کوردی نوێ، مرۆڤێکی کوردستانییە. کوردبوون چیدیکە تاوان نییە لەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە و، لە هیچ وڵاتێکی جیهاندا قەدەخە نییە. بۆ ئەم قۆناخە نوێیە بەو مرۆڤە کوردە دەگوترێت کوردی خەباتکار و ئازادیخواز ئەگەر خۆی بە کوردستانی دابنێت. ئەمڕۆ کورد لە قۆناخی چەسپاندنی کوردستانیبوونی مرۆڤی کورددایە لە بیرکردنەوە، دەربڕینی ناسنامە و چەسپاندنی لە رووی یاساییەوە.
مرۆڤی کوردستانیی نیشتەجێی کوردستان ناچێتە هیچ رێکخراوێکەوە ئەگەر ناو و ناسنامەی رێکخراوەکە کوردستانی نەبێت. نابێتە ئەندامی هیچ حیزبێک ئەگەر ناو و ناسنامەکەی کوردستانی نەبێت و ئامانجی چەسپاندنی هەبوونی کوردستان نەبێت. ئەم قۆناخە قۆناخی چەسپاندنی ناسنامەی سیاسی و جوگرافیی کوردستانە.
کوردی نوێ، مرۆڤێکی رەگەزپەرست نییە و دژی جیاکارییە و، مرۆڤێکە باوەڕی بە خەباتی مەدەنی و سیاسی و دیموکراتییە. کوردستان بە وڵاتی کورد و هەموو کەسێک دادەنێت کە باوەڕی بە کوردستانیبوونی ئەو خاکە هەبێت.
کوردی نوێ، مێژووی کوردستان دەزانێت، جوگرافیای کوردستان دەناسێت و بە ئاشکرا بەرگری لێدەکات. کوردستان راستییەکی جوگرافی بووە لە مێژوودا، بەڵام ئەم راستییە لە مێژووی هاوچەرخی سیاسیدا لەبەر هۆکاری سیاسی، ئایدیۆلۆژی و ئایینی یەکەمجار لە مێشکی مرۆڤی کورددا لادراوە، دوای ئەوەش لە نەخشەی سیاسیدا نەهێڵدراوە. کوردستانیبوون راستەڕێی دروستکردنەوەی ئەو راستییەیە لە مێشک و بیرکردنەوەی مرۆڤی کورد و، لەسەر نەخشەی سیاسی ناوچەکە و جیهاندا.
کوردستان وڵاتێکی گەورەیە، بەڵام دەوڵەت نییە. دەوڵەت بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوە و وڵات پێویستییەکی زۆر گرنگە. نەبوونی دەوڵەت وادەکات کە ناسنامەی نیشتیمانیی نەتەوەیەک لەژێر هەڕەشەیەکی بەردەوامدا بێت، هەروەها هەبوونی زمانی نەتەوەکە لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدا بێت. لە زۆربەی کاتەکاندا نەبوونی دەوڵەت، نەتەوە بێدەوڵەتەکان دەخاتە دەرەوەی بەرژەوەندییەکانی نێوان دەوڵەتانەوە و دەیانخاتە دەرەوەی کایەی جیهانییەوە، هەروەها دەیانخاتە دەرەوەی پێناسە نێودەوڵەتییەکانەوە، لەبەر ئەوەی سیستەمی جیهانی بە شێوەی دەوڵەتی بەڕێوەدەچێت نەک لەسەر بنچینەی هەبوونی نەتەوەکان.
دروستبوونی نەتەوە، پێشکەوتنێکی گەورە بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. نەتەوەبوون بووە هۆکاری پێشکەوتنی سەرەکیی مرۆڤایەتی، لەبەر ئەوەی هاوبەشی دروستکرد و ناکۆکی کەمکردەوە و هێزی کاری یەکخست و بازاڕی فراوانکرد، شارستانی پێشخست. دروستبوونی نەتەوە پەیوەندی و هاوبەشی نێوان نەتەوەکانی دروستکرد، سیستەمی دامەزراوەیی باڵای داهێنا و هەروەها بووە هۆی دروستبوونی سیستەمی نێودەوڵەتی لە جیهاندا. لە ئەنجامدا بازرگانی و ئابووری پێشکەوت و خۆشگوزەرانی لە جیهاندا دروستکرد. هەروەها پاراستنی بەها مرۆییە نەتەوەییەکانی چەسپاند. دەوڵەت ئێستا بۆ پاراستنی نەتەوەیەک و پاراستنی ناسنامە و بەرژەوەندییەکانی نەتەوەیەک لە جیهاندا پێویستی و کۆڵەکەی سەرەکییە.
