هەندێکجار ئاشتى پێویستە

24-10-2024
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
 
باوەڕم بەوە نییە پرسى کورد نە بەشێوەیەکى گشتى وەک پرسى نەتەوەیەکى دابەشکراو و خاک داگیرکراو لە ناوچەى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست، نە کێشەى هیچ کام لە پارچەکانى کوردستان لەگەڵ دەوڵەتى نەتەوەى سەردەستە، بە ئاشتى چارەسەر ببێت. ئەویش نەک لەبەرئەوەى رێگەى ئاشتى بە رێگەیەکى گونجاو نازانم، یاخود پێم وابێت کورد باوەڕى بەو رێگایە نییە، بەڵکو لەبەرئەوەى نەتەوە سەردەستەکانى دەوڵەتانى داگیرکەرى کوردستان (فارس، تورک و عەرەب) هێشتا نەگەیشتوون بەوەی باوەڕیان بە چارەسەرکردنى کێشەى کورد هەبێت تا گفتوگۆمان لەسەر ئەوەبێت کام رێگەیان باشترە. 
 
هەرکات ئەوان گەیشتن بەو قەناعەتەى دەبێت کێشەى کورد چارەسەر بکرێت، بێگومان ئەوکات باشترین رێگە و بژاردە، رێگەى ئاشتییە، بەڵام تائێستا ئەوان نەک لەگەڵ چارەسەردا نین، بەڵکو هێشتا دەستبەردارى ئەو سیاسەتانەش نەبوون کە پێیان وایە بەهۆیانەوە دەتوانن کورد بسڕنەوە. تەنانەت هەندێکیان هێشتا هەر نکوڵى لە بوونى کێشەى کورد دەکەن. کاتێک کێشەیەک چارەسەر دەکرێت کە بە پلەى یەکەم دان بە بوونى کێشەکەدا بنرێت، دووەمیش ئامادەیى هەبێت بۆ چارەسەرکردن. 
 
لە قۆناخەکانى رابردووى خەباتى رزگاریی نیشتمانیی کورد، لە هەموو پارچەکانى کوردستاندا، هەرکاتێک دەوڵەتانى داگیرکەر ئامادەى ئاشتى بووبن لەگەڵ بزووتنەوەى چەکداریى و سیاسى کورد، ئەزموون سەلماندوویەتى (گفتوگۆ و دانوستاندن) بۆ ئەوە نەبووە بەدواى چارەسەردا بگەڕێن، بەڵکو وەک وێستگەیەک بۆ خۆئامادەکردن و پەلاماردانێکى سەختتری کورد بەکاریان بردووە. یاخود کەوتوونەتە بارودۆخێکەوە نەیانویستووە کێشەى کورد ببێتە هۆکارى ناسەقامگیریى زیاتر بۆیان، وەک یاریکردن بەکات هەوڵیانداوە مەترسییەکان لەسەر خۆیان کەمتر بکەنەوە تا ئەوکاتەى مەترسى و هەڕەشەکانیان لەسەر نەماوە، دواتر کەوتوونەتەوە وێزەى کورد. بۆیە هیچ ئاشتییەکى درێژمەودا لە هیچ بەشێکى کوردستان نەبووە، هەموو گفتوگۆ و قۆناخێکى ئاشتى پەیوەست بووە بە هەلومەرجێکى کاتییەوە، بە تێپەڕبوونى ئەو هەلومەرجە کاتییە، بە هەر بیانوویەک بووبێت شەڕ دروستبووەتەوە. 
 
هەموو ئاشتییەک لەنێوان داگیرکەر و داگیرکراودا، هەمیشە لە بەرژەوەندیی داگیرکەردا بووە. راستە کورد وەک قوربانییەک لە هەندێ هەلومەرجى ئاشتى و قۆناخى گفتوگۆدا، بە دۆخێکى سەقامگیر و ئارامدا تێپەڕیوە و لانى کەم لەو ماوەیە کوشتار لەسەرى هەڵگیراوە، بەڵام هەموو جارەکان و لەدواى تێکچوونى هەر قۆناخێکى ئاشتى، دەوڵەت بەشێوەیەکى سیستماتیک جیاوازتر و بەهێزتر لە پێشتر پەلامارى کوردى داوەتەوە. 
 
