بەڕێز عێراقی..

20-09-2017
هونەر سەلیم
نیشانەکردن گشتپرسی
A+ A-

بەڕێز عێراقی..

من نە عەرەبم و نە عێراقی، ئەوەی من 97 ساڵە بە عێراقەوە دەبەستێتەوە زنجیرێكی ئاسنە، كەلەپچەیە. من كوردم و نیشتیمانم ناوی كوردستانە.

یەكەمجار كە لەشكری عێراقی هاتە ناو خاكەكەم بۆ داگیركردن بوو، یەكەمجار عێراقیێكم بینی ئینزیبات بوو دەمانچەیەكی بە كەمەوەبوو و حەیزەرانێكی بەدەستەوەبوو و لە كۆڵانە تەنگەبەرەكانی شارەكەم بە غرورەوە دەسووڕایەوە.

بەڕێز عێراقی

یەكێك لە ستوونەكانی زاكیرەی هاوبەشی هەموو كوردێك ئەو نەهامەتیانەن كە عێراق
بەسەری هێناون، خۆ دەزانی نەهامەتی چییە؟

ئەوەی ئەم 97 ساڵە كوردێك و كوردێكی دیكە بەیەكدی دەبەستێتەوە هەستی مەزڵومیەت
و چەوساندنەوەیە لەژێردەستی ئێوەدا، دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێش.

باپیرم بە زەردەخەنەیەكی تاڵ و بە نائومێدییەوە دەیگوت:"دوێنێمان كارەسات بوو،
ئەمڕۆمان تراژیدیایە، بەڵام سوپاس بۆخودا كە پاشەڕۆژمان نییە"، تێگەیشتی؟

بەڕێز عێراقی

رێژەی شارستانیەتی وڵاتێك بەچۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كەمینەكان دەپێورێت، مامەڵەتان لەگەڵ میللەتی من كوشتن و بڕینە، زوڵم و ئیهانەیە، لەنێوبردنی گوندە بە مزگەوت و كلێسە و كنیشتەوە، كۆچ پێكردنی سەتان هەزار كەس و بزركردنی ژمارەیەكی هاوشێوە و زیندەبەچاڵكردنیان لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی بیابانی عەرەبی.

كە لۆرییە پڕ لە خۆشەویستەكانمان بەرەو "فەنا" دەبردران و سەتان كیلۆمەتریان بەناو موسڵ ، بەغدا ، نەجەف و كەربەلادا دەبڕین ، دەموچاوی شەپرزەی ئازیزانی ئێمەت دەبینی؟ هاواری ساوایەكانت دەبیست؟

لەوكاتەی وڵاتەكەت بووەتە خاوەن هێز هەركەسێك لە بەغدا لەسەر تەخت بووبێ بەبێ جیاوازی مەلیك بووبێ یان سەرۆككۆمار، راست بووبێ یان چەپڕەو یان چەتەكانی بەعس، سوننە بێ یان شیعە یەك رەفتاریان لەگەڵ كورد كردووە، لەشكر و موخابەرات و تۆپ و تانك و تەیارەیان بەكارهێناوە تاوەكو منی كورد بە دیلی بمێنمەوە، دیلی ئێوە، دیلی تۆ، دەزانی دیلی چییە؟

شەتولعەرەبتان دایە "فورس المجوس" لە بەرامبەر هاوكاریكردنتان بۆ سەركوتكردنی میللەتەكەم، خۆ دەشزانم ئێوەی عەرەب و تورك و فارس لە هەموو شتێكدا ناكۆكن، تەنیا لە چەوساندنەوەی میللەتی كورد نەبێت!

"تێكۆشانی من"ی هیتلەرتان خویندووەتەوە بۆ ئەوەی باشتر فێربن تاوەكو باشتر قڕمان بكەن، لە قورئاندا كە بۆ ئێوەی موسڵمان كتێبێكی پیرۆزە سورەتی ئەنفالتان كردە ئیلهام بۆ گێڕانەوەی سەدەی حەفتەم و رێك وەك ئەوكات وەك كوفارەكان غەزاتان كردین، لە KGB و CIA و جەلادەكانی گێستاپۆ فێربوون چۆن داهێنان لە ئەشكەنجە و ئازاردانمان بكەن. لە زەریایەكی خوێندا هاوارمان دەكرد، بەڵام ئاگاتان لێنەبوو.

بەڕێز عێراقی

كاتێك لە سۆراخ و چارەنووسی خۆشەویستەكانمان دەپرسی بە غروورەوە هاوڕەگەز و هاوخوێنەكەت عەلی حەسەن ئەلمەجید دەیگوت:"رەوانەی دۆزەخمان كردوون و بیئسەلمەسیڕ"،ئەو دۆزەخەیە كە بە من بە عێراق دەبەستێتەوە.

دەزانی ئەنفال چییە؟

وێنەكانی عومەری خاوەر و كۆرپەكەیت بینیوە؟ لە چ خەوێكی ئەزەلیدان دوای هەڵمژینی ژەهری كیمیایی كە بەرهەمی زانست و داهێنانی لەشكری عێراقە!

97 ساڵە دەنگبێژەكانمان ئازاری میللەتی كورد دەبێژن، شاعیرەكانمان رووحی پەرێشانی نەتەوەكەم دەنووسنەوە، نووسەران، شێوەكاران و هونەرمەندان ئەوەی دەیكەن و دەیگێڕنەوە هەر كۆچڕەو و گریانە، چونكە هاوارمان لە چیایەكانمان تێنەدەپەڕی.

من دوازدە فیلمم دروستكردووە یازدەیان باسی مەزلومیەتی كورد دەكەن، كتێبێكم نووسیوە هەموو لاپەڕەكانی باسی خەونی ئازادی دەكەن تێكەڵ بە دەنگی بۆمب و بۆردوومانەوە.

بەڕێز عێراقی

من كوڕەكەم لە تەمەنی كۆرپەكەی عومەری خاوەرە، دەمەوێت "ئازا"یەكەم نیشتیمانێكی ئازادی هەبێ و بیپارێزێ.

بەڕێز عێراقی

دوای 97 ساڵ ژیردەستی تۆ،كاتی ئازادی من هاتووە ئێستا،ئەمڕۆ. ئەگەر وڵاتەكەت داوای لێبووردن بكات لە ئەنجامدانی جینۆساید و ئەو هەموو تاوانانەی بەرامبەر ئێمە، حەزدەكەم میللەتەكەم لێتان ببوورێ، بەڵام داواشیان لێدەكەم كە هەرگیز ئەو مێژووە پڕ نەهامەتییە لەبیر نەكەن.

خودا حافیز

هونەر سەلیم



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە