رووداو دیجیتاڵ لە خوێناویترین هێرشی چەند هەفتەی رابردوودا لە یەمەن، چەکدارانی حووسی بە سێ مووشەکی بالیستی کەمپێکی مەشق و راهێنانی هێزە ئەمنییەکانیان لە پارێزگای شەبوە کردە ئامانج؛ لە ئەنجامدا زیاتر لە 50 کەس کوژران و سەرووی 200 کەسی دیکەش بریندار بوون. ماجد نوزەیلی، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن پشتڕاستیکردەوە، سێ مووشەکی بالیستی لە کەمپی (عەلەم) لە پارێزگای شەبوەیان داوە کە ناوەندی مەشقپێکردنی ئەندامانی نوێی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بووە. بەپێی راگەیێندراوی بەرپرسانی پارێزگاکەش، 53 کوژراو و زیاتر لە 200 بریندار تۆمارکراون کە سەرجەمیان ئەندامانی نوێی هێزە ئەمنییەکان بوون. فەهد خولەیفی، جێگری پارێزگاری شەبوە رایگەیاند، نەخۆشخانەکانی پارێزگاکە توانای لەخۆگرتنی ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیانیان نەماوە، بۆیە ناچاربوون ئەو بریندارانەی دۆخیان ناجێگیرە رەوانەی نەخۆشخانەکانی حەزرەمەوت و عەدەن بکەن و گوتی: "تەندروستیی بەشێک لە بریندارەکان زۆر سەختە." لە بەرامبەردا، ئاژانسی (سەبا)ـی سەر بە حووسییەکان بڵاویکردەوە، هێزەکانیان "کۆبوونەوەیەکی دوژمنی سعودی"ـیان لە کەمپی عەلەم بە ئامانج گرتووە و دەیان کەسیان کوشتووە و بریندار کردووە. پارێزگای شەبوە بە ناوچەیەکی پڕبایەخی ستراتیژی دادەنرێت کە کێڵگە نەوتییەکان و وێستگەی (بەلحاف) بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گازی سروشتیی شلکراوی لەخۆگرتووە؛ وێستگەیەک کە بە گەورەترین شادەماری ئابووریی یەمەن هەژمار دەکرێت. سەرچاوەیەکی سەربازیی حکومەتی یەمەن رایگەیاند، نیگەرانی هەیە ئەم بۆردوومانە پێشەکییەک بێت بۆ دەستپێکردنی هێرشی زەوینی، "هاوشێوەی ئەوەی مانگی رابردوو لە بەندەری موخا روویدا و حووسییەکان دەستیان بەسەردا گرت." ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد کە حووسییەکان رێگەی سەرەکیی نێوان شەبوە و پارێزگای بەیزایان بڕیوە، ئەمەش مەترسییەکانی سەر شەبوەی دوو هێندە کردووە. ئەم پەرەسەندنە نوێیە دوای ئەوە دێت کە لە تەممووزی ئەمساڵ ئاگربەستەکەی ساڵی 2022 بەتەواوی هەڵوەشایەوە؛ لە چەند هەفتەی رابردووشدا هێرشەکانی حووسییەکان بۆ سەر خاکی سعودیە چڕتر بوونەتەوە، بەتایبەت دوای هێرشەکەی سەرەتای ئەم مانگەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز کە بەهۆیەوە 13 کەس کوژران.