەدا سەدر لە هەمووی زیاتر پێداگر و تووند بوو كاتێك هەڕەشەی ئەوەی كرد كە ئەگەر حكومەت هەڵوێستی نەبێت، "ئەوا بەڕێگەی تایبەتی خۆی كاردانەوەی دەبێت"، بەدوای ئەمەشدا هەڵكوتانە سەر باڵیۆزخانەی سوێد لە (20ی تەممووزی 2023) لەلایەن سەدرییەكانەوە قەیرانێكی دیكەی بۆ دیپلۆماسیی عێراق دروستكرد. لە كاتێكدا لە ئێران و سعودیە كە دوو جەمسەری ئیسلامی گەورەی ناوچەكەن كاردانەوەكان زیاتر ناڕەزایی فەرمی بوون و بەڕێگەی دیپلۆماسی كران؛ لە سعودیە راگەیێندراوێکی سەرکۆنەی وەزارەتی دەرەوە دەرچووە، لە ئێرانیش بەهەمانشێوە كرا و هەردوو وڵاتیش، باڵیۆزی سوێدیان بانگهێشتكردووە بۆ گەیاندنی ناڕەزایی. 
 
لە هیچ وڵاتێكی دیكەی ئیسلامی و عەرەبیش لە چەشنی عێراق دۆخەكە بەرەو تێكدانی پەیوەندییەكان نەچووە. بەشێک لە هۆكاری ئەمەش جگە لە تەنگ پێهەڵچنینی سەدر و لایەنگرەكانی، رەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە كە سووتێنەری چاپە قورئانەكە (سەلوان مۆمیكا) بە بنەچە عێراقییە و لەگەڵ ئەوەشدا سووكایەتی بە ئاڵای عێراق و وێنەی موقتەدا سەدریش كردووە. 
 
پاش ئەوەی سوێد باڵیۆزی خۆی لە بەغدا كشاندەوە و عێراقیش بە هەمانشێوە باڵیۆزەكەی لە ستۆكهۆڵم كشاندەوە و قەیرانەكە لەخاڵێكدا وەستا، سەدر ركابەرەكانی تۆمەتباركرد كە بێدەنگ بوون و هەرچی ئەم بتوانێت بیكات لە "شۆڕشی قورئان" كردوویەتی. ئەمە لەكاتێكدایە كە چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆپێشاندانی ناڕەزاییان بۆ هەمان مەبەست هەبووە و پشتیوانی هەنگاوەكانی سوودانییان كردووە دژی سوێد، بەڵام ئەوان لە دەسەڵاتدان و ئەرك و پابەندییان لەسەرە و ناتوانن وەك سەدر هێندە تووند بڕۆن بەرامبەر سوێد و وڵاتانی رۆژئاوا. 
ئەمەش یەكێكە لەو گۆشانەی كە سەدر قۆستییەوە بۆ شكاندنی بێدەنگی لەلایەك و تەنگەتاوكردنی ركابەرە شیعە حوكمڕانەكانی لەلایەکی دیکە. بەوەش ناچاریكردن كە بەدوای كاردانەوەكانی ئەو بكەون. 
 
ناكرێت گومان لە راستگۆیی سەدر بكرێت بۆ بەرگری لە قورئان یان ئاڵای عێراق، یەكەمیان چونكە پیرۆزییەكی گەورە و نەگۆڕی ئیسلامییە و ئەویش كەسایەتییەكی ئایینییە، دووەمیشیان سیمبولی نیشتمانپەروەری عێراقیانەیە كە دروشمێكی سەدرە، بەڵام بەراورد بە هەڵوێستەكانی ئایەتوڵڵا سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە و رێبەری شۆڕشی ئێرانی، كاردانەوەكانی سەدر زۆر تووندترن؛ سیستانی لە نامەیەكدا بۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس وێڕای سەرکۆنەی رووداوەكەی سوێد داوا دەكات كە لە رێگەی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە رێگە لە دووبارەبوونەوەی بگیرێت و ئەو یاسایانە بگۆڕدرێن كە رێگە بە سووتاندنی قورئان و تێكدانی پێكەوەژیان دەدات، ئایەتوڵڵا خامنەییش وێڕای سەرکۆنەكردن، داوای رادەستكردنی ئەنجامدەرانی سووتاندنی قورئانی بە وڵاتانی ئیسلامی كردووە. 
 
