شیکردنەوەی هەنگاوە دژە گەندەڵییەکانی حکومەتەکەی زەیدی لە ژینگەیەکی سیاسیی ئاڵۆزیی وەک عێراقدا، پێویستی بە تێڕوانینێکی قووڵ هەیە لە هاوکێشەکانی هێز، بەرژەوەندی ئابووری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. لە روانگەی زانستیی سیاسی و ئابووریدا، ئەم هەوڵانەی زەیدی دەکرێت لە چەند ئامانج و دیدگایێکدا کۆبکرێنەوە. لە زانستی سیاسیدا، کەمپینەکانی دژە گەندەڵی لە سیستەمە راگوزەرەکاندا، یان ناسەقامگیرەکاندا دەکرێت بە سێ شێواز لێکبدرێنەوە:
روانگەی ئاماژەدان: ئایا ئەمە تەنیا بۆ باشکردنی وێنەی حکومەتە؟ لە زۆربەی کاتەکاندا، حکومەتەکان بۆ کەمکردنەوەی تووڕەیی شەقام و بەدەستهێنانی "شەرعییەتی جەماوەری"، دەست دەدەنە دەستگیرکردنی چەند بەرپرسێکی دیار، نەک بە مەبەستی سنوردانان بۆ گەندەڵیی رێگریکردن. ئەگەر پرۆسەکە تەنیا گۆڕینی رووخسار بێت بەبێ گۆڕانکاری بنەڕەتی لە یاساکاندا، ئەوا ستراتیژێکی کورتخایەنە بۆ راگرتنی هاوسەنگی (Window Dressing). ئەم هەنگاوە لە زۆربەی حکومەتەکانی دیکەیش لە سەرەتای ٦ مانگ تا ساڵێکدا بوونی هەبووە، دواتر چووەتەوە سەر هەمان رێگای حکومەتەکانی دیکەی پێشخۆی.
تێکچوونی رێککەوتنی نوخبەکان: سیستەمە سیاسییەکان زۆرجار لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەستکەوتەکان لەنێوان هێزە باڵادەستەکاندا بەڕێوەدەچن. کاتێک کەسێکی وەک عەلی زەیدی دەستپێشخەری گەورە دەکات، ئەمە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر "تۆڕەکانی لایەنگری" (Patronage Networks) سەیر دەکرێت. نارەزایی لایەنە سیاسییەکان نیشانەی ئەوەیە، کە چاکسازییەکە گەیشتووەتە ناوچە سوورەکانی هێز، بەڵام هێشتا هێلە سوورەکانی تێنەپەڕاندووە، بۆ نموونە هێشتا مالکی و خەزعەلی و عامری و حەکیم چەندان سەرکردەی دیکەی ناو پڕۆسەی سیاسیی تۆمەتبار نەکراون.
پشتیوانی شاراوە: هیچ بەرپرسێک ناتوانێت چاکسازی بنەڕەتی بکات، ئەگەر لانی کەم پشتیوانی بەشێک لە دامەزراوە سەرەکییەکانی دەوڵەت یان لایەنە چەکدار و ئابوورییە بەهێزەکانی لەپشت نەبێت. نادیاری پشتیوانەکەی، رەنگە ستراتیژێک بێت بۆ پاراستنی خودی پرۆسەکە لە پێشوەختە پووچەڵکردنەوەی.
لە رووی ئابوورییەوە، گەندەڵی تەنیا لاوازکردنی کەناڵەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدان نییە، بەڵکو سیستەمێکی دارایی هاوتەریبە، کە دەتوانین لە چەند تەوەرێکدا کۆیبکەینەوە.
ئابووری کرێخۆر (Rentier Economy): ئەگەر ئابووریی وڵات پشت بە نەوت یان داهاتی سنوورەکان ببەستێت، گەندەڵی دەبێتە ئامرازێک بۆ دابەشکردنی داهات لە نێوان حزبەکاندا. جوڵەکانی زەیدی ئەگەر ببنە هۆی وشککردنی سەرچاوە داراییە نایاساییەکانی حزبەکان، دەبنە هۆی "شۆکی دارایی" بۆ پێکهاتە سیاسییەکان، ئەمەش پاڵنەری سەرەکییە بۆ بەرگریکردنیان.
متمانەی وەبەرهێنان: لە روانگەی ئابوورییەوە، ئەگەر ئەم هەنگاوە ببێتە "ستراتیژێکی نوێ" و سەقامگیری یاسایی دروست بكات، متمانە دەگەڕێنێتەوە بۆ بازاڕ و وەبەرهێنانی بیانی (FDI) رادەکێشێت بۆ بازاڕەکانی عێراق. بەڵام ئەگەر تەنیا ململانێی سیاسی بێت، دەبێتە هۆی "راکردنی سەرمایە" (Capital Flight) چونکە سەرمایەداران لە ناسەقامگیری دەترسن.
