پێش ئەنجاماندانى ئەم خولەى پەرلەمان، بەشێک لە هێزە سیاسیەکانى هەرێمی کوردستان گومانى خۆیان خستەڕوو لەوەى دیزاینى پێشوەختەى هەڵبژاردن کراوە. کە هەڵبژاردنیش ئەنجام درا، هێندەى دیکە پاساویان بۆ گومانەکانیان دەهێنایەوە کە ئەوەى ئێمە دەمانگوت وادەرچوو. بەو هۆیەشەوە هاوکێشەى دابەشکاریى کورسییەکانیان خستە ژێر پرسیارەوە.
هەرچەندە بەهۆى پێشکەوتنى ئامرازەکانى تەکنەلۆژیاو نەمانى پرەنسیپ و بەتاڵبوونەوەى حیزبى سیاسى لە فکر و بیروباوەڕ، ساختەکارى لە هەڵبژاردن زۆر چاوەڕوانکراوە، بەتایبەتیش لە وڵاتانى رۆژهەڵات و بەدیاریکراویش لە عیراق و کوردستان، بەڵام هێشتا ناتواندرێت ئەوە بسەلمێندرێت کە نەخشەى کورسى هێزە سیاسییەکان و ئەوەى وەک دەرئەنجامى هەڵبژاردنەکان بەدەستهاتووە، دیزاینى پێشوەختە بووە. بەڵام ئەنجامەکان بەجۆرێکە چاوەڕوانکراوو بوو کوردستان توشى چەقبەستنى سیاسى بکات.
لە هەفتەى یەکەمى دواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکان کە هێشتا کۆمسیۆنى باڵاى عێراق ئەنجامى کۆتایى رانەگەیاندبوو، لە بەرنامەیەکى تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵى (ئێن ئار تى) ئەوەم گووت کە بەم ئەنجامانەوە کارێکى قورسە بە ئاسانى بتواندرێت کابینەى نوێى حکومەت لە کوردستان پێکبهێندرێت و ئەگەرى بەهێز ئەوەیە تا دواى هەڵبژاردنەکانى عیراق پرسى پێکهێنانى حکومەتى هەرێم بە ھەڵواسراوى بمێنێتەوە. دواتریش بە وتار و دیدارى دیکە مەترسى ئەوەم خستەڕوو کە پێویستە هەرێمى کوردستان بڕیار لە دوبارەکردنەوەى هەڵبژاردنى پێشوەختە بدات، ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەداتەوە ئەم کابینەى حکومەتە دەبێتە دواهەمین کابینەى پێکەوەیى پارتى و یەکێتیى. جێى نیگەرانییە کە گوێیان بە هوشیداریدانى کەس نەداو چارەنوسەکە بەو رۆژە گەیشت کە لێى دەترساین.
ئەوەى ئەمڕۆ پێى گەیشتووین کە وێناکەى وەک نزیکبوونەوەى ئاوابوونى خۆرى کورد و کۆتایى قەوارەى هەرێمی کوردستان لێکبدرێتەوە، بۆ ئێمە چاوەڕوانکراو بوو. هەر بۆیە بەدرێژایى نزیک بەو دوو ساڵەى رابردووى دواى کۆتا هەڵبژاردن چەندین جار وەک ئەگەرو نوقڵانەیەکى خراپ، مەترسییەکانمان بۆ روونکردبوونەوە. وەلێ بێباکى هەندێ لە هێز و دەسەڵاتداران خەریکە هەرێمى کوردستان دەگەیەنێتە لێوارى گلۆربوونەوە.
ناکۆکیى و ناتەبایى نێوان هێزە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان، هەلومەرجى ئەوەى خۆشکردووە کە دۆخى سیاسى ناوخۆى هەرێمى کوردستان لە باربێت بۆ ئەوەى نەیارانى کورد ئاسانتر بتوانن کۆڵەکەکانى مانەوەى لەق بکەن. گومان لەوەدا نییە کورد ناحەز و دوژمنى زۆرە، پیلانگێڕیى و گەلەکۆمەى هەرێمایەتى و هێزگەلى نێوودەوڵەتیشى لەسەرە، بەڵام ئەوەى وایکردووە یاخود دەبێتە هۆى ئەوەى مەیلى ناحەزەکانى سەربگرێت، ناتەباییەکەى ناو ماڵى کورد خۆیەتى. ئەمەشیان سەربارى بوونى دەستى زۆر هێزگەل و ناوەندى هەواڵگریى وڵاتان لەناو کوردستان، بەڵام هێشتاش بەشى زۆرى ئۆباڵەکەى لە ئەستۆى حیزب و سەرکردە سیاسییەکانى کورد خۆیدایە.
ئەوەى دوێنێ شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا وەک هەڕەشەیەک درکاندى کە (یان دەبێت حکومەت بەو جۆرە پێک بێت ئێمە دەمانەوێت، یان هەرێمی کوردستان نامێنێت)، ئاماژەى مەترسیدارە. هەڕەشەکردن بە کۆتایى هەرێمی کوردستان و نوقڵانەى کۆتایى قەوارەو دەسەڵاتى کوردى لەلایەن هێز و کارەکتەرى سیاسى کورد خۆیەوە، جێى هەڵوەستە و تێڕامانى قووڵە.
