جەنگی ئەمریکا دژ بە ئێران چەند راستییەکی بۆ وڵاتانی عەرەبیی کەنداو ئاشکرا کرد، دیارترینیان دوو خاڵن، یەکەمیان: هاوکێشەی نەوت بەرامبەر ئاسایش و پاراستنی وڵاتان لەلایەن ئەمریکاوە سەرکەوتوو نەبوو، دووەمیان: بێجگە لە رێگەی دیپلۆماسی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران رێگەیەکی دیکە نییە؛ واتە خۆیان هەوڵی جۆرێک لە پاراستن و ئاسایشی هەرێمی بدەن بەبێ ئەوەی بە واتای پشتکردن لە ئەمریکا بێت. پێدەچێت هەر لە سەرەتاوە ئەمان بە هەڵە لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تێگەیشتبن، چونکە ئەمریکا تەنها بە فرۆشتنی چەک هاوکارییان دەکات، نەک بە بەشداریی راستەوخۆی جەنگ، وەک هەڵسەنگاندێک بۆ جەنگەکە کریستیان ئەلیکسەندەر لە پەیمانگەی ئاسایش و بەرگریی سەر بە وڵاتی ئیمارات بۆ نیویۆرک تایمز لە 16ی سێپتێمبەری 2026 گوتی، "کاری لەپێشینەی ئەمریکا بریتی بوو لە پاراستنی سەربازەکانی خۆی و بەرگریکردن لە ئیسرائیل." لەو چوارچێوەیەدا ئێران پاش دوو مانگ لە دانوستاندن لەگەڵ سەڵتەنەتی عومان، داوای کۆبوونەوەیەکی حەوت قۆڵی لەگەڵ (شانشینی سعودیە، عێراق، قەتەر، بەحرەین، کوەیت، ئیمارات و عومان) کرد، کاتی بەڕێوەچوونی دیاریکرا کە دووشەممە 14ی سێپتێمبەری 2026 بوو لە مەسقەتی پایتەختی عومان، بەڵام پێش چەند کاژێرێک دواخرا بۆ کاتێکی نادیار، دواخستن بە واتای هەڵوەشاندنەوە نایەت، ئەگەرچی بۆ ئەم حاڵەتە بە هەمان تام دێت.
هەر لەو سەروبەندەدا بوو حووسییەکان هێرشیان کردە سەر خاکی سعودییە و (تەنگەی بابولمەندەب)یشیان خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، بۆیە زۆر روون بوو کە سعودییەکان هۆکاری گرێنەدانی کۆبوونەوەکەی عومان بوون، ئەگەرچی بەحرەین هەر پێشوەختە گوتی، بەشداری ناکات، بەڵام ئەو سەنگینییەی نییە.
ئەم خاڵانە خوارەوە دەکرێت وەک پاڵنەری دیاری دواخستنەکە بخرێنەڕوو:
1- ئەمریکا، چونکە:
- ترەمپ هیچ جۆرە نزیکبوونەوەیەکی وڵاتانی کەنداوی لەگەڵ ئێران دا قبووڵ نییە. دەیەوێت جۆری پەیوەندیی ئەوان لە چوارچێوە و خزمەتکەری ستراتیژی ئەمریکا بێت لە ناوچەکەدا.
- ئەگەر ئەو دانیشتنە بکرێت، ئەوە جێبەجێکردنی بڕگەی 5ی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان واشنتن و تارانە، ترەمپ بە ئاشکرا گوتی، ئەو رێککەوتننامەیە مردووە و کۆتایی پێهاتووە.
- ئەگەر ئێران لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە کەناری رۆژئاوای کەنداو گەیشتنە ئەنجام، ئەوە کارتێکی بەهێزی ئێران دەبێت لە هەر دانوستاندنێکی داهاتوودا بەرامبەر ئەمریکا، وەکو بیانوویەکی نێودەوڵەتییش بەدەست ئێرانەوە دەبێت. سەقامگیریی پەیوەندیی نێوان عەرەبەکان و ئێران لە بەرژەوەندیی واشنتن نییە، بۆیە بەردەوام کۆسپی بۆ دروست دەکات.