بێجگە لەوە، هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەدەن، کە تۆم باراکی نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لیستێکی ناوی ١٠٠٠ کەسی داوەتە زەیدی، کە پلەیان لە بەرێوەبەری گشتیی و سەروترن. دەنگۆی بوونی لیستێکی لەم شێوەیە لە روانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە (IR) دەچێتە خانەی مەرجدارکردنی پاڵپشتی دەرەکی. نێوەندە داراییە نێودەوڵەتییەکان (وەک گەنجینەی ئەمریکا، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی) سیستەمی چاودێریی تووندیان هەیە بەسەر حەواڵە و سپیکردنەوەی پارەوە. ئەمریکا زۆرجار دۆسیەی بنبڕکردنی گەندەڵی وەک مەرجێک بەکاردەهێنێت بۆ بەردەوامی پشتیوانییە دارایی و سیاسییەکانی.
بوونی داتا و بەڵگەی هەواڵگری لای لایەنی دەرەکی شتێکی باوە، بەڵام ئەگەر زانیارییەکان راست بن، ئەوە پێدانی ئەم لیستە بە زەیدی دەکرێت دوو مانا ببەخشێت:
1.کارتێکی گوشار: بۆ ناچارکردنی حکومەت کە لە بەرەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکادا بمێنێتەوە، بەمەش ئەمریکا پشتگیری دەکات، دواتریش پشتگیری جەماوەری بۆ دەرەخسێت. لەم سۆنگەیەوە دەکرێت بڵێین کە ئەمریکا روانگەیەکی جدیتر و ئامانجداری هەیە بەرامبەر حکومەتەکەی زەیدی.
2.پێدانی شەرعییەتی نێودەوڵەتی: بۆ ئەوەی زەیدی بتوانێت لە ناوخۆدا بەرەنگاری ئەو لایەنانە ببێتەوە کە دەڵێن کەمپینەکە "تۆڵەسەندنەوەی سیاسییە". بوونی ئەو پاڵپشتییە واتا بوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ حکومەتەکەی زەیدی، ئەمەش پێگەی خۆی و حکومەتەکەی بەهێزتر دەکات، رەنگە دواجار ببێتە هۆی داڕشتنەوەی فۆڕمێکی دیکەی هاوسەنگی هێز لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا.
بۆ ئەوەی وێنەکەم روونتر بێت؛ بە سەرنجدان لە مێژووی چاکسازییە هاوشێوەکان لە ناوچەکەدا، رەنگە لایەنە ناوخۆییەکان لێکتێگەیشتنێکی نوێ بکەن بۆ قوربانیکردن بە چەند ناوێکی دیار لە ئاستی خوارەوەی نوخبە سیاسییەکان نەک لە ئاستی باڵادا، بەڵام تاسەر ئامادە نەبن بەردەوام بن لە پشتگیریکردن لەوەی کەسایەتییەکی سیاسی بێ کورسی وەک پاڵەوانی دادپەروەری و دژە گەندەڵی لەناکاودا دەربکەوێت لەسەر حسابی لایەنە سیاسییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی. لە جیهانی سیاسەتدا، بەتایبەت لەو سیستەمە فرەحزبیانەی کە گەندەڵی تێیاندا بووەتە پێکهاتەیەکی جێگیر، پاڵپشتی شتێکی خۆڕایی نییە، بەڵکو وەبەرهێنانێکە کە دەبێت قازانجی حزبی هەبێت، بەڵام ئەو ئەگەرەش هەیە کە لایەنە سیاسییەکان لە رووی راگەیاندنەوە پاڵپشتی زەیدی بکەن، بەڵام لە پشت پەردەوە بە تەنیا جێی بهێڵن (یاخود رێگری لێبکەن) کاتێک پرۆسەکە دەگاتە هێڵە سوورەکانیان.
مامەڵە و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان دەکرێت بە چەند شیوازێک بێت:
1. پاڵپشتیی رواڵەتی
هیچ حزبێکی سیاسی، تەنانەت ئەوانەش کە نوقمی گەندەڵین، ناتوانن بە ئاشکرا بڵێن "من دژی چاکسازیم"، چونکە ئەمە بە واتای خۆکوشتنی سیاسی دێت لەبەردەم دەنگدەراندا. بۆیە لە سەرەتادا هەمووان بەیاننامەی پڕ لە پیاهەڵدان بۆ هەنگاوەکانی زەیدی بڵاودەکەنەوە، بەڵام ئەمە پاڵپشتییەکی راستەقینە نییە، بەڵکو تەنیا جۆرێکە لە "خۆحەشاردان لەژێر چەتری چاکسازیدا" بۆ ئەوەی لە شەپۆلەکە رزگاریان بێت.
2. تەسفیەی حیسابات!