لەسەر ئاستی شیعی تەنیا سەدر و حەسەن نەسروڵڵا لە لوبنان رووداوەكەی سوێدیان قۆستەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی وڵاتانی رۆژئاوا و هێرشكردنە سەر بەها نوێكانی ئەوان و داوایان كرد باڵیۆزی سوێد لە وڵاتانی ئیسلامی دەربكرێت؛ لەکاتێکدا لەسەر ئاستی سوننی هەڵوێستی تووند سەر رووداوەكە نەبوو. بەتایبەت ساڵانێكە بۆچوونێك لەناو رەوەندی موسڵمان لە ئەوروپا خەریكە دەردەكەوێت كە داوا دەكات بەڕێی پشتگوێخستن و فەرامۆشكردن، سیحری ئەو كەسانە بەتاڵ بكەنەوە كە لەڕێی هێرشكردنە سەر پیرۆزییە ئایینییەكان بەدوای خۆدەرخستن و ناوبانگەوەن. 
 
بەگەڕانەوە بۆ عێراقیش، باوەڕێك دروستبووە كە سەدر مەسەلەی قورئان بكاتە دەستپێكی گەڕانەوەی بۆ ناو ژیانی سیاسی پاش ئەوەی لە نێوەڕاستی حوزەیرانی 2022دا لە رۆژگارێكی توڕەییدا بڕیاری كشاندنەوەی 73 پەرلەمانتارەكەی دا و چەند مانگێكی زۆر لە نەجەف رۆژووی بێدەنگی هەڵبژارد. ئەگەر ئەم خوێندنەوە و ئاماژانەش وەها دەربچن، ئەوا هەڵبژاردنێكی گەرم و پڕ لە ركابەریی پارێزگاكان لە كۆتایی ئەمساڵدا چاوەڕێی عێراق دەكات و هەندێ ئاماژە و لێكدانەوەش پێیانوایە دەبێتەهۆی دواخستنی پرۆسەكە چونكە سەدرییەكان و سەرۆكوەزیرانیش، بۆ بەشداریكردن كات و ئامادەكارییان پێویستە.  
 
ئێستا كە سەدر گۆشەگیرە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعی سەرقاڵی چەسپاندنی پایەكانی دەسەڵاتی خۆیانن، سەدرییەكانیش لەسەر ئاستی جەماوەر و كادر لە دۆخی خۆ خواردنەوە و چاوەڕوانیدان. 
 
هەروەها جارێكی دیكە ئەوەیان بۆ دەركەوت كە دەشێت دووركەوتنەوە لە دەسەڵات و پرۆسەی سیاسی ببێتە هۆیەك بۆ لاوازكردنیان. بۆ كۆتایی هێنان بەمەش تەنیا و تەنیا رێبەری رەوتەكە كە موقتەدا سەدرە، دەتوانێت وەها بڕیارێك بدات و دەركەوتنەوەی بەهێزیشی لە پەرچەكردارەكانی قورئان و لە بەرگریكردنی لە میراتی باوكی و پێگە ئایینییەكەی ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە. 
 
لەلایەك ئەمە سەرەتا و دەستپێكی گەڕانەوەیە بۆ چالاكی و جموجوڵ و لەلایەکی دیکەشەوە، بەشێكە لە پلانی ماندووكردن و تەنگەتاوكردنی بەرامبەرە ركابەرەكانی كە پابەندی دەسەڵاتن كە ناتوانن وەك سەدر بەرامبەر سوێد و دانیمارك و راگەیێندراوەکانی ئەمریكا گوتاری ئاگرین و "شۆرشگێڕانە"یان هەبێت، لەكاتێكدا هەردوولا لە ركابەرییەكەی توونددان لەسەر ئەوەی كە كامیان "موقاوەمە"ی راستەقینەی شیعەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

زریانى تەلئەڤیڤ

بە هەموو پێوەرێک ئەو زریانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە، روودەکاتە عێراق و ئێرانیش. کوردیش وەک یەکێک لە کێشەکانى ناوچەکە مەحکومە بە لێکەوتەى رووداوەکان. شانبەشانى ئەو مەترسى و هەڕەشانەى رووی تێدەکەن، ئەگەرى رەخساندنى دەرفەتیشى زۆرە...