2- هۆکاری تایبەت بە سعودییەکان:
- لەکارخستنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی رۆژهەڵات - رۆژئاوا، کە سعودییە وەکو جێگرەوەی تەنگەی هورمز بەکاریدەهێنێت و بۆردوومانی حووسییەکان بۆ سەر فڕۆکەخانە و کۆمپانیاکانی نەوتی سعودییە، تاوانی ئەم کردانە دەخرێتە ئەستۆی ئێران، وەکو ناڕەزایەتییەکیش لەو جووڵانە، سعودییە داوای هەموارکردنەوەی چەند بڕگەیەکی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و عومانی کرد. ئێرانییەکان رازی نەبوون، بۆیە دواخرا.
- وەک پاسێک بۆ ئەمریکا و خوێندنەوەی نیگەرانییەکانی، چونکە بارودۆخێک کە حووسییەکان هێناویانەتە ئاراوە سعودییەکان بەرگەی ناگرن، پێویستیان بە ئەمریکایە، تەنانەت حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن دەڵێ، ئەوەی لە یەمەن روودەدات دۆخێکی نێودەوڵەتییە و بە تەنها گرفت و کاری یەمەن نییە. ئەوەی مایەی سەرنج بوو ئەوە بوو، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "حووسییەکان راستەوخۆ قسەیان لەگەڵ کردووین و هیچ گرفتێکیان لەگەڵ ئەمریکا نییە و رێگا لە کەشتیی نەوت و بارهەڵگرەکان ناگرن؛ تەنها گرفتیان لەگەڵ وڵاتێکی هاوپەیمانمان هەیە و بۆ ئەوەش قسەیان لەگەڵ دەکەین،" بەڵام بۆچی ئەمریکا هاوکاری سعودییە نەبوو دژ بە حووسییەکان؟
- چونکە میر محەممەدی کوڕی سەلمان، جێنشینی پادشا راستەوخۆ نەڕۆشتە جەنگەوە دژ بە ئێران و هاوکاریی تەواوی ترەمپی نەکرد، بەڵکو لە چەند وێستگەیەکدا داوای بەکارنەهێنانی زەوی و ئاسمانی سعودییەی کرد بۆ بۆردوومانکردنی ئێران، ئەمە کەلێنێکی گەورەی لە نێوان هەردوو وڵاتدا دروستکرد. بە هەمان جۆر، ئێستا ترەمپ وەڵامی سعودییەکانی دایەوە و پشتی تێکردن، ئەو پشتتێکردنە شۆکێکی ستراتیژی بوو بۆ سعودییەکان.
- لە قووڵایی جەنگی ئێران دا کە هێزی سەربازیی ئەمریکا دووچاری کەمبوونەوەی چەک و جبەخانە بووەتەوە، نایەوێت بەرەیەکی دیکەی جەنگ لە خۆی بکاتەوە.
- بە مەبەستی شکست پێهێنانی کۆبوونەوەکەی عومان، هەرچەندە ئەو کۆبوونەوەیە لە سەرەتاوە دید و پێشنیازی بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان بوو؛ عومان دید و باوەڕی بۆ ئاشتیی ناوچەکە وایە کە دەبێت خۆماڵی بێت، چەند دەیەیەکە هەموو رێگەیەک تاقیکرایەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، دەخوازێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی ئەم جەنگە رێککەوتنی فراوانی وڵاتانی هاوبەشی ناوچەکە خۆیان بکرێت، عومان قەناعەتی وایە کە ترس بۆ سەر وڵاتانی کەنداو لە رۆژهەڵات لە ئێرانەوە نایەت، بەڵکو لە رۆژائاوا و لە ئیسرائیلەوە دێت، بۆیە دەبێت بە دیدێکی سیاسییانەی جیاواز لە رابردوو هەڵسوکەوت بکرێت.
دانیشتنی عومان دواخرا، ئێستاش جووڵەیەکی دیکە لە ناوچەکەدا هەیە، بۆ چارەسەری حووسییەکان شانشینی سعودییە داوای رۆڵی میسر دەکات وەک گەورەترین وڵاتی سەر کەناری دەریای سوور، بەڵام هەر جووڵەیەکی سیاسی، ئەگەر بە ئامانجی سەقامگیریی ناوچەکە بێت، بێجگە لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران هیچ دەروازەیەکی دیکە نییە. ئەنوەر قەرقاش کە دیپلۆماتکارێکی دیاری ئیماراتە دەڵێت، "ئێران دراوسێیە و بە دراوسێیەتیش دەمێنێتەوە، هیچ لەگەڵ جوگرافیادا ناکرێت، بۆیە دەبێت بە دوور لە جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت."

.jpg&w=3840&q=75)