لایەنە سیاسییەکان کاتێک پاڵپشتی راستەقینەی زەیدی دەکەن، کە دۆسیەی گەندەڵی دژی رکابەرەکانیان بجوڵێنێت. لەم دۆخەدا زەیدی وەک "کارتێکی بەهێز" دەبینن بۆ لاوازکردنی نەیارەکانیان لە بازاڕ و دەسەڵاتدا. بەڵام هاوکێشەکە کاتێک سەرەوژێر دەبێتەوە، کە تیرەکە ئاڕاستەی بەرپرسانی ناو حزبی خۆیان دەکرێت؛ لێرەوە پاڵپشتییەکە دەگۆڕێت بۆ تۆمەتبارکردنی زەیدی بەوەی کە "ئەجێندای سیاسی و دەرەکی" جێبەجێ دەکات.
3. ستراتیژی "گۆشەگیرکردنی بێدەنگ"
ئەگەر عەلی زەیدی سوور بێت لەسەر لێدان لە "تۆڕە گەورەکانی گەندەڵی" بەبێ جیاوازی، لایەنەکان (سەرەڕای ململانێکانیان)، ئەوە ئەگەری ئەوە هەیە، کە لە پشت پەردەوە بەرەیەکی یەکگرتووی ناڕاگەیێندراو دروست بکرێت بۆ پەکخستنی، ئەمەش دەکرێت لە رێگای: بەربەستی یاسایی و کارگێڕی بێت، واتە هەموارکردنەوەی یاساکان یان بەستنەوەی دەست و قاچی دامەزراوەکانی حکومەتی. یاخود شەڕی میدیایی، واتە بەکارهێنانی میدیا سێبەرەکان بۆ ناشرینکردنی کارەکتەری زەیدی و نیشاندانی وەک کەسێکی سەرکێش، یان سەر بە لایەنێکی دەرەکی. یانیش جێهێشتنی بەتەنیا، واتە کاتێک زەیدی دەکەوێتە بەرەی رووبەڕووبوونەوەی تووند لەگەڵ مافیا داراییەکان، لایەنەکان پاشەکشە دەکەن و بە تەنیا لە مەیدانەکەدا جێی دەهێڵن تا خۆی بسوتێت.
دەرەنجام
ئەم کەمپینەی عەلی زەیدی دەستی پێکردووە، سەرەتایەکی باشە، بەڵام لە بەردەم دووڕیانێكدایە، ئەگەر تەنیا بە ئامانجی سیاسی یان راگەیاندنی کورتخایەن بێت، پاشەکشەی لێدەکرێت کاتێک بەرژەوەندییە گەورەکان دەکەونە مەترسییەوە، بەڵام ئەگەر پاڵپشتی نێودەوڵەتی و ئیرادەیەکی ناوخۆیی راستەقینەی لەپشت بێت، دەبێتە سەرەتای "ستراتیژێکی نوێ" کە نەخۆشییە درێژخایەنەکەی سیستەمی حوکمڕانی عێراق دەستکاری دەکات، هەم وێنەی حکومەت چاک دەکات و هەم بنەمای ئابووریی عێراق بەهێز دەکات.
مێژووی سیاسی پێمان دەڵێت کە پاڵەوانانی دژە گەندەڵی ئەگەر تەنیا پشت بە پۆستە فەرمییەکەیان ببەستن، بێ ئەوەی هێزێکی رێکخراوی جەماوەری، یان پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی بێ مەرجیان لەپشت بێت، زۆر زوو لە ناوەڕاستی رێگاکەدا بە تەنیا دەمێننەوە. لایەنە سیاسییەکان تا ئەو شوێنە لەگەڵ زەیدین کە "کیسەی پارە و پێگەی دەسەڵاتیان" سەلامەت بێت. بە سەرنجدان لەم دۆخە، بۆ ئەوەی زەیدی نەکەوێتە داوی ئەم گۆشەگیرییە سیاسییەوە، پێویستە زیاتر پشت بە "شەقامی تووڕە و رای گشتی" ببەستێت بۆ دروستکردنی گوشار، لە هەمان کاتدا هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان (وەک ئەمریکا یان نەتەوە یەکگرتووەکان) بکات، تا چەترێکی پاراستنی بۆ فەراهەم بکەن. بە پێچەوانەوە ئەگەری بەهێزیش ئەوەیە کە حکومەتەکەی زەیدیش هاوشێوەی حکومەتەکانی دیکە بێت و بڕوات، ئەمە تەنیا مکیاجێکی سیاسی بەتاڵ بێت بۆ گەیاندنی پەیامێکی سیاسی کورتخایەن، نەک ستراتیژێک بۆ رێگرتن لە گەندەڵی ئیفلیجکردنی ئابووریی عێراق.
.jpg&w=3840&q=75)