ئێستا لە تورکیا بێ هیچ ئامادەسازییەکى پێشوەختە و لە چرکەساتێکدا کە رۆژانە فڕۆکەى تورکیا لە باشوور و رۆژئاواى کوردستان بۆردوومان دەکات، تەوقەکردنێکى سەرۆکى پارتى نەتەوەپەرستى تورک (مەهەپە) لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتارى کورد لە تورکیا، هەڵایەکى میدیایى بەدواى خۆیدا هێنا کە تورکیا دەرگەى ئاشتى بەڕووی کورددا کردووەتەوە، چونکە ئەو پێشتر پەرلەمانتارە کوردەکانى بە تیرۆریست ناودەبرد و ئومێدى ئەوەى بۆ دەخواستن هەموویان لە کونجى زینداندابن نەک لە پەرلەمان. بۆیە زۆر ناوەندى چاودێریى و شرۆڤەکارى رەوشى تورکیا ئەمەیان وەک خاڵى وەرچەرخان لە سیاسەتى تورکیا وێنا کرد.
 
دواتر هەندێ هەواڵى دزەپێکراویش ئەم باسەیان گەرمتر کرد بەوەى گوایە رێگە دراوە هێڵێکى گەرم لەنێوان ئۆجەلان، سەرۆکى زیندانیکراوى پەکەکە لە ئیمراڵى لەگەڵ سەرکردایەتیی پەکەکە لە قەندیل دروستبێت. هێشتا ئەم هەواڵانە پشتڕاستنەکرابوونەوە، بەدواى ئەوەدا لە کۆبوونەوەى سەرۆکى مەهەپە و فراکسیۆنى پارتەکەى لە پەرلەمانى تورکیا، داوایکرد ئۆجەلان لە ئیمراڵییەوە بچێتە هۆڵى پەرلەمانى تورکیا، پارتەکەى لە هێزێکى چەکدارییەوە هەڵوەشێنێتەوە و دەست بە خەباتى سیاسى بکات. دواى نزیکەى چوار ساڵ لە گۆشەگیریش، 23ـى ئۆکتۆبەر رێگە درا (عومەر ئۆجەلان) وەک کەسێک لە بنەماڵەکەى لە ئیمراڵى سەردانى (ئاپۆ) بکات. 
 
ئەم رووداوە کوتوپڕ و ئەم گۆڕانکارییە خێرایانە لە هەڵوێستى دەسەڵاتدارانى تورکیا، بەتایبەتیش گۆڕینى هەڵوێستى دەوڵەت باخچەلی جێى هەڵوەستە و تێڕامانە. هێشتا نازاندرێ ئەمە گۆڕانکاریی راستەقینەیە لە دید و تێڕوانینیان بەرانبەر بە کێشەى کورد و بەتایبەتیش بەرانبەر بە پەکەکە، یاخود تاکتیک و ستراتیجێکى تازەى تورکیایە بۆ تێپەڕاندنى قۆناخێکى دیکە؟ هەندێک لە چاودێران و ناوەندەکانى توێژینەوە، ئەم گۆڕانکاری و هەڵوێستانەى تورکیا پەیوەست دەکەن بە رووداوەکانى ناوچەکەوە، بەتایبەت دواى ئەوەى ناتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل لە کۆبوونەوەى سەرکردەکانى وڵاتاندا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نەخشەیەکى خستەڕوو وەک ئاماژەى گۆڕانکارى لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست، تورکیا ترسى ئەوەى بۆ دروستبووە ئاگرى ئەو شەڕە پێى ئەویش بگرێتەوە. تەنانەت سەرۆککۆمارى تورکیاش چەند جارێک وەک مەترسى بۆ سەر تورکیا ئاماژەى بەو نەخشەیەى ناتەنیاهوو کرد. 
 
لەلایەکى دیکەوە ئەم هەڵوێستانەى تورکیا پەیوەست دەکرێت بەوەوە کە بەپێى دەستوورى تورکیا هەر کەسێک حوکمى زیندانى هەتاهەتایى بەسەردا بسەپێندرێت، پاش 25 ساڵ دەبێت ئازاد بکرێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆتایى ئەم ساڵ ئەو 25 ساڵە لە زیندان تەواو دەکات و تورکیا دەیەوێ لە لایەک بۆ ئامادەسازیى راى گشتى ناوخۆ و بەتایبەتى نەتەوەپەرستە تووندڕەوەکان، هەروەها بۆ راکێشانى سەرنجى کورد دەیەوێ ئەم پرسە وەک پرۆسەیەکى ئاشتى و دەستپێکردنى قۆناخێکى نوێ لە ژیانى سیاسى تورکیا وێنا بکات و ئازادکردنى ئۆجەلان بکات بە دەستکەوتێکى سیاسى. لێکدانەوەیەکى دیکەش ئەوەیە کە ئەردۆغان دەیەوێ دەستوورى وڵاتەکەى جارێکى دیکە هەمواربکاتەوە بۆ ئەوەى دەرفەتى مانەوەى لە حوکم بۆ بڕەخسێت، بۆ ئەمەش پێویستى بە کوردە و دەیەوێت لەم رێگایەوە کورد پشتیوانیی مانەوەى بکات لە دەسەڵات. زۆر شرۆڤەى دیکەش هەن کە هەندێک جدیەت لە هەڵوێستى تورکیا دەبینن و هەندێکیش بە گومانەوە لێى دەڕوانن. 
 