نەتەوەی کورد ئێستا خاوەن دامەزراوەیەکی سەرتاسەریی یەکگرتوو نییە. کورد بەهۆی زۆربوونی پێویستییەکانی ژیان و گوزەران و نەبوونی دەوڵەت، نەتەوەیەکە رۆژ لە دوای رۆژ پەرشوبڵاوتر دەبێت. کورد جگە لە هەرێمی کوردستان لە عێراق، لە هیچ پارچەیەکی کوردستان و هیچ وڵاتێک خاوەن سیستەمی پەروەردەی کوردی نییە، کە تێیدا پرۆگرامی خوێندن بە زمانی کوردی بێت و ناوەڕۆکەکەی کوردی بێت، ئەوەش مەترسییەکی گەورە لەسەر مانەوەی کورد دروست دەکات. کورد کە خاوەن جوگرافیایەکی دانپێدانراوی سیاسی نییە بۆ وڵاتەکەی، زمان بەشێکی گرنگ لە ناسنامەی نەتەوەیی و تەنانەت نیشتیمانیی کورد پێکدەهێنێت. ناسنامەی زمانی بۆ کورد لە نەتەوەیەکی خاوەن دەوڵەت زۆر گرنگترە. چونکە دۆخێکی دابینکراو نییە بۆ فێربوون و پەروەردەی کوردی، ئەوە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر نەتەوەی کورد و سەرەنجام لەسەر مانەوەی کوردستان.
نەوەی نوێی کورد لەوانەیە بە شێوەیەکی قووڵ لەو مەترسییە نەڕوانێت، بەڵام بچووکبوونەوەی دەیان ساڵەی بەردەوامی رووبەری کوردستان بەهۆی قەدەخەکردنی کوردی و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، ئەو مەترسییە زۆر بەروونی دەخاتە بەرچاوی هەموو کەسێک. ناسنامەی شارەکان بەهۆی نەزانینی زمانی کوردی لە گۆڕاندایە. هەروەها نەزانینی زمانی نەتەوەی کورد، نەوەی تازەی کورد لە کوردستان و لە وڵاتانی جیهان لە کۆمەڵگە و لە ئامانجی کورد دووردەخەنەوە.
بۆ نەتەوە خاوەن دەوڵەتەکان لەوانەیە ونکردنی هەندێک تایبەتمەندیی نەتەوەیی زۆر مەترسیدار نەبن، بەڵام بۆ کورد یەکجار زۆر مەترسیدارن. بە هەمان شێوە هەموو زەقکردنەوەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ کورد زۆر واتادارە. بۆ نموونە ناونانی منداڵانی کورد بە ناوی کوردی یەکجار زۆر گرنگە بۆ ناسنامەی کورد و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد. ناونانی دامەزراوەکان بە ناوی کوردستانەوە پێویستییەکی زۆر گەورەیە.
جیهان لە گۆڕانێکی خێرادایە، بەرگریکردن زۆر سەخت بووە، هەروەها مانەوە بەبێ بوونی دەوڵەت رۆژ لە دوای رۆژ سەختتر دەبێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەدەستهێنانی هەموو مافێک بەمەرجی داننان بە ناسنامەی کوردستانیدا خاوەن بایەخێکی زۆر گەورەیە. تەنانەت هەموو مافێکی کەمتر لەوەش بۆ مانەوەی کوردستان و کورد گرنگە، بەڵام ئەوەی مرۆڤی کورد لەبنچینەدا بەهێز دەکات ئەوەیە لە مێشک و بیرکردنەوە و کرداری خۆیدا ببێتە کوردستانی.
.jpg&w=3840&q=75)