هیچ گومان لەوەدا نییە ئەوەى لە هەرێمى کوردستان دەگوزەرێت نالۆژیکى و نا یاسایى و نادەستوریى و ناهەقییە کە نزیک بە دوو ساڵە هەڵبژاردن ئەنجام دراوەو ناتواندرێت کابینەى تازەى حکومەت پێکبهێندرێت. بەڵام چارەسەرەکە ئەوە نییە ئەگەر نەتواندرا کابینەى تازە دروست بکرێت ئەوە دەبێت هەرێمى کوردستان نەمێنێت. رێگا راستەکە ئەوەیە هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە. لەبەر ئەوەى نەوەى نوێ و هەندێ لە هێزە سیاسیەکانى کوردستان عێراقیان لێبووە بە نمونەى باڵا، بۆیە با منیش هەر عیراقیان بۆ بکەم بە نمونە، ئەگەر دواى هەڵبژاردن هێزە سیاسییەکانى عێراق جا بەهۆى دیزاینى کورسییەکانیانەوە بوبێت یا بەهۆى ئەوەى هەندێکیان وەک داشى شەترەنج بەدەستى هەواڵگیریى وڵاتان دەجوڵێندرێن، نەیانتوانى کابینەى حکومەت پێکبهێنن دەبوایە هەڵبژاردن ئەنجام بدەنەوە یان بڕیار بدەن عێراق نەمێنێت؟ ئەمە چى لۆژیک و چى هوشیارییەکى سیاسییە بانگەشەى هەڵوەشاندنەوەى قەوارە دەستورییەکە بکرێت لە کاتێکدا رێگاى راست و دروست و یاسایى و دەستوریى هەڵوەشاندنەوەى ئەو خولەى پەرلەمانە کە ناتوانن کۆببنەوە و ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. لەکاتێکدا بەهۆى هەلنەبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان سەرۆکى تەمەن کە ئەرکى بەگەڕخستنەوەى پەرلەمانى لە ئەستۆبوو لە کوتلەکەى نەوەى نوێیە.
هەر پەیوەست بەم تەنگەژەیە، رەوتى هەڵوێست، لە تازەترین هەڵوێستیاندا دەڵێن دەچینە دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق و داواى هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانى کوردستان دەکەین. کۆمەڵى دادگەریش لە سەرەتاى راگەیاندنى ئەنجامەکانى هەڵبژاردنەوە ئەنجامەکەى رەتکردەوەو بایکۆتى پەرلەمانیکردووەو داواى دوبارەکردنەوەى هەڵبژاردن دەکەن. یەکگرتویى ئیسلامیش بۆ دەربازبوون لەم قەیرانەو دورخستنەوەى هەرێمی کوردستان لە لێکەوتە خراپەکانى دەستپێشخەریەکى راگەیاندووە بۆ لێکنزیککردنەوەى پارتى و یەکێتى.
کەواتا ئێستا هێزەکانى دەرەوەى دەسەڵات (کۆمەڵ و یەکگرتوو، رەوتى هەڵوێست) لە هێزەکانى دەسەڵات زیاتر پەرۆشى ئەوەن کوردستان لەو چەقبەستووییە دەربازى بێت کە بەهۆى ناکۆکى و ناتەبایى نێوان یەکێتیى و پارتییەوە دروستبووە، وە زەمینەى بۆ ئەوە رەخساندووە بانگەشەى نەمانى هەرێمی کوردستان و تاکە قەوارەکەى کورد بکرێت لەسەر رووى زەوى.
بۆیە لێرەوە داوا لە بەڕێزان مامۆستا سەڵاحەدین بەهادین ئەمیندارى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان و مامۆستا عەلى باپیر ئەمیریى کۆمەڵى دادگەریى و کاک عەلى حەمە ساڵەح بڕیاردەرى رەوتى هەڵوێست دەکەم، رێگا راستەکە بگرنە بەر، پەنا بۆ کەس مەبەن ئەوەى بەخۆتان دەکرێت مەیخەنە دەستى خەڵکی تر. پێکەوە پرۆژەیەک بۆ سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان رابگەیەنن بۆ ئەو مەبەستەو داواى ئەنجامدانى کۆبونەوەیەکى پەرلەمان بکەن.
پێویست ناکات بچنە دادگاى فیدراڵى داواى ئەوە بکەن پەرلەمانى کوردستان هەڵبوەشێنێتەوە کە نازاندرێت ئەنجامى سکاڵاکەتان و لێکەوتەکانى لەسەر ئایندەى کوردستان چۆن دەبێت، لەکاتێکدا خۆتان دەتوانن بە کۆبونەوەیەکى پەرلەمان و لەسەر داواى نیوە کۆ یەک، بڕیارى ھەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان و سەرلەنوێ ئەنجامدانەوەى هەڵبژاردن بدەن. بەم کارە پشتیوانییەکى زۆر بۆخۆتان دەستەبەر دەکەن و کوردستانیش لەو بەبارمتەگیراوییە رزگار دەکەن کە ئێستا گیرۆدەى بووە.
بەو کارەتان کۆتایى بەو هەلورمەجانە دەهێنن کە بانگەشەى کۆتایى هەرێمى کورستانی تیا بکرێت. راستە کورد خراپ ئیدارەى بەڕێوە بردووە، دەکراو دەتواندرا زۆر باشتر بوایە لە ئێستا، بەڵام نیشتمان و پرسى ناسنامەى میللەتێک جیاوازە لە تێڕوانین و رەفتارو مامەڵەى پارتى و یەکێتیى لە حوکمڕانى. بۆ هەر کوردێکى خاوەن کەرامەت لە هەر کوێیەکى ئەم گۆى زەمینە بێت، قەوارەى هەرێمی کوردستان شەرەف و ناسنامەیە. ئێوە دەتوانن وەک سێ هێزى ئۆپۆزسۆن شانازى ئەوە بۆ خۆتان تۆمار بکەن لە حیزبە دەسەڵاتدارەکان زیاتر پەرۆشى مانەوەى چوارچێوەو کیانى نیشتمانى کوردستان بوون.

.jpg&w=3840&q=75)

