رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک هونەرمەندی شارەکە، رێز لە پێنج هونەرمەند گیرا، پارێزگاری هەولێر ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو و دەڵێ: "جەخت لە پاراستنی میراتی هونەری و رۆشنبیری کوردی دەکەینەوە.''
لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان، ئێوارەی رۆژی دووشەممە 19-10-2026 رێوڕەسمێکی رێزلێنانی بۆ هونەرمەندان، لەتیف نوعمان هونەرمەند و دەرهێنەر، رووپاک عەبدولقادر ئەکتەر و شانۆکار، د. ئیبراهیم سمۆ نووسەر و لێکۆڵینڤانی ئەکادیمی، رەسمی جەلال هونەرمەند و شانۆکار، سەعدوون کاکەیی هونەرمەند و گۆرانیبێژ رێکخست.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: "ئەو هونەرمەندانە، خزمەتی هونەر و کۆمەڵگەیان کردووە.''
هیوا سوعاد، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای هونەرمەندان رایگەیاند: "پێمان جوانە هونەرمەند لەکاتی ژیانیدا رێزی لێ بگیرێ و پەیکەری بۆ دروست بکرێ.''
هیوا سوعاد دەڵێ: "درک بە گرنگی ئەو هونەرمەندانە دەکەین، بۆیە پێمانباشبوو رێزێک بۆ خزمەتیان دابنێین.''
ئەو هونەرمەندانەی رێزیان لێ گیرا هەریەکە و بەپێی توانای خۆی ئەزموونێکی دەوڵەمەندی هەیە و خزمەتی هونەری کوردستانی کردووە.