ئەوەى بەلاى منەوە گرنگە و دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە سەرەڕاى ئەوەى چارەسەرى کێشەى کورد لە ئاشتیدا نابینم و هەموو پرۆسەیەکى ئاشتیش بەتایبەت کە لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرەکانەوە پێشنیاز بکرێت وەک جۆرێک لە تەڵە و موماتەڵە دەبینم، بەڵام لەبەر هۆکارێکى دیکە بە گرنگى دەزانم کورد بەپیرى ئەم هەڵوێستەى تورکیاوە بچێت و یارمەتیدەربێت لە کردنەوەى دەرگەی ئاشتى ئەگەر سەت لە سەتیش دڵنیایە ئەمە تاکتیکە و تورکیا دەیەوێ وەک یاریکردن بە کات دۆخێکى سەقامگیر بەرقەرار بکات، بەڵام پێم وایە لەم هەلومەرجەدا ئاشتى بۆ کورد ئەگەر هەر بۆ تێپەڕینى کاتیش بێت بەکەڵکە، چونکە هەموومان ئەوە دەبینین لە دواى پەلامارەکانى رووسیاوە بۆ سەر ئۆکراینا، ناوەندە گرنگەکانى وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى بایەخێکى ئەوتۆیان نەماوە. شەڕى حەماس و ئیسرائیل، پەڕینەوەى بۆ لوبنان و ئەو چاوەڕوانییانەى هەن بۆ پەرەسەندنى بۆ سووریا و عێراق و ئێران، زیاتر ئەوەى سەلماند کە سەروەری و سنوور و یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان هەر قسەن، سەنگى مەحەک بوونى هێزە، نەک هێزى مەنتق. 
 
بۆیە لە هەلومەرجێکى وادا کە هێزى تورکیا تاوەکو قوڵاییەکى زۆر هاتووەتە نێو باشوور و رۆژئاواى کوردستانەوە و رۆژانە بە فڕۆکە لە گەرمیانەوە بۆ عەفرین پەلامارى ناوچە جیاجیاکانى کوردستان دەدات، هەڕەشەى ئەوەشى دەکرد پەلامار و هێرشەکانى زیاتر دەکات، نە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش قسەیەکیان لەم بارەیەوە نییە، رۆژ لەدواى رۆژیش ئەگەرەکان بۆ فراوانبوونەوەى شەڕى ئیسرائیل لە ناوچەکە زیاتر دەبن و ئەگەرى ئەوەش هەیە گۆڕانکاریی ریشەیى لە نەخشەى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست بێتە ئاراوە. بۆیە لە بارودۆخێکى وادا سەقامگیری و ئارامى بۆ کورد لە هەموو لایەک پێویستتر و گرنگترە. لەبەرئەوە هیواى ئەوە دەخوازم سەرکردایەتیی پەکەکە و کورد لە باشوور و رۆژئاواى کوردستانیش هەرچییەکیان پێدەکرێت بۆ بەرقەرارکردنى ئاشتى، هەنگاوى خێراى بۆ بنێن. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زوبێر رەسوڵ

هەرێمی کوردستان چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی کورد و رۆژئاوای کوردستان بکات؟

رۆژئاوای کوردستان پێویستی بە کەناڵێکی دپلۆماسی و لۆبیکردن و پشتگیری نەتەوەیی هەیە بۆ ئەوەی ئەو دەسکەوتە گەورەیەی کە لە ماوەی 100 ساڵدا بۆ کورد بەدەستهاتووە لە سووریا لە چەند رۆ‌ژێکدا لەبارنەچێت، هەرێمی کوردستان و پێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێت رۆڵێکی گەورە بگێڕێت لەو چرکەساتە مێژووییەدا.