گشتپرسی دوا دەرفەتی مانەوەیە وەك نەتەوە

21-07-2017
هونەر سەلیم
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-

لە باشووری كوردستان كورد شكستبێنێ كوردبوونی هەموو پارچەكانی دیكە كاولدەبێت، ئەگەر ریفراندۆم نەكرێ یان سەرنەكەوێت هیچ متمانەیەك بۆ میللەتبوونمان نامێنێ و كوردبوون دەبێتە عەبەس.

تەنیا زاكیرەی هاوبەشی كورد ( هەموو كورد لە هەر چوار پارچە ) ئازاری ژێردەستەییە كە لە گۆرانی و شیعر و لایلایەدا هەیە .

لەبەر زیاتر لە هەزار ساڵ بێدەوڵەتی لە وشەی سەربەخۆیی تێناگەین، چونكە هەر سەر بە ئەوەیدیكە بووینە.

رزگاربوون لە زولمی میللی بووە خەونێكی هاوبەش كە كوردی پێكەوە گرێدەدا، ئەگەر ئەو خەونە نەما ئایا شتێكی دیكە هەیە كە ئێمە بە یەك میللەت حیساب بكات؟

زمان؟ سێ كورد كۆك نین لە سەر ستاندارتیزەكردنی ئەو هەموو دیالێكتە و هەموومان پێیەوە پەیوەست بین، كەواتە چیدیكەمان هەیە كۆمانبكاتەوە، دیوانێكی ئەحمەدی خانی ؟ یەك لە سەتی كورد نەیخوێندووەتەوە، چەند شیعرێكی نالی؟ دیسان یەك لە سەتی كورد نەیخوێندووەتەوە، تاوەكو رادەیەك ئەی رەقیب و رەنگەكانی ئاڵای كوردستان كوردێكی مۆسكۆ یان مەندەلی و مەهاباد و دیاربەكری لەگەڵ هەولێری و قامشلۆیەك كۆدەكردەوە، ئێستا دەربارەی ئەوانەش رای جیاواز دروستبووە.

كوردستانی ژێر ركێفی سووریا بووە رۆژئاڤا و ئێستاش بووە بە كانتۆنەكانی "شیمالی سوریا"، پارتە زلەكەی باكووریش كە ئامانجی كوردستانێكی سەربەخۆ و یەكگرتوو و سۆسیالیستی بوو، ئێستا بووەتە سەرهەڵدان بۆ ئازادكردنی یەك كەس ( بەڕێز ئۆجەلان ) ، جڤاتا ئێكۆلۆژیشیان لەسەر زیاد كرد بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانە 180 پلەیەمان پێ هەزم بكرێت .

با پرسیارێك بكەم، ئەگەر سەربەخۆ نەبین و سەر بە بەغدا بین چ قازانجێكمان دەبێت؟ ئاوەدانی و گەشەی زیاتر؟ نەخێر، دیموكراسی زیاتر؟ نەخێر، پارەی زیاتر؟ نەخێر، پێشكەوتن و عیلم و مەعریفەی زیاتر؟ نەخێر، ئاسوودەیی ، ئاشتی، كەیف و خۆشگوزەرانی زیاتر؟ بێگومان نەخێر.

پێویستیش ناكات بە كوردێك بڵێم كوردستانی بندەستی عێراق و كوردستانی ئێستا بە هەموو كێماسییەكانی كامەیان باشترە، هەر ئەوە دەڵێم كە كەسێكی خەڵكی بەغدا دێتە كوردستان، شارەكانی كوردستان بە ئەوروپا بەراورد دەكات و خۆزگەیان پێدەخوازێت .

ئەو دەرفەتەی سەت ساڵە چاوەڕوانی دەكەین كە دوا هەنگاو بەرەو ئازادی و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆمان بهاوێژین، لەپێناو سەربەخۆیی لە كۆتایی ساڵانی 1800ەوە لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵلای نەهری بەرپا بووە، پاشان شێخ سەعید و شێخ عەبدولسەلام بارزانی و سمكۆی شكاك و شێخ مەحموود و قازی محەممەد تاوەكو مستەفا بارزانی خەباتیان بۆ ئەوە كردووە كە كوردستان سەربەخۆ بێ و كورد ئازاد بێ، بۆیە با لە كوردستانی عێراقەوە ببینە كوردستانی كورد.

ئەوە دوایین دەرفەتە بۆ ئێمە، عێراق بەهێزببێتەوە و چاوەكان لە سەر ئەو ناوچەیە لابكەون و ئەمریكا پێویستی بە كورد نەمێنێ، حاڵمان دەگەڕێتەوە سەردەمی شەستەكان و دوورنییە پەیمانێكی دیكەی جەزائیرمان لە سەر دووبارە بكەنەوە.

بە خۆشی بێ یان بە ترشی (بەزۆری) بەغدا لەشكری عێراقی عەرەبی لە "شمال العراق" جێگیر دەكاتەوە،حەشدی شەعبی و جەیشی شەعبی و میلیشیا مەزهەبییەكان بە (برامیل متفجرە) هەموو تاكێك و هەموو بستێكی كوردستان دەخەنەوە ژێر دەستی بەغدا، چما كورد دۆستی هەیە؟

سەیری سوننەی موسڵ بكەن چیان لێكرا، ئەدی سووریا، زیاتر لە 350 هەزار كەسیان لێكوژرا ، زیاتر لە 12 ملیۆن كەسیان ئاوارە و پەڕاگەندەی وڵاتان بوون، كەس ئەسەدی راگرت؟

ئەگەر سەربەخۆ نەبین، دیسان دەرگای تاریكی و پۆڵایین بە سەر كوردستان دادەخرێتەوە، كە هاتینەوە سەر سفر كێ دەچێتەوە شاخ یان كوڕ و كچی خۆی دەنێرێت؟

ئێمە میللەتێكی ماندووین، ئەو ریفراندۆمەش دوایین دەرفەتە تاوەكو بتوانین بە ئاسوودەیی، ئاشتی، ئازادی بژین و بە یەكجاری لە زوڵمی بێگانە رزگارمان بێت و پاشەڕۆژێكی گەش بۆ منداڵەكانمان مسۆگەر بكەین.

پێویستە لە ناوخۆشماندا زوو رێكبكەوین، سێپتێمبەر نزیكە و نابێ هێندە دژایەتی و گاڵەتەجاڕی بە مەبەست یان بێمەبەست بە ریفراندۆم و سەربەخۆیی بكەین، چونكە ئەگەر وانەكەین و ئەگەر دەنگی "بەڵێ"ش بباتەوە ئەوە ئەو لێكترازانە ناوخۆییە كیفایەتە بۆ ئەسیادەكانمان كەلكی لێوەربگرن و لەو ناوچانەی دەستیان دەڕوات سندووقەكان پڕی دەنگی "نەخێر" بكەن و بڵێن خۆتان خەتابارن.

ئەوەندە كاتەی لە دەستمان ماوە دەبێ بۆ راستكردنەوەی هەڵەكانمان بێت لەپیناو بەرژەوەندی نیشتیمان، سكرتێر و رێكخەر و سەرۆك دێن و دەڕۆن، بەڵام وڵات و دەوڵەت دەمێننەوە، دەزانم تووشی داگیركەرێك بووینە زەحمەتە بەخۆشی رزگارمان بێت، بەڵام كۆتاییەكی ناخۆش زۆر باشترە لە ناخۆشییەكی بێ كۆتایی.

*دەرهێنەرێكی سینەمایی نێوداری كوردی دانیشتووی فەرەنسایە. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە